پەرلەمانتارانی کەنەدا: سیستمی حوکمڕانی و پێکەوەژیانی کوردستان وەک کەنەدا وایە

زیاد ئەبولەتیف ئەندامی پەرلەمانی كەنەدا لە پارتی پارێزگاران و ئەحمەد حوسێن پەرلەمانتار  لە پارتی لیبڕاڵ و سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمان لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ "کوردستان24" رایانگەیاند، کە هەرێمی کوردستان لە قۆناخێکی مێژوویی و پێگەیشتووی دیموکراسی و ئابووریدایە کە شایەنی پاڵپشتییە؛ ئاماژەیان بەوەش دا کە سیستمی فیدراڵی پێویستی بە سازش و لێکتێگەیشتنە و جەختیان کردەوە کە کەنەدا هەمیشە هاوبەش و پشتگیری مافەکانی گەلی کورد دەبێت.

کوردستان24: پێمخۆشە ئەوە بپرسم و دەمەوێت وەڵامێکی راشکاویش وەرگرم، لە سەردانەکەتان بۆ کوردستان، پەیامتان بۆ گەلی کورد چییە؟"

زیاد ئەبولەتیف: "سوپاس بۆ ئەم بانگهێشت و دیدارە، ئەمە دووەم جارە سەردانی کوردستان و هەولێر دەکەم، ئەوەی تاوەکو ئێستا بینیومانە پێشوازیکردن و وزەی خەلکی کوردستانە. پەیامەکەمان ئەوەیە، لەو باوەڕەدام ئێستا ساتێکی مێژووییە بۆ گەشەکردن و نیشاندانی ئەوەی ئەم هەرێمە شایەنە چییە هەیبێت، پیموابێت پێویستە ئەم دەرفەتە بقۆزرێتەوە. پەیامی من ئەمەیە."

 

کوردستان24: " ئەحمەد حوسێن ئێوە و حکوومەتی کەنەدا بە گشتی، چۆن ئەزموونی گەشەسەندن و سیاسیی هەرێمی کوردستان دەبینن؟"

ئەحمەد حوسێن: "سەرەتا، شەرەفمەندم لێرەم لە کوردستان24م سوپاس بۆ ئەم بانگهێشت و دیدارە. یەکەمجارە سەردانی هەرێمی کوردستان بکەم، دڵخۆشم لێرەم. لێرە پەرەسەندنێکی زۆرم بینیوە، لەبواری ئابووری و پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی، وەک هاوکارەکەم زیاد ئەبولەتیف گوتی، ئێستا ساتێکی مێژووییە، راستە لەم ناوچەیە ئاڵنگاریی زۆر هەن، بەڵام لەهەمان کات چەندین شتی باش لە ناوچەکە روودەدەن، زۆربەی ئەو شتە باشانەش لێرە روویانداوە و بەچاوی خۆم بینیومن، نەک تەنیا لەبواری دیموکراسییەت، بەڵکو گەشەسەندی ئابووریی بەهێز. هیواخوازم ئەم دەرفەتە زیاتر بقۆزرێتەوە و زیاتری لەسەر بنیاتبنرێت و ئەم گەشەسەندنە ئابوورییە کۆمەڵایەتییەش بەردەوام بێت."

 

کوردستان24: زۆر باشە ئەحمەد حوسێن، بە چ رێگەیەک کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەتوانێت سوود لە ئەزموونی حکومڕانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرێت؟"

ئەحمەد حوسێن:"پێموابێت هەمووکات دەتوانین لە یەکدییەوە فێربین، هەرێمی کوردستان چەندین دەرفەتی پێشکەشکردووە، بۆ ئەوەی بە تەواوی جیهانی پیشان بدات، سەرەڕای چەندین ئاڵنگاری، توانیویەتی شێوازەکانی حکومڕانی پێشنیازبکات بەجۆرێک توانای ئەوەی هەبێت ئابوورییەکەی بەرەوپێشەوە بچێت کۆمەڵگا گەشە بکات. هەروەها دەرفەتی بۆ کەنەدییەکانیش رەخساندووە، تاوەکو بێن زیاتر لەبارەی هەرێمی کوردستانەوە بزانن، زیاتر پێکەوە کاربکەن و بازرگانی و وەبەرهێنان بکەن، هەماهەنگییەک لەنێوانیان هەبێت هەردوولا لەڕووی ئابووری و وەبەرهێنانەوە براوە بن، لەگەڵ ئەوەشدا، دروستبوونی پەیوەندیی لەنێوان هەردوو حکوومەت."

 

کوردستان24: "پێتوایە دەکرێت دەرفەتی لەوشێوەیە هەبێت کۆمپانیا زەبەلاحەکانی کەنەدا بۆ وەبەرهێنان و بازرگانی بێتە کوردستان؟

ئەحمەد حوسێن: "ئێستا لە جاران زۆر زیاتر کەنەدا دەیەوێت بازرگانییەکەی فرەچەشن بکات و بازاڕی نوێ بۆ بەرهەم و خزمەتگوزارییەکانمان، هەروەها هاوبەشی نوێی بازرگانیش بدۆزێتەوە. بەم شێوەیەش دەتوانین بازرگانی و وەبەر‌هێنانێکمان هەبێت هەردوولا تێیدا براوە بن و ئابوورییەکەیان بەشێوەیەکی گشتی گەشە بکات. لە ماوەی رابردوو، رێککەوتنمان لەگەڵ ئەندەنووسیا و ئیکوادۆر واژۆکردووە، پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەوروپا و وڵاتانی ئاسیا قووڵکردوونەتەوە، ئێستا لە گفتوگۆ داین بۆ واژۆکردنی رێککەوتنێک لەگەڵ کۆمەڵەی وڵاتانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا، ئەندەنوسیاش ئەندامە تێیدا، بەڵام ئەو وڵاتە یەکەم وڵاتە رێککەوتنەکەمان لەگەڵ واژۆ کردووە و لە داهاتوودا لەگەڵ تەواوی وڵاتانی ئاسیا رێککەوتن واژۆ دەکەین. هیچ هۆکارێکیش نییە بۆ ئەوەی نەتوانین وەبەرهێنان و بازرگانیمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان زیاتر بکەین ، بەجۆرێک هەردوولا تێیدا براوە و سوودمەند بن. لەکۆتاییدا ئەمە هەمووی دەبێتە هۆی رەخساندنی هەلی کار و دەرفەتی ئابووری بۆ خەڵکی کوردستان، کاتێک تۆ شێواز و ستانداردێکی بەرزی ژیانت هەبێت، کە لە گەشەی ئابوورییەوە سەرچاوەی گرتبێت، ئەوکات خەڵکی بەگشتی دەتوانن ژیانێکی باشتریان هەبێت، لەهەمان کاتیش حکوومەت داهاتێکی دەبێت بۆ ئەوەی لە پڕۆگرام و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان خەرجی بکات. هەمیشە دەڵێم، ئەگەر نەتەوێت خەڵک سەرنجی لەسەر کێشە و پرسە کۆمەڵایەتییەکان نەبێت، دەبێت پارە لەو پڕۆگرام و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییانە خەرج بکەیت، باشترین رێگەش بۆ ئەمە، بوونی ئابوورییەکی بەهێزە."

 

کوردستان24:" زیاد ئەبولەتیف ، چ لایەنێکی هەرێمی کوردستان تۆی سەرسام کردووە و زۆر سەرنجی راکێشاویت؟"

زیاد ئەبولەتیف: "جگە لە خەڵکەکەی، جوگرافیا و ژینگەکەی سەرسامی کردم."

 

کوردستان24: بەس ئەوە؟

زیاد ئەبولەتیف:" دوێنێ گەشتێکی زۆر باشمان هەبوو، چووین بۆ بارزان، بینیمان سروشتی ئەو ناوچەیە چەندە جوانە، ئەگەر لەسەر ناوچەکە و مێژووەکەیت خوێندبێتەوە، لەگەڵ میژووی گەلی کورد پەیوەست دەبیت. هەزارەن ساڵە گەلی کورد لەسەر ئەم خاکە دەژین، لە زاگرۆسەوە و بەدرێژایی ناوچەکە تاوەکو ناوچەی فارس، کورد لەسەر ئەم خاکە ژیاوە. کاتێک بە ئۆتۆمبێل بەناو چیاکاندا دەڕۆشتین، دەمانبینی ئەو کۆمەڵگەنە لەو ناوچەیە چەندە جوانن دیمەنەکان چەند دڵرفێنن. من و هاوڕێکەم ئەحمەد لەسەر بنەمای چالاکییەکانی خەڵک، شێوازی ژیانیان، هەستمان بەوە کرد خەڵک گرنگییەکی زۆر بە سروشت و خاکەکەیان دەدەن، ئەمەش زۆر باشە. لەراستیدا جوانی سروشت لەوێیە، بەڵام دەبێت خەڵکەکەش بیپارێزن و گرنگیی پێبدەن. پێمانوایە ئەمە بەهایەی مەزنە، نەک تەنیا بۆ کەرتی گەشتیاری، بەڵکو بۆ لایەنی ئابووریش. دەکرێت حکوومەت سوودی لێوەرگرێت و لەسەر بنەمای جوانی سروشت پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دەرەوەش دروست بکرێت."

 

کوردستان24: "پرسیارێکی دیکەم بۆ تۆ هەیە، بە روانین لە ئەزموونی خۆبەڕێوەبەری و گەشەسەندن، لەو بڕوایەدای هەرێمی کوردستان ئەوەی نیشانداوە، کە شایەنی ئەوەبێت ببێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ؟"

زیاد ئەبولەتیف: "کاتێک سەیری هەڵوێست و رای دیاریکردنی چارەنووس دەکەیت لە هەر نەتەوەیەکدا، وەک کەس و لایەنێک لە دەرەوەی ئەو نەتەوەیە یەکەم شت لێی دەترسیت، ئەوەیە ئایا ئەو نەتەوەیە دەتوانێت بەشێوەیەکی گونجاو خۆی بەڕێوە ببات؟ ئایا دوای پێکهێنانی حکوومەت وەک هەرێمێکی خۆبەڕێوەبەر بە یەکگرتوویی دەمێننەوە؟ لەسەر بنەمای خوێندنەوەکانم و شارەزایی مێژوویم هەروەها ئەزموونیشم، ئەم پرسیارە مێشکی داگیرکردووم، ئایا ئەم نەتەوەیە دەتوانێت داهاتووی خۆی لەناو ئەو دەوڵەتەی شایەنییەتی دیاری بکات؟ هیچ گومانی تێدا نییە گەلی کورد، کە ملیۆنان کەسن و گەورەترین نەتەوەن دەوڵەتیان نییە، پرسیارەکە ئەوەیە، چۆن ئەم نەتەوە و کۆمەڵگە فراوانە، بەسەر چوار دەوڵەتدا دابەشکراون، سەرەڕای ئەوەش ژمارەیەکی زۆر کوردی تاراوگە لە وڵاتانی دەرەوە دەژین. چۆن ئەم دابەشبوونە یەکبخرێت و ببێتە دەوڵەتێک، ئەوە پرسێکی گرنگە."

 

کوردستان24: "بەڕێز ئەحمەد هەمان پرسیار بۆ ئێوە"

ئەحمەد حوسێن: "ئەگەر بگەڕێمەوە بۆ پرسیاری پێشوو، لە براکەم زیادت پرسی، من زۆر سەرسامبووم بە کوردستان، ئەمە یەکەم سەردانمە، بە ژینگەی هەرێمی کوردستان، دیمەنە ناوازەکان، جوانی خاکەکە و چۆنییەتیی گرنگیدانی خەڵک بە ژینگە و خاکی خۆیان سەرسام بووم، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە چەندە خەڵکەکە بە ژینگە و خاکی خۆیانەوە پابەندن، چەندە پابەندن بەو متمانەیەی بۆ گرنگیدان بە خاکەکەیان پێیاندراوە. لەبارەی ئەو گەشەسەندنەی هەرێمی کوردستان لە بواری دیموکراسی، یەکسانیی رەگەز، پەرەسەندنی ئابووری، فرە ئایینی و یەکترقبووڵکردن، پێکەوەژیان و فرەچەشنی بەدەستیهێناوە، بەڕاستی هەموو ئەمانە جێگەی شانازین. ئەمەش دەرخەری پێگەیشتوویی کۆمەڵگەیە و لە جیهاندا دەگمەنە. ئەمەش ئاستی پێگەیشتوویی چینی سیاسی هەرێمی کوردستان دەردەخات. بەڕاستی زۆر سەرسامی ئەوە بووم. داهاتووی ئەم هەرێمە و ئایا چ جۆرە حکوومەتێکیان دەوێت و بە چ جۆرێک دەیانەوێت لە چوارچێوەی عێراق بژین، ئەمە هەموو پەیوەستە بە گەلی عێراق و نەتەوەکانیی دیکەوە. بۆ من گونجاو نییە لەسەر داهاتوویان قسە بکەم، بەڵام دەبێت ئەمە بڵێم، لێرە لە هەرێمی کوردستان بە حکومڕانییەکەی، پێگەیشتوویی دیموکراسی، دەستڕاگەیشتن بە سەرکردایەتی و پەیوەستیی خەڵک و پابەندی خەڵک بە خاکەکەیانەوە سەرسامم. هەروەها سەرسامم بە پێگەیشتوویی سیاسی سەبارەت بە دیدگەی گشتگیری. ئەوەی لێرە هەیە وەکو کەنەدا وایە، چونکە لە کەنەدا ئازادیی ئایینی و سیاسیمان هەیە، ئازادیی میدیا و ئازادیی کەسیمان هەیە، هەمان شت لێرە دەبینم. جێگەی دڵخۆشییە لێرە ئەو شتانە هەیە، چونکە لەسەر ئاستی جیهان شتانێکی دەگمەنن و جێگەی شانازییە."

 

کوردستان24: "باشە، سوپاس، ئەحمەد، دەمەوێت ئەم پرسیارەت لێ بکەم چونکە ئێوە پێشتر وەزیر بوون، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەم ماوەیەی دوایی چەند پڕۆژە و دەستپێشخەرییەکی سترستیژیی راگەیاند، لەوانەش دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری و پڕۆژەی هەژماری من بۆ بەدیجیتاڵکردنی مووچە. هەروەها ئەنجامدانی چەندین پڕۆژەی تایبەت بە ژێرخانی هەرێمی کوردستان وەک بەنداو و رێگەوبان. هەڵسەنگاندنتان بۆ ئەم پێشکەوتنەی هەرێمی کوردستان چییە؟ ئایا ئەم پڕۆژانە بۆ درێژمەودا چ سوودێکیان بۆ کوردستان دەبێت؟"

ئەحمەد حوسێن: "زۆر باشە حکوومەت ئەم خزمەتگوزارییانەی بۆ خەڵک دابینکردووە، ژێرخانی بنیاتناوە و ئەم خزمەتگوزارییانەی پێشکەشی خەڵک کردووە، وەک بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان، کە بۆ خەڵک زۆر پێویستن. زیاد پێشتر لێرە بووە و ئێستەش جارێکی تر گەڕاوەتەوە، پەیامی هاوبەشمان ئەوەیە، پێزانینمان هەیە بۆ ئەو خزمەتگوزارییانەی بۆ خەڵک دابینکردووە و پەرە بە ژێرخان و رێگەوبان داوە، بینیم بەم دواییانە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رێگەیەکی نوێی کردەوە، بەڕاستی هەموو ئەمانە سەرسوڕهێنەرن. بەڵام پەیامی ئێمە بۆ خەڵکی کوردستان ئەوەیە، پێویست بەوە ناکات بە تەنیا ئەم کارانە بکەن، دەتوانن هاوبەشی دیکە بانگهێشت بکەن بۆ ئەوەی بە هاوبەشی و خێراتر کارەکان ئەنجام بدەن.”

 

کوردستان24: "وەک کەنەدا؟

ئەحمەد حوسێن: "بەڵێ، وەک کەنەدا بە نموونە، مەبەستم ئەوە نییە تەنیا حکوومەتەکان، بەڵکو کەرتی تایبەت، هیچ شتێک نییە ببێتە رێگر لەبەردەم وەبەهێنانی کەرتی تایبەت، دەکرێت کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت بێت هەلی کار بڕەخسێنن و خزمەتگوزاریی دیجیتاڵی پێشکەش بکەن، ئەمەش بۆ سوودی خەڵکەکەیە. ئەمە شتێکی باشە، پێموابێت بۆ کەنەدا و ئێوەش باشە، ئەمەش دەرفەتی ئابووری و خۆشگوزەرانی بۆ گەلی کورد و کەنەداش دەڕەخسێنێت. بەم شێوەیە، ئێوە گەشەسەندنەکەتان خێرا دەبێت و خزمەتگوزاری پێشکەشی خەڵکەکەتان دەکەن و ژێرخان دەبوژێننەوە، کارێکی باشە، بەڵام پێویست ناکات بەتەنیا ئەو کارە بکەن. ئێوە هاوڕێتان هەیە، کەسانێک هەن بەهای هاوبەش لەنێوانتان هەیە با پێکەوە کار بکەین."

 

کوردستان24: " زیاد ئەبولەتیف، با راستگۆبین ئێمە ئێستا کێشەمان لەگەڵ عێراق هەیە، با بە راشکاوی ئەم پرسیارەت لێ بکەم، بەغدا چەندین بەربەستی بۆ مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دروستکردووە، ئێوە ئەندامی پەرلەمانی کەنەدان، تێڕوانینی بەرپرسانی کەنەدا سەبارەت بە ملمانێی نێوان بەغدا و هەولێر چییە؟"

زیاد ئەبولەتیف: "لە کەنەدا سیستمێکی فیدراڵیمان هەیە.."

 

کوردستان24: "راستە، هەربۆیە ئەم پرسیارەم لێکردی"

زیاد ئەبولەتیف: "159 ساڵە، یەکی تەمموزی ساڵی داهاتوو  دەبێتە 160 ساڵ ئەو سیستمە هەیە، ئێمە کاروبارەکان لە 12 هەرێم بەدادپەروەری و یەکسانی بەڕێوەدەبەین، تێڕوانینی من و ئەحمەدی برام ئەوەیە، ئەو شێوازەی حکومڕانی لێرە دەکرێت هاوشێوەی کەنەدا بێت، چونکە پێویستت بەکاری زیاترە بۆ راگرتنی هاوسەنگی لە پەیوەندییەکان، هەر هەرێمێک سەرچاوە و دانیشتووان و کولتووری خۆی هەیە، هەندێک کات زمانی تایبەت بە خۆی هەیە، وەک هەندێک لە ناوچەکانی کەنەدای ئەتڵەسی و ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵاتی کەنەدا. ئێمە کۆمەڵگەیەکی فرە کولتووریمان هەیە، جگە لە خەڵکی رەسەنی وڵات 93 نەتەوەی جیاواز لە وڵاتەکە دەژین، هەموو ئەم جیاوازییانە لە رێگەی دەستوور لەلایەن حکوومەتی ناوەندییەوە بەڕێوەدەبرێن، ئەمەش بۆ ئەوەی هاوسەنگییەک هەبێت و پێکەوە وڵاتەکە بنیاتبنێن. گەیشتن بەمە کاتی زۆر و خۆڕاگریی ویستووە، پێویستی بەوەیە پڕۆسەی دیموکراسی بەشێوەیەکی گونجاو جێبەجێ بکرێت. ئێمە لەگەڵ سیستمی بەریتانی بەبەختین، پەیماننامەی ماگناکارتا و سیستمی پەرلەمانیی وێستمینیستەرمان بۆ ماوەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا لە کەنەدا لە پراکتیزەی بەردەوامداین لەسەر سیستمەکە. بەردەوام ئاڵنگاری هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر پرسیارم لێ بکەی، من پێت دەڵێم لامەرکەزییەت لە مەرکەزییەت تەندروستترە، چونکە تۆ پێویستت بەوەیە هەرێمەکە لەسەر بنەمای ئەوەی چ سەرچاوەیەکی هەیە، ببوژێتەوە و بەرەوپێشەوە بچێت. خەڵکی هەرێمەکە باشتر لە خۆیان تێدەگەن و دەزانن خاڵی لاواز و بەهێزیان کامانەن، جوگرافیا و مێژووی خۆیان دەزانن. لە سیستمی سیاسی ئەم ئاستە پێگەیشتوویی و تێگەیشتووییە گرنگە، بۆ ئەوەی وڵات و هەرێمێکی بەهێز بنیاتبنێیت. چونکە تاڕادەیەک هەموو هەرێمەکان و هەموو ناوچەکان پەیوەندییان پێکەوە هەیە و پەیوەستن پێکەوە، دەبێت پێکەوە بنیاتبنێن و لە هەموو ئاستەکان سوود لەو پەیوەندییەی نێوانیان وەرگرن. رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە 20 بۆ 25 ساڵی رابردوو بێ بەخت بووە، چونکە سەرانسەری ناوچەکە بە کێشەدا دەربازبووە، هێشتا لە کۆتایی رێگەکە هیچ رووناکییەک نابینرێت. ئەگەر هەر کەسێک لەلای خۆیەوە تێبینی بنووسێت و بۆ داهاتوو لە هەڵەکانی فێربێت، تێدەگات لەوەی پێویست ناکات بە رەچەتە و شێوازی رابردوو بەردەوام بیت، نابێت رێگە بدەیت مێژوو خۆی دووبارە بکاتەوە."

 

کوردستان24: " پاشە، زۆر سوپاس، ئەحمەد حوسێن با بگەڕێمەوە لای تۆ، لە گرژییە جیۆسیاسییەکانی ئەم دواییەی نێوان ئێران و ئەمریکا با بڵێین جەنگی نێوانیان، هەرێمی کوردستان بێلایەن بوو، بەڵام بەداخەوە لەلایەن لایەنەکانی دیکەوە هێرشیکرایەسەر، بەداخەوە ئەمەش قوربانی زۆری گیانی و ماددی لێکەوتەوە، قسەی ئێوە و هەڵوێستتان لەسەری چییە؟"

ئەحمەد حوسێن: "هەرگیز هێرشکردنەسەر خەڵلکی سڤیل هێرشکردنەسەر ژێرخانی خەڵکی سڤیل کارێکی دروست نەبووە، ئەگەر بگەڕێمەوە بۆ سەر پرسیاری پێشووت، دەمەوێت لە رێگەی ئێوەوە ئەمە بە بینەرەکانتان بڵێم، لە کەنەدا، وڵاتەکەمان تەمەنی 159 ساڵە و سیستمەکەی فێدراڵییە، هێشتا مشتومڕ لەنێوان حکوومەتی فێدراڵی و هەرێمەکان هەیە، ئەوان مشتومڕ و گفتوگۆیەکی تەندروست دەکەن لەسەر دەسەڵاتەکانی حکوومەتی فێدراڵ و دەسەڵاتی هەرێمەکان و شتی دیکەش، ئێمە لە داهاتوویەکی نزیک لە یەکێک لە هەرێمەکانمان ریفراندۆم بەڕێوەدەچێت، پرسەکەش ئەندامییەتییە لە سیستمی فێدراڵی، سەرەڕای ئەوەی هەندێک کەس حەز بەمە ناکەن بەڵام ئەوە بەشێکە لە خێزانی فێدراڵی، وەک چۆن ئەندامانی خێزان لەنێوانیان مشتومڕ و ناکۆکی هەیە، لە سیستمی فێدراڵیش بەهەمان شێوە، بەڵام لە کۆتایی هەمووان لە خێزانی فێدراڵین، هەوڵدەدەین کێشەکانمان لە رێگەی دیالۆگ و سازشەوە چارەسەر بکەین. هەندێک کات لە زۆربەی جیهان تێگەیشتنێکی هەڵە هەیە، کە دیموکراسی مەبەست لێی باڵادەستیی زۆرینەیە. نەخێر، دیموکراسی مانای ئەوە ناگەیێنێت، راستە زۆرینە لەپێشەوەن، بەڵام بەرپرسیارییەتیی زۆرینە ئەوەیە، رێز لە مافی کەمینەش بگرێت. دیموکراستی تەنیا بردنەوەی هەڵبژاردن نییە، بەڵکو مانای ئەوەیە، لەنێوان هەڵبژاردنەکان چی دەکەیت؟ ئایا رێزی کەمینە دەگریت؟ رێز لە سەروەریی یاسا دەگریت؟ رێز لە بەیەکسانی دابەشکردنی سەرچاوەکان دەگریت؟ رێز لە بەیەکسانی دابەشکردنی دەرفەتەکان دەگریت؟ ئایا بەرژدی و بە یەکسانی مامەڵە لەگەڵ هەموو هەرێم و لایەنەکان دەکەیت؟ ژن و پیاو و منداڵ و کەسانی بەتەمەن، هەمووان بە یەکسانی مامەڵەیان لەگەڵ دەکەیت؟ دیموکراسی بەبەهایە لێرە هەیە، پەرەی پێدەدەن، کرانەوەی ئابووری کرانەوەی دیموکراسی بەداوادا دێت، لەم گەشتەدا کەنەدا هاوبەشتانە. "

زیاد ئەبولەتیف: "شتێکی دیکە بۆ قسەکانی زیاد دەکەم، جیهانی رۆژئاوا لەوەدا سەرکەوتوو بووە، زۆرینە رێز لە کەمینە دەگرێت، لە هەرێمی کوردستان پێچەوانەکەی راستە، پێویستە فێربین و لەبەرچاوی بگرین."

 

کوردستان24: زیاد عبدوللەتیف، کەنەدا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چۆن لە مافە بنچینەییەکانی گەلی کورد دەڕوانێت؟"

زیاد عبدوللەتیف: "کەنەدا لە 35 ساڵی رابردوو شان بەشانی گەلی کورد وەستاوە، بەدرێژایی مێژوو لە هەر دۆخێکی مڕۆیی کەنەدا لەوێ بووە و هاوکاریی کردووە، چونکە ئێمە باوەڕمان بە دادپەروەری هەیە، لەو باوەڕەداین یەکێک لە کارەکانمان ئەوەیە، هەمیشە بەرگریی لە خەڵکی زوڵملێکراو و ستەمدیدە بکەین، ئیتر گرنگ نییە لە هەرکوێیەکی ئەم جیهانە بن. بەدڵنیاییەوە گومانی تێدا نییە، کورد رووبەڕووی جینۆساید و هێرش بووەتەوە، کیمیابارانکراوە و رووبەڕووی چەندین دۆخی خراپ و نەخوازراو بووەتەوە. ئەوەش بۆ گەلی کورد قورس بووە، مێژوویەکی سەخت و پڕ لە ئاڵنگارییان هەیە، کەنەدا هەمیشە لەو ساتە سەختانە ئامادە بووە، هیچ گومانی تێدا نەبووە هەڵوێستی کەنەدا لەو بارەیەوە روون بووە. ئەوەی ئێستا گرنگە ئەوەیە، کار لەسەر ئەوە بکەین مێژووی خۆی دووبارە نەکاتەوە. دەبێت رێگری لەو ساتە سەختانە بکەین روونەدەنەوە، ئەمە ئەو شتەیە کەنەدا رۆڵی تێیدا هەیە."

 

کوردستان24: با پرسیارێکی نافەرمیت لێبگەم، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەمووان دەزانین خواردنە لوبنانییەکان یەکێکن لەو خواردنە ناوازانەی لە جیهان هەن، وەک خواردنی ئیتاڵی و فەرەنسی چۆن بەناوبانگن، خواردنی لوبنانیش زۆر بەتام و بەناوبانگن لە ناوچەکە، ئەی خواردنی کوردیتان بەلاوە چۆنە ئایا بەتامە؟

زیاد عبدوللەتیف: " لەڕاستیدا، خواردنە کوردییەکان مێژووین، بەتایبەتی ئەوانەی لە ماڵەوە ئامادە دەکرێن، من سەرسامم بەو خواردنانەی لەماڵەوە دروست دەکرێن. چەندین خواردنگەی باش لە هەرێمی کوردستان هەن، خواردنەوەی لوبنانی لەگەڵ خواردنە سوورکراوە و برژاوە کوردییەکان پێشکەش دەکەن، خواردنی باشن. بەڵام بەگشتی لە زاخۆ دووجار من چێژم لە خواردنی دروستکراوی ماڵەوە وەرگرتووە، لە سەردانەکەی پێشووم و ئەم سەردانەی ئێستاشم مەبەستمە. بەڕاستی ئەو خواردنەی لە ماڵەوە دروستدەکرێت نایابە، گوندە کۆنەکانی لوبنانم بیردەهێنێتەوە. دڵخۆشم بەوەی کۆمەڵگەی کوردی ئەم نەریتەی پاراستووە."

 

کوردستان24: ئەی تۆ ئەحمەد حوسێن؟"

ئەحمەد حوسێن: " منیش هەمان بۆچوونم هەیە، ئەو خواردنە کوردییانەی لە ماڵەوە دروستدەکرێن باشترینن، بەڕاستی چێژم لە دۆڵمە بینی، دۆڵمەی کوردی نایابە، دوێنێ لە زاخۆ خواردمان. خواردنەکە هی ماڵی یەکێک لە هاوڕێ کوردە کەنەدییەکەمان بوو، خەڵکی زاخۆ بوو. ئێمەی بردە ئەوێ و ژەمێکی کوردی زۆر بەتام و خۆشمان خوارد."