دەستەی مافی مرۆڤ: دەبێت سەروەریی یاسا جێگەی هەڕەشە بگرێتەوە

دوو ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە رەوتی هەڵوێست، سکاڵایەکی فەرمیان لە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ دژی عەلی حەمەساڵح تۆمار کرد، لە بەرانبەردا گوتەبێژی دەستەکەش دەڵێت، رێکاری یاسایی دەگرنەبەر و سکاڵاکە ئاراستەی داواکاری گشتی دەکەن.


تۆمارکردنی سکاڵا لە دژی عەلی حەمەساڵح

هەردوو پەرلەمانتاری رەوتی هەڵوێست سارا موحسین و سازگار فایەق، لە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان، سکاڵایەکی فەرمییان لە دژی عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی رەوتی هەڵوێست تۆمار کردووە. هۆکاری ئەمەش بۆ ئەو لێدوان و هێرشە ناڕەوایانە دەگەڕێتەوە کە لە رێگەی بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنییەوە ئاراستەی کردوون. 

هەردوو پەرلەمانتارەکە لە سکاڵاکەیاندا ئاماژەیان بەوە کردووە، عەلی حەمەساڵح بە روونی هەڕەشەی لێ کردوون و گوتوویەتی هەر ئەندامێکی رەوتەکە بڕوات یان رای سیاسیی خۆی بگۆڕێت، کەرامەتی دەشکێنن بۆ ئەوەی نەتوانێت بێتەوە ناو کۆمەڵگە.

سارا موحسین و سازگار فایەق پێیان وایە ئەم لێدوانە تەنیا هەڕەشە و توندوتیژییەکی دەروونی نییە، بەڵکوو پێشێلکارییەکی زەقی یاسا ناوخۆییەکان و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤە. هەروەها داوا لە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ دەکەن هەڵوێستی فەرمی و یاسایی خۆیان رابگەیەنن بۆ پاراستنی کەرامەت و ئاسایشی دەروونییان. 

ئەوان پێیان وایە بەکارهێنانی زمانی دەرکردن و سزادانی کۆمەڵایەتی دژی ئازادیی تاک و مافی سیاسی، زیانێکی گەورە بە ئاشتیی کۆمەڵایەتی و پرەنسیپەکانی دیموکراسی دەگەیەنێت.

 

"سکاڵاکە ئاراستەی داواکاری گشتی دەکەین"

لەسەر ئەم پرسە سلێمان موحسین، گوتەبێژی دەستەی مافی مرۆڤ لە میانی بەشداریکردنی گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 12:00، بە کۆڤان عیززەتی راگەیاند، بە فەرمی سکاڵای هەردوو پەرلەمانتارەکەیان وەرگرتووە. دووپاتی کردەوە بێ جیاوازی کار لەسەر هەموو سکاڵاکان دەکەن و لە چوارچێوەی یاسای ژمارە چواری ساڵی 2010ـی تایبەت بە دەستەکەیان، دۆسیەکە ئاراستەی داواکاری گشتی دەکەن. 

گوتەبێژەکەی دەستەی مافی مرۆڤ روونیکردەوە، دەبێت سەروەریی یاسا باڵادەست بێت نەک زمانی هەڕەشە و تەشهیر، بەتایبەتی کاتێک لەلایەن سەرکردەی حزبێک یان پەرلەمانتارێکەوە بەکار بهێنرێت. هەروەها ئاماژەی بە ماددەی 430 لە یاسای سزادانی عێراقی کرد تایبەتە بە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کەسانەی هەڕەشە لە ژیان و کەرامەتی مرۆڤەکان دەکەن. 

سلێمان موحسین نیگەرانیی خۆی نیشان دا لەوەی ئەم جۆرە زمانە توندە بووەتە هۆی دروستبوونی قۆناخێکی مەترسیدار لە هەرێمی کوردستان، جەختیشی کردەوە پێشتر دەستەکەیان پشتیوانیی لە خودی عەلی حەمەساڵح کردووە کاتێک سکاڵای هەبووە و ئێستاش بە هەمان بێلایەنییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی پەرلەمانتارەکان دەکەن.

 

دامەزراندن و کێشە ناوخۆییەکانی هەڵوێست

رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی بە سەرۆکایەتیی عەلی حەمەساڵح، یەکێکە لە جووڵانەوە سیاسییە نوێیەکانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2024 بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دروست بوو.

دوای راگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، کێشەی ناوخۆیی لە نێوان سەرکردایەتیی رەوتەکە و بەشێک لە کاندیدە دەرچووەکانیدا سەری هەڵدا. ناکۆکییەکان زیاتر لەسەر سوێندخواردنی یاسایی و ئەگەری گۆڕینی ئاراستەی سیاسیی پەرلەمانتارەکان بوو لە نێو پەرلەماندا. ئەمەش وای کرد عەلی حەمەساڵح لە لێدوانێکدا هۆشدارییەکی توند بداتە ئەندامانی رەوتەکەی ئەگەر بێتوو لادان لە بنەماکانیان بکەن و هەڕەشەی شکاندنی کەرامەتی لێ کردن.