لە ئیستانبوڵ 39 گومانلێکراوی داعش دەستگیرکران
هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە شاری ئیستانبوڵ ئۆپەراسیۆنێکی فراوانیان دژی گرووپێکی سەر بە رێکخراوی تیرۆریستی داعش ئەنجامدا و 39 کەسیان دەستگیرکرد کە تۆمەتبارن بە کۆکردنەوەی هاوکاری دارایی و بڵاوکردنەوەی بیری توندڕەوی.
بەپێی زانیارییەکانی پۆلیس، ئەم گرووپە کۆڕ و کۆبوونەوە و وانەی ئایینییان لە ناو کۆمەڵە و مزگەوتە بێ مۆڵەتەکاندا رێکخستووە. ئەوان لەژێر ناوی "زەکات و سەدەقە"، پارەیان لەو کەسانە کۆکردووەتەوە کە هاوسۆزی رێکخراوەکە بوون، تاوەکو وەک سەرچاوەی دارایی بۆ چالاکییەکانی داعش بەکاریبهێنن.
لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە، کەسێک بە ناوی ئۆرهان کوتچوک کە بە نازناوی (محەمەدی شۆفێر) ناسراوە، سەرکردایەتی ئەم گرووپەی کردووە. ئەو شۆفێرە لە رێگەی شوێنە نایاساییەکانەوە کاری کردووە بۆ راکێشانی گەنجان و بڵاوکردنەوەی گوتاری توندڕەوی دژی دەوڵەت و بەرپرسانی حکوومەت.
ئۆپەراسیۆنەکە بە هەماهەنگی نێوان نووسینگەی لێکۆڵینەوەی تاوانە تیرۆریستییەکان، بەڕێوەبەرایەتی دژەتیرۆر و دەزگای هەواڵگری ئیستانبوڵ ئەنجامدرا وە، هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر 43 ناونیشانی جیاواز، لەنێویاندا دوو مزگەوتی بێ مۆڵەت و لە کۆی 42 کەس کە فەرمانی دەستگیرکردنیان هەبوو، 39 کەسیان دەستگیر کرد.
لە کاتی پشکنینی شوێنەکاندا، دەست بەسەر بڕێکی زۆر کەرەستەی دیجیتاڵی و چەندین جۆر چەکدا گیرا، لەوانە، چەکی بێ مۆڵەت و 50 فیشەک، دوو چەکی سارد (کێرد و چەقۆ) و هەروەها درۆن، لەگەڵ چەندین ئامێری ئەلیکترۆنی کە ئێستا لەژێر پشکنینی ورددان.