لە جۆڵەمێرگ کۆبوونەوەیەک بۆ گەشەپێدانی بازرگانی بەڕێوەچوو

بە مەبەستی کاراکردنی جووڵەی بازرگانی و چارەسەرکردنی کێشە گومرگییەکانی بەردەم دەروازە سنوورییەکان، ژوورە بازرگانییەکانی هەولێر، دهۆک، ورمێ و گەڤەڕ لە پارێزگای جۆڵەمێرگ کۆبوونەوە و جەختیان لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان پارچەکانی کوردستان کردەوە.

لە شارۆچکەی گەڤەڕی سەر بە پارێزگای جۆڵەمێرگی باکووری کوردستان، وۆرکشۆپێکی فراوان لەژێر ناوی "ناوەندی لۆجیستی سنووری هەکاری" لە رۆژانی 3 و 4ـی تەممووزی 2026 بەڕێوەچوو. لە کۆبوونەوەکەدا نوێنەرانی ژوورە بازرگانییەکانی هەولێر و دهۆک لە هەرێمی کوردستان، ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان و گەڤەڕ لە باکووری کوردستان بەشداربوون.

شوکری جەمیل، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی دهۆک، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، هەماهەنگی سێقۆڵی نێوان حکوومەت و زانست و کەرتی تایبەت کلیلی سەرکەوتنی هەر پڕۆژەیەکە. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم جۆرە کۆبوونەوانە رێگە خۆشکەرن بۆ ئەوەی سوود لە رەهەندە ستراتیژییەکانی ناوچە سنوورییەکان وەربگیرێت.

لای خۆشیەوە، جەعفەر نیکزاد، نوێنەری ژووری بازرگانی ورمێ، جەختی لەوە کردەوە کە داوایان لە ژوورە بازرگانییەکانی هەولێر و دهۆک کردووە هاوکارییان بکەن لە چارەسەرکردنی کێشە گومرگییەکان. نیکزاد گوتیشی: "پەیوەندیی نێوان خەڵکی ورمێ و هەرێمی کوردستان مێژووییە و دەمانەوێت لە رێگەی کاراکردنی بازاڕە سنوورییەکانەوە خەڵکی ناوچەکە سوودمەند بن."

هەر لەو چوارچێوەیەدا، رەشید مستەفا میرخان، ئەندامی ئەنجوومەنی ژووری بازرگانی هەولێر، تیشکی خستە سەر گرنگیی دەروازە سنوورییەکانی وەک "سەرزێری" و رایگەیاند کە کار دەکرێت بۆ ئەوەی ئەو ناوچانە ببنە ناوەندی گرنگی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و پیشەسازی.

هاوکات ساڵح ئۆزدەمیر، سەرۆکی ژووری بازرگانی گەڤەڕ، ئاماژەی بەوە کرد کە حکوومەتی تورکیا کار دەکات بۆ ئەوەی ئەم ناوچەیە ببێتە ناوەندێکی بازرگانی و گەشتیاری گرنگ، تاوەکو خەڵکی ناوچەکە بتوانن بە باشترین شێوە سوود لە زەوی و پێگەی جوگرافیی خۆیان وەربگرن.

ئەم کۆبوونەوەیە بە هەنگاوێکی گرنگ دادەنرێت بۆ نەهێشتنی ئاستەنگە کارگێڕی و گومرگییەکانی نێوان دەروازە سنوورییەکان و برەودان بە وەبەرهێنان لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان.