بەرگریی ئێران: مووشەک و درۆنەکانمان هێڵی سوورن
سەرپەرشتیاری وەزارەتی بەرگریی ئێران ئاشکرای کردووە، لەم 60 رۆژەدا هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سەرجەم بەرەکاندا سەرقاڵی خۆ رێکخستنەوە دەبن، دەشڵێت "بەرنامەی مووشەکی و درۆنی کۆماری ئیسلامی هێڵی سوورن و بە هیچ شێوەیەک سازش و دانوستانیان لەسەر ناکرێت".
ئاژانسی ئێرنا ئەمڕۆ چوارشەممە 1ـی تەممووزی 2026 بڵاویکردووەتەوە، مەجید ئیبن رەزا، سەرپەرشتیاری وەزارەتی بەرگری و پشتیوانی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەندامانی لیژنەی ئابووری پەرلەمانی وڵاتەکەی باسی لە هەنگاوەکانی فراوانترکردنی پشتیوانی لە توانا بەرگرییەکانی کۆماری ئیسلامی کرد و ئاماژەی بە رۆڵی پیشەسازی سەربازیی لە بەهێزکردنی توانا سەربازییەکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران کردووە.
ئیبن رەزا لەگەڵ باسکردن لە جەنگ و رۆڵی هێزەکانی ئێران لە بەرەنگاربوونەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل و کۆنترۆڵکردنی دۆخی ناوخۆی وڵات، رایگەیاندووە، لە یەک کاتدا کۆماری ئیسلامیی ئێران تواناکانی لە هەردوو مەیدانی دانوستان و جەنگ سەلماندووە و دەڵێت" لە هەمانکاتدا دەتوانین بە گوێرەی پێویست وەڵامی بێ بەڵینی و بەڵێن شکاندنەکانی ئەمریکا بدەینەوە".
هەروەها ئاشکرای کردووە، لەم 60 رۆژەی جێبەجێکردنی لێکتێگەیشتنی و بەردەوامبوونی دانوستانەکان، هێزە چەکدارەکانی ئێران لە هەموو بەرەکان و لایەنەکاندا سەرقاڵی خۆ رێکخستنەوە و پەرەپێدانی تواناکانن.
سەرپەرشتیاری وەزارەتی بەرگریی ئێران رایگەیاندووە، تواناکانی بەرگری، مووشەک و درۆنەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران هێڵی سوورن و بە هیچ شێوەیەک دانوستان و سازشیان لەسەر ناکرێت، بەڵکو پەرەی زیاتریان پێدەدرێت.