قالیباف بۆ ترەمپ: خەمی 40 ملیۆن برسییەکەی وڵاتەکەت بێت نەک ئێران
محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، وەڵامێکی توندی ناڕاستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بەرپرسانی واشنتنی دایەوە سەبارەت بە لێدوانەکانیان لەسەر دۆخی ئابووریی ئێران و رایگەیاند، ئەمریکا هەوڵدەدات قەیرانە ناوخۆییەکانی خۆی بەسەر ئێراندا بسەپێنێت.
قالیباف لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی: "خەیاڵ بکە وڵاتەکەت زیاتر لە 40 ملیۆن هاووڵاتی هەبێت کە پشت بە هاوکارییە خۆراکییەکان دەبەستن، کەچی وڵاتێکی دیکە بە برسی وەسف بکەیت؛ ئەمە لێدوان نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ شاردنەوەی ئەو تەنگەژانەی خۆتان پێوەی گرفتارن."
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە درێژەی پەیامەکەیدا روو لە بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێت: "ئامۆژگارییەکانتان سەبارەت بە بەرنامەی هاوکاری خۆراکی (SNAP) بۆ خۆتان بپارێزن. سەرمایە و بڕیارەکانمان هی خۆمانن، ئێوە باشترە خەمی رێژەی کەمخۆراکی لە وڵاتەکەی خۆتان بێت."
پێشتر دۆناڵد ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "CNBC" رایگەیاندبوو، فشارەکانی سەر ئێران بوونەتە هۆی داڕمانی ئابوورییەکی توند و هەڵاوسان لەو وڵاتەدا گەیشتووەتە 300%. ترەمپ بانگەشەی ئەوەشی کردبوو، تاران مەرجەکانی بۆ دانوستان قبوڵ کردووە و پارە بلۆککراوەکانی بۆ کڕینی گەنم و گەنمەشامی لە ئەمریکا بەکاردەهێنێت.
ئێستا گفتوگۆ تەکنیکییەکانی نێوان هەردوو وڵات لەسەر پرسی پارە بلۆککراوەکانی ئێران لە دەرەوە و دۆخی گەرووی هورمز بەردەوامە. خاڵی سەرەکی ناکۆکییەکانیش لێرەدا ئەوەیە واشنتن جەخت دەکاتەوە دەبێت تاران ئەو پارانە تەنیا بۆ کڕینی بەرهەمی ئەمریکی بەکاربهێنێت، لە بەرامبەردا ئێران سوورە لەسەر ئەوەی کە مافی خۆیەتی بە ئارەزووی خۆی و لە هەرکوێیەک بیەوێت سەرمایەکانی خەرج بکات.