ئاگادارییەک بۆ کڕیارانی هێلکەی خۆماڵی لە بازاڕەکاندا

لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان جۆرێک هێلکەی کێڵگە بەناوی هێلکەی کوردی و خۆماڵی دەفرۆشرێت، شارەزایان و بەرپرسانیش رێنمایی دەدەنە هاووڵاتییان بۆ ئەوەی بتوانن هێلکە راستەقینەکە بناسنەوە.

چەند رۆژێکە جۆرێک لە هێلکە بەناوی هێلکەی کوردی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بە هاووڵاتییان دەفرۆشرێت، هێلکەکە بەجۆرێکە جیاکردنەوەی لەگەڵ هێلکەی کوردی ئاسان نییە.

سەبارەت بەو پرسە و چۆنیەتیی کۆنترۆڵکردنی بازاڕی هێلکە، فیراس سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی گوت، "راستە ئەو هێلکەیە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان هەیە و بەناوی هێلکەی کوردی دەفرۆشرێت، بەڵام بۆ کۆنترۆڵکردنی و جیاکردنەوەی لەگەڵ هێلکەی راستەقینەی کوردی، دەبێت هاووڵاتییان و کڕیاران زۆر وردببنەوە و وریابن بۆ ئەوەی بتوانن جیایان بکەنەوە".

فیراس سدیق گوتیشی، "ئەگەر زۆر بە وردی سەرنج بدەیت دەتوانیت جیایان بکەیتەوە، چونکە هێلکەکە لەگەڵ هێلکەی کوردی لە کێش و قەبارەدا جیاوازترە". 

ئاماژەی بەوەش کرد، هەموو ئەو مریشکانەی لە کێڵگە پەلەوەرییەکانن مریشکی کوردی نین، بەڵکوو چەند جۆرێک لە مریشکی دیکە هەن، ئەو مریشکەی هێلکەکەی لە هێلکەی کوردی دەچێت لە کێڵگەکاندا زۆرن و بەشێک لە خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان بەناوی هێلکەی کوردییەوە دەیفرۆشن.

بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ دووپاتیشی کردەوە، هەموو هێلکەیەک لە کێڵگەکانەوە مۆر و رێکەوتی بەرهەمهێنان و بەسەرچوونی لێ دەدرێت، ئەو هێلکەیەی بەناوی هێلکەی کوردیشەوە دەفرۆشرێت هەمان مۆری هەیە، هەر بۆیە جیاکردنەوەی هێلکەکان لە یەکتری کەمێک قورسە.

هەر سەبارەت بەو پرسە، چەند خاوەنی کێڵگەیەکی پەلەوەر ئاماژە بەوە دەکەن، جیاکردنەوەی هێلکەکە بۆ ئەوان ئاسانە، بەڵام بۆ هاووڵاتییان سەختە. ئەوان دەڵێن بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بەرچاویان روون بێت، هێلکەی مریشکی کوردی و خۆماڵی رەنگی کاکاوییە، بەڵام ئەو هێلکەیەی بە ناوی هێلکەی کوردییەوە دەفرۆشرێت رەنگێکی بۆر و تێری هەیە، هەروەها بەهۆی ئەوەی بڕێکی زۆر ئالیک دەدرێت بەو جۆرە مریشکە، رەنگی زەردێنەکەی کاڵە و بۆنێکی ناخۆشی هەیە.

بەپێی ئامارەکان، 65 کیڵگەی پەلەوەر لە هەرێمی کوردستان هەن و رۆژانە 21 هەزار کارتۆن هێلکە بەرهەم دەهێنرێت. هەر کارتۆنێک 360 هێلکەی تێدایە، لە کاتێکدا پێویستیی رۆژانەی ناوخۆی هەرێمی کوردستان تەنیا حەوت هەزار کارتۆنە.