گۆتێرێز هۆشداریی لە لەناوچوونی ئۆنروا دەدات

ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرکەوە هۆشدارییەکی توندی لەبارەی دۆخی دارایی ئاژانسی نەتەوەیەکگرتووەکان غەوس و کارپێکردنی پەنابەرانی فەڵەستینی (ئۆنروا) راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، ئاژانسەکە گەیشتووەتە خاڵی داڕمان. 

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، بە پەلە بڕی 100 ملیۆن دۆلار بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجەی ئەم ئاژانسە دابین بکەن تا بتوانێت بەردەوام بێت لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی.

ئەمینداری گشتی لە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، هۆکاری ئەم قەیرانە مەترسیدارەی بۆ دوو خاڵی سەرەکی گەڕاندەوە، ئەوانیش بریتین لەو بەربەستەی ئیسرائیل لە ناوچە فەڵەستینییەکان خستوویەتیە سەر کارەکانیان، لەگەڵ کەمبوونەوەی بەرچاوی هاوکارییە داراییەکان لەلایەن وڵاتانی بەخشەرەوە.

ئەمریکا و سوید و چەند وڵاتێکی دیکە، بەهۆی تۆمەتەکانی ئیسرائیل بۆ سەر 12 کارمەندی ئاژانسەکە سەبارەت بە بەشدارییان لە هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەری حەماس، هاوکارییەکانیان راگرت، هەرچەندە زۆربەی وڵاتان دوای لێکۆڵینەوەکان هاوکارییەکانیان دەستپێکردەوە، بەڵام هێشتا کورتهێنانێکی گەورە لە بودجەدا ماوەتەوە.

ئۆنروا بەرپرسە لە بەڕێوەبردنی ژیانی نزیکەی 2.6 ملیۆن فەڵەستینی لە غەززە، کەناری رۆژئاوا، لوبنان، ئوردن و سووریا، خزمەتگوزاریی گرنگی وەک تەندروستی، خوێندن، خۆراک و پەناگە پێشکەش دەکات. بەڵام ئێستا بەهۆی نەبوونی بودجە، ئاژانسەکە ناچار بووە 20%ی کاتەکانی کارکردنی کەم بکاتەوە و مووچەی کارمەندانی ناوخۆیی ببڕێت.

ئامارەکان دەری دەخەن، دۆخەکە بۆ کارمەندانیش مەترسیدارە، بەو پێیەی لە تشرینی یەکەمی 2023ەوە 390 کارمەندی ئۆنروا لە غەززە کوژراون، هەروەها بۆ ساڵی 2025یش ئاژانسەکە پێویستی بە 3.3 ملیار دۆلارە، بەڵام تا ئێستا تەنیا 27%ـی ئەو بڕەی بۆ دابینکراوە.

گۆتێرێز جەختی کردەوە، ئۆنروا هێزی سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا و ئەو هەڵمەتانەی بۆ ناشرینکردنی ئاژانسەکە دەکرێن، ژیانی ملیۆنان کەس دەخەنە مەترسییەوە. راشیگەیاند، نەتەوە یەکگرتووەکان لێکۆڵینەوەی وردی کردووە و ئەو کارمەندانەی گومانیان لەسەر بووە دەرکراون، بۆیە پێویستە وڵاتان پشتگیری دارایی بکەن بۆ ئەوەی کارە مرۆییەکان نەوەستن و کارەساتی گەورەتر روونەدات.