تیمی پارێزەرانی لاهور : دادگای سلێمانی کار بە نووسراوەکانی دادگای پێداچوونەوە ناکات
تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی تیشکیان خستە سەر دۆخی یاسایی و تەندروستیی گیراوانی لالەزار و رایانگەیاند، دادگای سلێمانی لەژێر هەژموونی حزبیدا کار دەکات و رێگری دەکات لە ناردنی دۆسیەکان بۆ دادگای پێداچوونەوە؛ هاوکات داوایان لە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد بێنە سەرخەت بۆ پاراستنی سەروەریی یاسا.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 1ـی تەممووزی 2026، تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانییان ساز کرد و داوایان لە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد بێنە سەرخەت و بێدەنگی بشکێنن بۆ پاراستنی یاسا. ئاماژەیان بەوەش دا، نزیکەی 11 مانگە دۆسیەی گیراوانی لالەزار بەبێ چوارچێوەیەکی یاسایی، لەلایەن هێزێکی حزبییەوە دەستگیرکراون و وەک بارمتەی سیاسی ڕاگیراون.
تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی باسیان لەوەش کرد، بەهۆی ئەشکەنجەدانی نامرۆڤانەی جەستەیی و دەروونییەوە، تەندروستیی ئەو زیندانییانە لە دۆخێکی خراپ و مەترسیداردایە؛ ئەمەش پێشێلکردنی سەرجەم پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان، دەستووری عێراق و یاسای دادگای تاوانەکانە.
ڕاشیانگەیاند، 12 جارە دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان بە فەرمی داوای دۆسیەی لاهور و هاوڕێکانی دەکات، بەڵام دادگای سلێمانی تا ئێستا ئامادە نییە کار بەو نووسراوانە بکات، ئەمەش بێڕێزیکردنە بە دادگای پێداچوونەوە و بنەماکانی پلەبەندیی دادوەری.
ئاماژەیان بەوەش دا، جێهێشتنی دادگای پێداچوونەوە لەلایەن دادوەرانی سەر بە زۆنی سەوز، پرسیارێکی گەورە لەسەر ناسنامەی ئەوان دروست دەکات؛ کە ئایا ئەوان پابەندی بڕیاری لایەنێکی سیاسی دەبن یان بە ئەرکی دادوەریی خۆیان هەڵدەستن؟ لەکاتێکدا بەپێی ماددەی 35 لە یاسای دەسەڵاتی دادوەریی هەرێمی کوردستان (ژمارە 23ـی ساڵی 2007)، دادوەر دەبێت بێلایەن بێت، کاری حزبی نەکات و پارێزەری شکۆمەندیی یاسا بێت.
تیمی پارێزەرانی لاهور ڕاشیانگەیاند، ڕاگرتن و نەناردنی دۆسیەکان بۆ دادگای پێداچوونەوە، پێشێلکردنی سەرەتاییترین مافی دەستووریی هاووڵاتیان و بریکارەکانیانە، ئەمەش پێشێلکردنی بنەماکانی دادوەرییە و هاووڵاتیان بێبەش دەکات لە هەبوونی مەرجەعێکی دادوەریی باڵا بۆ پێداچوونەوە بە سزاکاندا.
هێمایان بۆ ئەوەش کرد، دروستکردنی بۆشایی یاسایی، کەڵەکەبوونی دۆسیەکان، نەناردنی دۆسیە بۆ دادگای پێداچوونەوە و درێژکردنەوەی ماوەی ڕاگرتنی نایاسایی تۆمەتباران بەبێ یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی ڕاگیراوانی لالەزار، پێشێلکردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤ و بنەماکانی یاسای دادگەرییە.
ئێمە وەک پارێزەران و یاساناسان ڕادەگەیەنین؛ پێویستە سەرۆک و ئەندامانی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان، هەروەها سەرۆک و ئەندامانی دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی، ئەرکی یاسایی خۆیان بۆ پاراستنی شکۆی داد و دادوەری جێبەجێ بکەن و پابەندی بێلایەنی بن.
هەر لەو کۆنفرانسەدا، دانا تەقیەدین گوتی: "دادگای سلێمانی لەژێر هەژموونی حزبیدایە." ئاماژەی بەوەش دا کە لاهور شێخ جەنگی ڕایگەیاندووە هەندێک لە زیندانییەکان مانیان نەگرتووە، بەڵام هەندێکی دیکەیان کە هۆڵەکەیان جیاوازە، لە ئەنجامی کەمتەرخەمیی دادگا مانیان گرتبوو. لای خۆشیانەوە وەک تیمی پارێزەران گوتی: "پێمان باش نییە لەم کاتەدا مان بگرن، چونکە بۆ باری تەندروستییان باش نییە."
دەشڵێت، لاهور هەموو ئاشتەواییەک ڕەت دەکاتەوە و دەیەوێت یاسا سەروەر بێت، لاهور گوتوویەتی: "تۆمەت خراوەتە پاڵم و دەبێت یاسا یەکلایی بکاتەوە."
لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەش دا، نزیکەی مانگێکە هیچ نووسراوێک لە سلێمانییەوە ڕەوانەی دادگای پێداچوونەوە ناکرێت، هەروەها ئەو دادوەرانەی دادگای پێداچوونەوەش کە سەر بەم زۆنەن، گەڕاونەتەوە بۆ سلێمانی.
شەوی 22ـی ئابی 2025، لە دەوروبەری هۆتێل لالەزار لە سلێمانی، شەڕێکی قورس لەنێوان هێزەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەسەرۆکایەتیی بافڵ تاڵەبانی و چەکدارانی سەر بە لاهور شێخ جەنگی روویدا.
لە دوای رووبەڕووبوونەوەیەک کە چەند کاتژمێرێکی خایاند، لاهور شێخ جەنگی و دەیان کەس لە لایەنگرانی دەستگیرکران. لە ئەنجامی ئەو پێکدادانەدا، چەندین کەس لە هەردوولا کوژران و بریندار بوون.