قالیباف: نەوتەکەمان بە رێژەی %20 گرانتر دەفرۆشین
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند کە لە دوای هەڵگرتنی گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکا لە چوارچێوەی یاداشتی ئیسلام ئاباددا، وڵاتەکەی توانیویەتی زیاتر لە 40 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە بکات؛ جەختیشی لەوە کردەوە کە کۆنترۆڵکردنی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز تەنیا بەپێی رێکارەکانی تاران دەبێت و هەر پێشێلکارییەک لەلایەن ئەمریکا یان ئیسرائیلەوە بە توندی وەڵام دەدەنەوە.
سێشەممە 30ـی حوزەیرانی 2026، محەمەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا سەرنجی خستە سەر وردەکارییەکانی یاداشتی لێکگەیشتنی ئیسلام ئاباد و رایگەیاند، جەنگی سێیەمی سەپێندراو بەسەر ئێراندا جەنگێکی گشتگیر بوو لە رووی جوگرافی و سەربازییەوە، بەڵام ئێستا بەپێی رێککەوتنەکە گۆڕانکاریی گەورە رووی داوە.
قالیباف ئاماژەی بەوە دا، ئێران رووداوەکانی ئەم دواییەی کەنداو بە پێشێلکردنی ئاگربەست دەزانێت و گوتی: "ئێمە پابەندین بە جێبەجێکردنی یاداشتنامەکە، بەڵام هەر پێشێلکارییەک بە پەرچەکردار وەڵام دەدەینەوە، وەک ئەوەی لە بە ئامانجگرتنی بنکەکانی ئەمریکا لە کوەیت و بەحرەین رووی دا." سەبارەت بە گەرووی هورمزیش، جەختی کردەوە، دەبێت هاتوچۆی کەشتییەکان تەنیا بەپێی رێکار و رێکخستنەکانی ئێران بێت و هەر کارێکی دەرەوی رێککەوتنەکە قبووڵکراو نییە.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، بەڵێنی ئەمریکای بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی لوبنان بە سەرکەوتنێکی گەورە ناوبرد و گوتی: "ئەمریکا پابەند بووە بەوەی شەڕ لە لوبنان کۆتایی بێت و خەڵک بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان." ئاشکرایشی کرد کە لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان ئێران، ئەمریکا و لوبنان پێکهێنراوە بۆ چاودێریکردنی سەروەریی خاکی لوبنان و باڵیۆزی ئێرانیش نوێنەرایەتی تاران لەو لیژنەیەدا دەکات.
قالیباف رایگەیاند، ئیسرائیل بە توندی دژی رێککەوتنەکەی ئیسلام ئابادە و لە دوای واژۆکردنی، هێرشەکانی بۆ سەر لوبنان چڕتر کردبووەوە تاوەکو رێگری لە جێبەجێکردنی بکات. هەروەها ئاماژەی بە ناکۆکییەکانی ناو ئەمریکا کرد و رەخنەی لە مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گرت کە هەوڵی هاندانی وڵاتانی کەنداو دەدات دژی رێککەوتنەکە و دەیەوێت پرۆسەی ئاساییکردنەوە پەیمانی ئیبراهیم بەسەر لوبناندا بسەپێنێت، لە کاتێکدا یاداشتنامەی ئیسلام ئاباد سەربەخۆیی لوبنان دەپارێزێت.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دانوستان لەگەڵ ئەمریکای بە گفتوگۆ لەگەڵ دوژمنێکی نا راستگۆ وەسف کرد کە هەر کاتێک دەرفەتی بۆ بڕەخسێت خیانەت دەکات. گوتیشی: "سەردانەکەمان بۆ سویسرا تەنیا بۆ جێبەجێکردنی ئەو 5 مەرجە بوو کە لە رێککەوتنەکەدا هاتووە، نەک دانوستانی نوێ. ئێمە لەسەر مافەکانمان وەستاوین و ئەگەر لایەنی بەرامبەر پابەند نەبێت، ئامادەی جەنگین."
قالیباف، راشیگەیاند، ئێران بە تەواوەتی لە دانوستان لەگەڵ ئەمریکا بووەتەوە و گەیشتوونەتە 14 بەندی جێگیر، بەڵام "تاوەکو پێنج بەندی یەکەم جێبەجێ نەکرێن، ناچینە سەر جێبەجێکردنی خاڵەکانی دیکە."
هەروەها جەختی لەسەر پەیڕەوکردنی ستراتیژیی "کردار بەرامبەر کردار" کردەوە و رایگەیاند، هەر پێشێلکارییەک لە بەندی یەکەمی رێککەوتنەکە کۆتاییهێنان بە شەڕ لەلایەن ئەمریکاوە رووبدات، بە هەمان شێوە وەڵامیان دەبێت؛ ئاماژەی بەوەش دا، ئێران "دوو جار مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە" وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکانی تەلئەڤیڤ بۆ سەر لوبنان، چونکە لوبنان بەشێکە لە رێککەوتنی کۆتاییهێنان بە جەنگ.
سەبارەت بە بەندی چوارەمی یاداشتنامەکە، قالیباف روونی کردەوە کە ئەمریکا پابەند کراوە یەکسەر دەست بە هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی بکات و لە ماوەی 30 رۆژدا بە تەواوەتی کۆتایی پێ بهێنێت. ئاماژەی بەوەش دا کە لە شەوی 24ی حوزەیران کاتێک یاداشتنامەکەیان مۆر کرد، تاران مەرجی داناوە کە دەبێت ترەمپ هەمان شەو کۆتایی گەمارۆکە رابگەیەنێت، چونکە بەردەوامیی گەمارۆ لە کاتی ئاگربەستدا نایاساییە.
قالیباف، گوتیشی: "لەو کاتەی گەمارۆکە هەڵگیرا و دوژمن پاشەکشەی کرد، هاتوچۆی کەشتییە بازرگانی و تانکەرە نەوتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە دەریای عومان و گەرووی هورمز ئاسایی بووەوە."
سەرۆکی پەرلەمان جەختی لەسەر دەستکەوتە ئابوورییەکانی ئەم دواییە کردەوە و رایگەیاند: "لەو رۆژەوەی گەمارۆ دەریاییەکەمان هەڵگیراون تاوەکو ئەمڕۆ، ئێران توانیویەتی زیاتر لە 40 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردەی بازاڕەکانی جیهان بکات."
راشیگەیاند، لە دەقی یاداشتی لێکگەیشتنی نێوان واشنتن و تاراندا هاتووە کە تێپەڕبوونی کەشتییەکان بەبێ تێچوو تەنیا بۆ ماوەی 60 رۆژ دەبێت. روونی کردەوە کە ئەم بڕیارە لەسەر داوای وڵاتانی ناوچەکە و کەنداو بووە، بەتایبەتی بۆ ئەو کەشتییانەی کە بەهۆی هەڵگیرسانی جەنگ و داخرانی گەرووەکەوە لە ناوچەکەدا پەککەوتبوون.
قالیباف ئاماژەی بەوە دا سەروەریی گەرووی هورمز بە هاوبەشی لەنێوان ئێران و عوماندایە، بەڵام رێکخستنی هاتوچۆ و رێکارەکان تەنیا بەو شێوەیە دەبێت کە ئێران دیاریی دەکات. گوتیشی: "ئێمە لەگەڵ وڵاتانی کەناراوەکانی کەنداو ئاڵوگۆڕی بیروڕا دەکەین، بەڵام بڕیاردەر و جێبەجێکار لایەنی ئێرانییە."
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران جەختی لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕی وڵاتەکەی کردەوە و رایگەیاند: "ئێران لەژێر هیچ بارودۆخێکدا لە مافەکانی خۆی لە گەرووی هورمز کورت نایەت، چونکە ئەمە بەشێکە لە ئاوە نیشتمانییەکانی ئێمە و وەک مافێکی سەرەکیی خۆمان دەیپارێزین."
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا ڕایگەیاند، ئەو کەسانەی دەیانگوت هەڵگرتنی سزاکان تەنیا بەڵێنی سەر کاغەزن، ئێستا دەبینن کە سزاکان هەڵگیراون و ئێران نەوتەکەی بە نرخێکی 20% بەرزتر لە جاران دەفرۆشێت و داهاتەکەشی ڕاستەوخۆ دەچێتە سەر هەژمارە بانکییەکانی وڵات.
قالیباف ئەو دەنگۆیانەی ڕەت کردەوە کە دەڵێن ئەمریکا تەنیا مۆڵەتی داوە ئەو 12 ملیار دۆلارە ئازادکراوە بۆ کڕینی دانەوێڵە و گەنم لە جووتیارانی ئەمریکی بەکاربهێنرێت. گوتی: "ئەم دەنگۆیانە هیچ بنەمایەکیان نییە. بەپێی یاداشتنامەکە، لە کۆی 24 ملیار دۆلار سامانی ئێران لە وڵاتانی جیهان، بڕی 12 ملیار دۆلاری دەخرێتە ژێر دەستی بانکی ناوەندیی ئێران و دەتوانین هەر کاڵایەک بە هەر نرخێک و بە هەر جۆرە دراوێک لە هەر شوێنێکی جیهان بێت، پێی بکڕین."