شاسوار بە چاڤی لاند و براکەشی بە دوو مەحەبەی بەغدا قۆڵی خەڵکیان بڕیوە

سەدان خێزان لە بەغدا، کە یەکەی نیشتەجێبوونیان لە پڕۆژەکانی "مەحەبەی 1 و 2" کڕیوە و کە هی نزار عەبدولواحیدی برای شاسوار عەبدولواحیدە، یەکەکانی تەواو نەکراوە، کۆمپانیای جێبەجێکاریش پابەندی بڕیارەکانی دادگا نابێت. خاوەن مافەکان داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن دەستبەجێ کێشەکانیان چارەسەر بکەن.

شیڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، لە ساڵی 2019ەوە لەلایەن دەستەی گشتیی وەبەرهێنانی بەغداوە، مۆڵەت دراوەتە گرووپی کۆمپانیاکانی (خەیرات دۆرە) کە خاوەنەکەی نزار عەبدولواحیدە، بۆ دروستکردنی دوو کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون بە ناوەکانی (مەحەبەی 1 و مەحەبەی 2) لە ناوچەی سەیدییەی بەغدا. بەڵام دوای تێپەڕبوونی شەش ساڵ، پڕۆژەکان هێشتا تەواو نەکراون.

سەبارەت بە وردەکاریی زیانی کڕیاران، لە پڕۆژەی مەحەبەی 1دا هێشتا سێ باڵەخانە کە هێشتا دروست نەکراوە، بە نزیکەی 500 خێزان فرۆشراون. بەشێک لەو هاووڵاتییانە لەسەدا 30 بۆ 50 پارەکەیان داوە و بەشێکی دیکەشیان تەواوی پارەکەیان رادەست کردووە، بەڵام شوێنی باڵەخانەکان تا ئێستاش تەنیا زەوییە و هیچ کارێکی تێدا نەکراوە، هاوکات لە پڕۆژەی مەحەبەی 2 یشدا، سەرەڕای ئەوەی هاووڵاتییان لەسەدا 60ـی پارەکەیان داوە، تا ئێستا هیچ یەکەیەکی نیشتەجێبوون تەواو نەکراوە.

خۆپێشاندەران ئاماژە بەوە دەکەن، تا ئێستا زیاتر لە 10 جار خۆپێشاندانیان کردووە و سکاڵای یاساییان تۆمارکردووە. یەکێک لە خۆپێشاندەران بە کوردستان24ـی راگەیاند "لە ساڵی 2019ەوە شوقەمان تۆمارکردووە و پارەی تەواومان داوە، بەڵام چەندین جار بەڵێنی درۆمان پێدەدەن و دەڵێن سێ مانگی دیکە چاوەڕوان بن. دادگاش بڕیاری لەسەر کێشەکە داوە، بەڵام کۆمپانیاکە پابەندی بڕیاری دادگا نابێت و دەستەی وەبەرهێنانیش هیچ بەدواداچوونێک ناکات."

خۆپێشاندەرێکی دیکە گوتی "پێشتر داوامان لە حکوومەتەکانی کازمی و سوودانی کردووە، ئێستاش داوا لە سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و عەلی زەیدی دەکەین ئاوڕێکمان لێ بداتەوە. ئایا وەبەرهێنەر لە حکوومەت بەهێزترە؟ ئەم دواخستن و گەندەڵییە جۆرێکی دیکەیە لە تیرۆر."

یەکێکی دیکە لە هاووڵاتیانی ماف خوراو رایگەیاند، سەرجەم گرێبەستەکانیان لەلایەن نزار عەبدولواحیدەوە واژۆ کراوە، کە دەکاتە برای سروە عەبدولواحید وەزیری ژینگە، خۆپێشاندەران داوایان لە سروە کرد کە وەک وەزیر سوێندی خواردووە خزمەتی گەل بکات، بێتە دەنگ و رێگا نەدات براکەی مافی هاووڵاتییان بخوات.

هاووڵاتییەکی دیکە دەڵێت "من 130 ملیۆن دینارم داوە کە تەواوی پارەی شوقەکەمە، بەڵێنیان دابوو لە ماوەی یەک ساڵدا رادەستمان بکەن، بەڵام شەش ساڵە چاوەڕوانین و تاوەکوو ئێستا دروست نەکراوە."

پڕۆژەی چاڤی لاند

پڕۆژەی چاڤی لاند لە 30/5/2013 بەرووی گەشتیاران كرایەوە و  پڕۆژەی چاڤی گەشتیاری لە بناری شاخی گۆیژەیە و بە رووبەری  زیاتر لە 300 دۆنم زەوی كە نۆ هەزار كەس تێیدا پشكیان کڕیووە. كەمترین پشك لەو پڕۆژەیە یەك ملیۆن دینار و زۆرترین پشكیش 100 ملیۆن دینارە.

چاڤی لاند لەگەڵ دروستكردنیدا خەڵكێكی زۆر وەك خاوەن پشك بەشدارییان تێدا كردووە، بەڵام دوای چەند ساڵێک و پێنەدانی قازانج بەو خاوەن پشکانە، چەندین خۆپێشاندانیان کردووە سکاڵایان لە خاوەن پڕۆژەکە کرد کە شاسوار عەبدولواحیدە.

داخستنی چاڤی لاند  لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی باج

سێشەممە، 26ـی ئابی 2025، هاوڕێ بەختیار، بەڕێوبەری پشکنینی باج لە بەڕێوبەرایەتیی گشتیی باجەکان بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: پڕۆژەی چاڤی لاند لە ساڵی 2013 کرایەوە و بۆ ماوەی 10 ساڵ وەکوو هەموو پڕۆژەیەکی دیکەی هەرێمی کوردستان لە پێدانی باج بە حکوومەت بەخشرا، بەڵام لە دوای ساڵی 2023 دەبوو داهاتی ساڵانەی پڕۆژەکە و باجی حکوومەت لەکاتی خۆیدا ڕادەست بکات، تاوەکو ئێستا نەیکردووە.

هاوڕێ بەختیار گوتیشی: راستە پڕۆژەی چاڤی لاند لە پێدانی باج بەخشرابوو، بەڵام کۆمەڵێک بەرپرسیارێتی دیکە لەسەر خاوەنی چاڤی لاند هەبوو کە دەبوو لەکاتی خۆیدا جێبەجێیان بکات و نەیکردووە، کە بریتین لە:

1- باجی فرۆشراوەکان کە بریتییە لە پێدانی 10%ی داهاتی سەرجەم خواردنگە و یارییەکان و هەموو ئەو شتانەی کە لە پڕۆژەکە هەن بە حکوومەت، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بڕە پارەیەک لە کۆمپانیای چاڤیلاند نەنێردراوە.

2-کۆمپانیای چاڤی لاند پێویست بوو پەڕاوی ساڵانەی خۆی بە شەفافیەت بۆ بەڕێوبەرایەتی باج بنێرێت .

3- باجی کارمەند؛ پێویست بوو، کۆمپانیایی چاڤی لاند هەموو سێ مانگ جارێک دەبوو دەستەبەری کۆمەڵایەتی پێشکەش بەڕێوبەرایەتی باج بدات، بەڵام هەموو ئەو پارەیەیان بۆخۆیان هەڵگرتووە.

هاوڕێ بەختیار باسی لەوەشکردبوو، لەگەڵ ئەوەشدا کەسێک بە ناوی شاسوار عەبدولواحید کە خۆی بە خاوەنی کۆمپانیا و پڕۆژەی چاڤی لاند ناساندووە بانگەشەی ئەوەی دەکرد هەر بە ویست باج نادەم و هانی هاووڵاتییانی دەدات کە باج نەدەن، هەروەها سکاڵاشی تۆمار کرد دژی بەڕێوبەرایەتی باجەکان و لە دادگە سکاڵاکەی دۆڕاند.

یەکشەممە، 5ـی ئۆکتۆبەری 2025، لە بەڕێوەبەرایەتی جێبەجێکردنی دووی سلێمانی سەر بە وەزارەتی دادی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نزیکەی 60 موڵکی ناو پڕۆژەی گەشتیاریی چاڤی لاند لە شاری سلێمانی، لە ڕێگەی زیادکردنێکی ئاشکرا، بە بڕی زیاتر لە 91 ملیار دینار فرۆشران.