پووتین کۆنترۆڵکردنی شارێکی ستراتیژیی ئۆکرانیای راگەیاند
ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا کۆنترۆڵکردنی شاری 'کۆستیانتینێڤکا'ـی ستراتیژی راگەیاند و ڤلۆدیمێر زێلێنسکیش بەڵێنی پەرەپێدانی چەکی پێشکەوتوو دەدات.
دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی سەرۆکایەتی رووسیا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، شارۆچکەی کۆستیانتینێڤکا بە تەواوی کۆنترۆڵ کراوە، جەختیشی کردەوە، ئێستا شارەکە بە تەواوی لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی رووسیادایە.
پێسکۆڤ گوتیشی، ڤلادیمێر پووتین سەردانی ناوەندێکی فەرماندەیی سوپای رووسیای کردووە، لەوێ گوێی لە راپۆرتێکی سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپا گرتووە و سوپاسی سەربازانی رووسیای کردووە، ئاماژەی بەوەش کرد، هێزەکانی رووسیا ئێستا کۆنترۆڵی تەواوی ناوچەی لۆهانسکیان لە رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کردووە.
لەم چوارچێوەیەدا، ئەنتۆن گرۆنیس، فەرماندەی سەربازی رووسیا رایگەیاند، هێزەکانی رووسیا لە ئێستا خەریکی ئۆپەراسیۆنی لەناوبردنی ئەو سەربازە دابڕاوانەی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیان، کە هەوڵدەدەن لەناو باڵەخانە و ژێرزەمین و پەناو پەسیوەکاندا لە کۆستیانتینێڤکا خۆیان بشارنەوە.
شاری کۆستیانتینێڤکا بە قەڵایەکی بەهێزی هێزەکانی ئۆکرانیا دادەنرا، هەروەها شارە گەورەکانی هەرێمی دۆنباس کە هێشتا لەژێر کۆنترۆڵی کیێڤدا ماونەتەوە بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
مۆسکۆ لە چوارچێوەی پێشڕەوییەکانیدا لە ناوچەی دۆنێتسک هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئەم شارەی دەدا، چونکە کۆستیانتینێڤکا یەکێکە لە کۆتا کۆسپەکانی سەر رێگاکان کە بەرەو شارە گەورەکانی کەراماتۆرسک و سلۆڤیانسک لە دۆنباس دەچێت، کە هێشتا لەژێر کۆنترۆڵی ئۆکرانیادان.
سەرۆکی رووسیا لە دیمەنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ سەرۆک ئەرکانی سوپاکەی دەرکەوت کە جلێکی سەربازیی پۆشیبوو، جەختی کردەوە، کۆنترۆڵکردنی کۆستیانتینێڤکا "گرنگییەکی ستراتیژی گەورەی" هەیە.
گوتیشی، هێزە چەکدارەکانی رووسیا لە سەرەتای ئەمساڵەوە کۆنترۆڵی 133 شارۆچکە و زیاتر لە 3 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە لە خاکی دۆنباس و نۆڤۆرۆسیایان کردووە.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو ناوچە ئەمنییە دابڕێنەرەی رووسیا کار بۆ دروستکردنی دەکات، فراوانتر دەبێت ئەگەر هێزەکانی کیێڤ بەردەوام بن لە بەئامانجگرتنی ژێرخانی رووسیا.
ڤالێری گیراسیمۆڤ، سەرۆک ئەرکانی سوپای رووسیا روونیکردەوە، هێزەکانی رووسیا تەنها 9 کیلۆمەتر لە شاری زاپۆریژیاوە دوورن، کە شارێکی گەورەیە لە باشووری ئۆکرانیا و پێش جەنگ زیاتر لە 700 هەزار کەسی تێدا دەژیا.
هەروەها ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، کیێڤ توانای هەیە بڕی پێویست لە چەکی پێشکەوتوو بەرهەمبهێنێت بۆ راگرتنی تواناکانی رووسیا.
زێلێنسکی رۆژی هەینی لە تێلێگرام رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ بەرپرسانی سەربازی، وەزیرانی حکوومەت و نوێنەرانی پیشەسازی بەرگری، جەختی کردووەتە سەر زیادکردنی بەرهەمهێنان لە چوارچێوەی هەردوو بەرنامەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) و مووشەک لە ئۆکرانیا.
زێلێنسکی ئاماژەی بەوەش کرد، رێنمایی داوەتە وەزارەتەکانی دەرەوە و بەرگری بۆ جەختکردنەوە لەسەر هاوکاری لەگەڵ ئەو هاوبەشانەی کە دەتوانن دارایی زیادە بۆ بەرهەمهێنانی چەک لە ئۆکرانیا دابین بکەن.
هەروەها باسی لەوەشکردووە، وەبەرهێنان لە بەرهەمهێنانی ناوخۆیی ئۆکرانیای بە وەبەرهێنان بۆ دەرکردنی رووسیا دانا، ئاماژەی بەوەشدا، جێبەجێکردنی پلانەکانی ئۆکرانیا پێشانی داوە کە دەکرێت توانای رووسیا بۆ هەڵگیرساندنی جەنگ لاواز بکرێت.
ئۆلیگ هریگۆرۆڤ، پارێزگاری ناوچەی سۆمی لە باکووری ئۆکرانیا رایگەیاند، هێرشێکی ئاسمانی گەورەی ڕووسیا بۆ سەر ناوەندی شارەکە، بووەتە هۆی کوژرانی لانیکەم سێ کەس و برینداربوونی کەسانی دیکە کە منداڵیشیان تێدایە.
هریگۆرۆڤ گوتیشی "هێرشەکە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی بەرز و فرۆشگایەک و شەقامێکی کردووەتە ئامانج، کە ژمارەیەکی زۆر خەڵکی لێبووە و منداڵیشیان تێدابووە".
لە شوباتی 2022، رووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا و بەشێکی خاکی ئەو وڵاتەی داگیر کرد، هەروەها دەیان هەزار کەس کوژراون و برینداربوون، ملیۆنان ئۆکرانیش ئاوارەی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بوون، لەسەرەتای جەنگەوە تا ئێستا دەیان دیلی سەربازییان ئاڵوگۆر کردووە.