ئێران ئامادەکارییەکان بۆ رێوڕەسمی ماڵئاوایی و بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی دەکات

ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەبردنی رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە مزگەوتی "موسەڵڵای ئیمام خومەینی" لە تاران بەردەوامە، کە بڕیارە بە چەند قۆناخێک و بە بەشداریی نێودەوڵەتی بەڕێوە بچێت.

لە حەوشەی مزگەوتەکەدا سەکۆیەکی گەورە بۆ دانانی تەرمی خامنەیی و ئەو کەسانەی لە هێرشەکەی 28ی شوباتدا گیانیان لەدەستداوە، جێگیر کراوە. ناوچەی رێوڕەسمەکە بە دیواری کۆنکرێتی دەورەدراوە و رێکارە ئەمنییەکان لە ئاستێکی زۆر بەرزدان، بە جۆرێک کە چوونە ناو ناوچەی سەکۆکە تا رادەیەکی زۆر سنووردار کراوە. هەروەها بەهۆی گەرما و کەشوهەواوە، سیستمی فێنککەرەوەی تایبەت لە حەوشەی مزگەوتەکە جێگیر کراوە بۆ پاراستنی ئامادەبووان لە تیشکی خۆر و گەرما.

بەگوێرەی خشتەی راگەیەندراو، بڕیارە سبەی هەینی، رێوڕەسمێکی یادکردنەوەی فەرمیی نێودەوڵەتی بۆ خامنەیی بە بەشداریی سەرۆکی وڵاتان، بەرپرسانی باڵا و سەرکردە ئایینییەکان بەڕێوە بچێت.
هەروەها چاوەڕوان دەکرێت رۆژی شەممە، 4ی تەممووز، لە کاتژمێر 6ی بەیانییەوە دوای ئەوەی هاووڵاتیان لە مزگەوتی موسەڵڵای ئیمام خومەینی رێزی خۆیان نیشان دەدەن بۆ رێبەری کۆچکردوو، رێوڕەسمەکانی بەخاکسپاردن دەست پێ بکات.

ئاماژە بەوەش کراوە دوایین رێوڕەسمی ماڵئاوایی و بەخاکسپاردنی خامنەیی، رۆژی 9ی تەممووز لە شاری مەشهەد بەڕێوەبچێت.

لە 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا بە هاوبەشی ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران و لە و هێرشەدا عەلی خامنەیی رێبەری باڵای پێشووی ئێران و ژمارەیەک سەرکردەی ئەو ولاتە کوژران.