ئەمریکییەکان یادی 250 ساڵەی سەربەخۆیی وڵاتەکەیان بەرز رادەگرن
ئەمریکا یادی سەربەخۆیی دەکاتەوە و هاووڵاتییانیش شانازی بە ئازادی و پێشکەوتنەکانی وڵاتەکەیانەوە دەکەن، هاوکات لە واشنتن و سەرجەم شارەکاندا ئاهەنگی گەورە بەڕێوەدەچن.
ئەمڕۆ 250 ساڵ بەسەر راگەیاندنی سەربەخۆیی ئەمریکادا تێدەپەڕێت، بەو بۆنەیەشەوە لە سەرتاسەری وڵاتەکەدا چالاکیی جۆراوجۆر بەڕێوەدەچن. لە واشنتن و شار و ویلایەتەکانی ئەمریکا چەندان مانگە ئامادەکاری بۆ ساڵیادی دامەزراندنی وڵاتەکە دەکرێت.
تریستن مکڵێلن، هاووڵاتیی ئەمریکا لە ئیندیانا بە عیسا حەسەن، پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، "بۆ من رۆژی سەربەخۆیی واتە ئەمریکا وەک وڵاتێک دروست بوو، ئیمپراتۆرییەتێکی نەمرە و هەمیشە زیندووە. ئەمڕۆ ساڵیادی 250 ساڵەیە، بەڵام یادی 500 ساڵەش دەبێت و هەرگیز ناوەستێت".
گوتیشی، "ئێمە دەبێت شانازی بە ئەمریکاوە بکەین لەبەرئەوەی کۆمپانیاکانی وەک گووگڵ، مایکرۆسۆفت، مێتا و ئەپڵمان دروستکردووە. واتە توانای داهێنان لەلایەن ئەمریکاوە نەخشەی بۆ کێشراوە. ئەوەش لە سەردەمی نەوەی ئێمە روویداوە و دەمەوێت بڵێم تەکنەلۆجیا زۆر پێشکەوتووە. بازاڕی پشکەکانی ئەمریکا کۆنترۆڵی ئابووریی جیهانی کردووە، پێم وایە 98%ـی بازرگانیی جیهان بە دۆلارە. بۆیە زۆر شانازی دەکەم ئەمریکیم و ئەم وڵاتەم خۆشدەوێت".
مایکڵ میڵەر، هاووڵاتیی ئەمریکا لە کالیفۆرنیا دەڵێت "ئەو ئازادییەی لە وڵاتەکەدا هەیە بەرهەمی 4ـی تەممووزە. ئێمە دەبێت ئازادییەکەمان لە سەرووی هەموو شتێکەوە دابنێین، ئەگەر وا نەکەین، چیتر ئەو سەربەستییەمان نامێنێت و ئەمە باوکی دامەزرێنەرمان گوتوویەتی".
رۆز میڵەر، هاووڵاتیی ئەمریکا لە کالیفۆرنیا باس لەوە دەکات، "وەک باوەڕدارێکی کریستییان، بڕوامان وایە خودا ئەم نەتەوەیە و باوکانی دامەزرێنەری بەکارهێناوە بۆ دروستکردنی بەڵگەنامەیەک بۆ دابینکردنی مافەکان بە مافی تاکەکەسیشەوە، نەک کۆنترۆڵکردنیان لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە، چونکە خودا خۆی ئەو مافانەی پێ بەخشیوین. لە راستیدا دامەزرێنەرانمان درکیان بەمە کردبوو، ئەگەر کریستیانی باوەڕداریش بووبن یان نا، ئەوان لە بەڵێنی خودا تێگەیشتبوون. ئینجیل دەڵێت، خودا هەموو مرۆڤەکانی بە یەکسانی دروستکردووە، دامەزرێنەرانی وڵاتەکەمان ئەو راستییەیان لە دەستووردا چەسپاندووە و ئەوەش بەڕاستی نایابە. لە ماوەی ئەو 250 ساڵەدا تا ئاستێک توانیومانە بەو پەیامەوە پابەند بین."
ئامادەکارییەکان بۆ یادی 250 ساڵەی سەربەخۆیی ئەمریکا لەژێر سەرپەرشتیی کۆمیسیۆنی بێلایەنی (ئەمریکا 250) و هێزی ئەرکی کۆشکی سپی بەناوی (فریدەم 250) بەڕێوەدەچن.
ئەم یادە لە سەردەمی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپدایە، کۆمەڵێک چالاکیی گەورە لەخۆ دەگرێت، لەوانە نمایشی سەربازی، فڕینی فڕۆکە بەسەر ئاسمانی واشنتن و تەقاندنی گەورەترین یاریی ئاگرین لە مێژووی وڵاتەکەدا.
لە هەمان کاتدا لە یاریگەی (لۆس ئەنجلۆس مێمۆریەڵ کۆلیزیۆم) ئاهەنگێکی گەورەی خێرخوازی بەڕێوەدەچێت، هاوکات ملیۆنان هاووڵاتی لە سەرتاسەری ئەمریکا بەشداری لەم بۆنە نیشتمانییەدا دەکەن بۆ نوێکردنەوەی پابەندبوونیان بە بەهاکانی سەربەخۆیی و پێشکەوتن.
سەربەخۆیی ئەمریکا
لە 4ـی تەممووزی ساڵی 1776، 13 کۆلۆنییەکەی باکووری ئەمریکا بە فەرمی جیابوونەوەی خۆیان لە ئیمپراتۆرییەتی بەریتانیا راگەیاند. ئەم هەنگاوە دوای ململانێیەکی زۆری سیاسی و سەپاندنی باجی قورس هات بەسەر هاووڵاتییاندا، بەبێ بوونی هیچ نوێنەرێک لە پەرلەمانی بەریتانیا.
تۆماس جێفەرسۆن بە هاوکاریی سەرکردەکانی دیکەی وەک جۆرج واشنتن و بێنجامین فرانکلین، راگەیەنراوی سەربەخۆیی وڵاتەکەی نووسی. دوای راگەیاندنی سەربەخۆیی، جەنگی شۆڕشی ئەمریکا لە نێوان سوپای ئەمریکا بە سەرکردایەتیی جۆرج واشنتن و سوپای بەریتانیا دەستیپێکرد و تاوەکو ساڵی 1783 بەردەوام بوو.
لەکۆتاییدا جەنگەکە بە واژۆکردنی رێککەوتننامەی پاریس کۆتایی هات و بەریتانیا بە فەرمی دانی بە سەربەخۆیی ئەمریکادا نا. دواتر لە ساڵی 1787 دەستووری ئەمریکا داڕێژرا و حکوومەتێکی فیدراڵی دامەزرا.