ترەمپ: دەستبەرداری مووچەکەم بووم و ئەرکی سەرۆکایەتی لە پارە گەورەترە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کە وازی لە مووچەی ساڵانەی خۆی هێناوە و ئەرکی سەرۆکایەتی بۆ ئەو ئامانجێکی گەورەترە لە پەیداکردنی پارە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە راپۆرتە داراییەکان ئاشکرای دەکەن داهاتی ناوبراو لە ساڵی 2025دا گەیشتووەتە زیاتر لە دوو ملیار دۆلار.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "CNBC"، دۆناڵد ترەمپ لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە راپۆرتە داراییە نوێیەکانی گوتی: "من وازم لە مووچەکەم هێناوە و هیچ مووچەیەک لە حکومەتی فیدراڵی وەرناگرم." جەختیشی کردەوە کە وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی بۆ ئەو بە مەبەستی بەدیهێنانی ئامانجێکی باڵایە، نەک بۆ کۆکردنەوەی سامان.
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی پۆستەکەیەوە منداڵەکانی کەوتوونەتە دۆخێکی قورسەوە، چونکە هەر پڕۆژەیەک ئەجێبەجێ بکەن وەک تێکهەڵچوونی بەرژەوەندییەکان لەگەڵ ئیدارەی باوکیان سەیر دەکرێت. گوتیشی: "تەنانەت ئەگەر کۆمپانیایەکی شیرینەمەنیش بکڕن، تێچووی ئەو وزەیەی بۆ دروستکردنی شیرینەمەنییەکە بەکاری دەهێنن، پرسیار لەسەر گونجانی لەگەڵ سیاسەتەکانی من لە بواری وزەدا دروست دەکات."
بەگوێرەی راپۆرتە داراییەکانی ساڵی 2025، ترەمپ زیاتر لە 1.4 ملیار دۆلار داهاتی لە پڕۆژەکانی دراوە دیجیتاڵییەکان (کریپتۆ) دەستکەوتووە. تەنیا لە کۆمپانیای "وۆرڵد لیبێرتی فاینانشاڵ" کە خۆی و کوڕەکانی دایانمەزراندووە، زیاتر لە 500 ملیۆن دۆلاری بۆ گەڕاوەتەوە.
هەروەها لە راپۆرتەکاندا هاتووە، کە ترەمپ 635 ملیۆن دۆلاری لە فرۆشتنی دراوە دیجیتاڵیی (Meme coins) و 80 ملیۆن دۆلاری دیکەی لە رێککەوتن لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی میدیایی دەستکەوتووە. جگە لەوەش، چەندین ملیۆن دۆلاری لە رێگەی بەکارهێنانی ناوی "ترەمپ" لە لایەن گەشەپێدەرانی خانووبەرە لە دەرەوەی وڵات بۆ گەڕاوەتەوە.
ئاژانسی رۆیتەرز ئاماژەی بەوە کردووە، مەزندە دەکرێت خێزانی ترەمپ لەوەتەی گەڕانەوەی بۆ سەرۆکایەتی، لانی کەم 2.3 ملیار دۆلار قازانجیان لە وەبەرهێنەران دەستکەوتبێت.