شارەوانیی هەڵەبجە: دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران دەستپێدەکاتەوە

سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە رادەگەیەنێت، ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنی قۆناخێکی دیکەی دابەشکردنی زەوی تەواو بوون و بەمزووانە پرۆسەکە دەستپێدەکاتەوە. ئەم قۆناخە خێزانی شەهیدان، زیندانیانی سیاسی و فەرمانبەران دەگرێتەوە، کە نەخشە و دیزاینەکانیان بۆ ئامادە کراوە.

بەمزووانە قۆناخێکی دیکەی دابەشکردنی زەوی لە پارێزگای هەڵەبجە رادەگەیەندرێت، ئەمەش خەونی چەندین ساڵەی هەزاران خێزانی شەهیدان، زیندانیانی سیاسی و فەرمانبەران بۆ بەدەستهێنانی پارچە زەوییەک لە هاتنەدی و راستی نزیک دەکاتەوە.

سەلام بیلال، سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، ئامادەکاریی بۆ دەستپێکردنی قۆناخێکی دیکەی دابەشکردنی زەوی کراوە. تێیدا 575 پارچە زەوی بۆ خێزانی سەربەرزی شەهیدان و 718 پارچە بۆ ئەو زیندانییە سیاسییانە تەرخان دەکرێت کە فەرمانی ساڵی 2018ـیان هەیە.

سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە ئاماژەی بەوەش کرد، لە لیستی فەرمانبەران و مامۆستایانی ساڵی 2005دا، دوای ئەوەی 198 کەس زەوییان وەرگرت، 167 کەسی دیکە ماونەتەوە و چاوەڕوانی وەرگرتنی مافەکانیانن.

بیلال ئاشکراشی کرد، ئامادەکاری و نەخشەسازی بۆ دابەشکردنی قۆناخێکی دیکەی زەوی تەواو کراوە و لە چەند رۆژی داهاتوودا پرۆسەکە دەستپێدەکات.

گوتیشی، بە گشتی ناوی زیاتر لە 8500 فەرمانبەر بۆ وەرگرتنی زەوی گەڕاوەتەوە. سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە روونی کردەوە، پێویستییان بە 10000 پارچە زەوییە؛ بۆ ئەوەی 8500 پارچە بەسەر فەرمانبەران دابەش بکەن و 1500 پارچە زەویش بۆ قەرەبووکردنەوە تەرخان بکەن.

دەشڵێت، ئێستا چاوەڕێی تەواوکردنی رێکارەکانی کوژاندنەوەی زەوییە کشتوکاڵییەکانن بۆ ئەوەی بتوانن بەسەر فەرمانبەراندا دابەشیان بکەن.