نیویۆرک تایمز نهێنی رێککەوتنی ئێران و ئەمریکا ئاشکرا دەکات
رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە راپۆرتێکدا ئاشکرای دەکات، سەرۆکی ئێران بە هەڕەشەی دەستلەکارکێشانەوە و هۆشداریدان لە داڕووخانی ئابووریی ئێران لە ژێر گەمارۆی دەریایی ئەمریکادا، هەروەها رۆڵی سەرەکیی هەبووە لە رازیکردنی رێبەری نوێی باڵای وڵاتەکە بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆی ئاشتی لەگەڵ واشنتن
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران، رۆڵێکی یەکلاکەرەوە و چارەنووسسازی هەبووە لە قایلکردنی موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران، بۆ قبووڵکردنی ئاگربەست و دەستپێکردنی دانوستانەکان لەگەڵ واشنتن. پزیشکیان بە روونی هۆشداریی دابووە رێبەری باڵا کە بەهۆی گەمارۆی دەریایی توندی ئەمریکاوە، ئابووریی ئێران لە لێواری داڕووخانی تەواودایە و هەڕەشەی کردبوو ئەگەر رێککەوتنەکە رەتبکرێتەوە، دەست لە پۆستەکەی دەکێشێتەوە.
هاوکات لەگەڵ گوشارەکانی سەرۆک کۆمار، پارێزگاری عەبدولناسر هیممەتی، پارێزگاری بانکی ناوەندی لە نامەیەکدا هۆشدارییەکی توندی دابووە بەرپرسانی باڵا و تێیدا رایگەیاندبوو، بەهۆی داڕووخانی دارایی و بەردەوامیی گەمارۆ دەریاییەکان، وڵاتەکە لە ماوەی چەند هەفتەیەکی کەمدا رووبەڕووی کەمیی خۆراک و پێداویستییە سەرەتاییە دەرمانی و پزیشکییەکان دەبێتەوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکەی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، لە ژێر کاریگەریی ئەم راپۆرتە ئابوورییە مەترسیدارانەدا، موجتەبا خامنەیی دواجار رەزامەندیی لەسەر ئەنجامدانی دانوستانەکان پیشاندا. رێبەری نوێ رایگەیاندبوو، ئەو لە رووی پرەنسیپەوە دژی ڕێککەوتنەکەیە لەگەڵ ئەمریکادا، بەڵام پاڵپشتی لێ دەکات ئەگەر لە لایەن ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەوە پشتڕاست بکرێتەوە.
دواتر ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران بە زۆرینەیەکی رەها بە 12 دەنگ پلانەکەی پەسەند کرد و رێگەی بە تیمی دانوستانکاری ئێران دا بچنە سەر مێزی گفتوگۆکان بە مەبەستی گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی بۆ لادانی سزاکان و کۆتاییهێنان بە جەنگ.