هەڵمەتی گرتنی گەندەڵکاران کۆبوونەوەکانی پەرلەمان دوادەخات

پشووی وەرزی پەرلەمانی عێراق کۆتایی هات، بەڵام بەهۆی هەڵمەتی دەستگیرکردنی پەرلەمانتاران بە تۆمەتی گەندەڵی، پێشبینی دەکرێت کۆبوونەوەکان بۆ هەفتەی داهاتوو دوابخرێن و دۆخێکی ئەمنی باڵی بەسەر ناوچەی سەوزدا کێشاوە.

پەرلەمانی عێراق لە 1ـی حوزەیرانەوە چووەتە پشووی وەرزی یاسادانان و ئەمڕۆ چوارشەممە، 01ـی تەمموزی 2026، دوای یەک مانگ، پشووەکەی پەرلەمانی عێراق کۆتایی دێت. 

سروە محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان 24ـی راگەیاند، پشووی وەرزی یاسادانانی پەرلەمان کۆتایی هاتووە، بەڵام بەهۆی هەڵمەتی دژی گەندەڵکاران و ئەو دۆخەی لە عێراق دروست بووە، چاوەڕوان ناکرێت ئەم هەفتەیە پەرلەمان هیچ کۆبوونەوەیەک رێک بخات.

پەرلەمانتارەکە گوتیشی، دەستگیرکردنی 12 پەرلەمانتار بە تۆمەتی گەندەڵی نیگەرانیی لای ئەندامان دروست کردووە. نوێنەران پێیان وایە ئەم هەنگاوە لێدانە لە دامەزراوەی یاسایی پەرلەمان و نەدەبوو بەم شێوەیە بکرێت، چونکە بەهۆی ئەم 12 کەسەوە ناوی 329 پەرلەمانتارەکەی دیکە ناشیرین بووە.

هاوکات بەپێی بەدواداچوونەکانی کوردستان24، دۆخێکی ئەمنی و بێدەنگ باڵی بەسەر ناوچەی سەوز و شوێنی مانەوەی پەرلەمانتاراندا کێشاوە و کەمترین پەرلەمانتار لەو ناوچەیە دەمێننەوە. 

لە کاتی پشووەکەدا 12 پەرلەمانتار لە فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە تۆمەتی گەندەڵی و ساختەکاری دەستگیر کران. پێشبینی دەکرێت ژمارەیەک پەرلەمانتاری دیکەش لەسەر هەمان هۆکار دەستگیر بکرێن.

 بڕیارە هەفتەی داهاتوو پەرلەمان یەکەمین کۆبوونەوەی خۆی بکات و خوێندنەوە بۆ چەند پڕۆژەیاسایەک دەکرێت. 

پەرلەمانی عێراق ساڵانە دوو وەرزی یاسادانانی هەیە و لە نێوان هەر وەرزێکدا مانگێک پشوو دەدات. لە 1ـی حوزەیرانی ئەمساڵەوە پەرلەمان چووە پشووی وەرزی خۆیەوە و بڕیار بوو دوای یەک مانگ دەست بە کارەکانی بکاتەوە؛ بەڵام کۆتاییهاتنی ئەم پشووە هاوکاتە لەگەڵ گەورەترین هەڵمەتی دەستگیرکردن لە عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی. 

لە بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 28ـی حوزەیرانی 2026، هێزەکانی ئاسایش و دەزگای دژەتیرۆر بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانیان بەناوی "هەڵمەتی بەرەبەیان" دەست پێ کرد.

 لەم هەڵمەتەدا تاوەکو ئێستا 47 بەرپرسی باڵا و کەسایەتیی سیاسی دەستگیر کراون، لە نێویاندا 12 پەرلەمانتار هەن. بەپێی زانیارییەکان، ئەم ئۆپەراسیۆنە پشت بە دانپێدانانەکانی عەدنان جوومەیلی دەبەستێت، بەتایبەتی بۆ دەستگیرکردنی ژمارەیەک ئەندام لە فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان. 

بەهۆی ترس لە دەستگیرکردنی زیاتر، زۆرێک لە پەرلەمانتاران ناوچەی سەوزیان جێهێشتووە، ئەمەش وای کردووە دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمان لەم کاتەدا کارێکی زەحمەت بێت.