لە چین بە هۆی لافاوەوە 10 کەس گیانیان لەدەستدا و سەدان کەسیش بریندارن
لە ئەنجامی شەپۆلێکی توندی باوبۆران و لافاو کە ناوەڕاست و باشووری وڵاتی چینی گرتووەتەوە، 10 کەس گیانیان لەدەستدا و 275 کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەگوێرەی هەواڵێکی تەلەفزیۆنی فەرمی چین (CCTV)، چەند ناوچەیەک لە پارێزگای هوبێی لە ناوەڕاستی وڵات، رووبەڕووی کەشوهەوایەکی توند بوونەتەوە.
زریانەکە شارەکانی "هوانگشی و هوانگکانگ"ی گرتووەتەوە و بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 8 کەس.
ئاژانسی شینهواش رایگەیاندووە؛ تا بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 275 کەس لە ناوچەی هوانگچوو بریندار بوون، جگە لە بێسەروشوێنبوونی کەسێک و گواستنەوەی 408 دانیشتووی ناوچەکە بۆ شوێنی ئارام.
لە لایەکی دیکەوە، لە باشووری چین و بەتایبەت لە هەرێمی گوانگشی، بارانی بەخوڕ و لافاوی ناشی لە گەردەلوولی مایساک بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 2 کەس. دەسەڵاتدارانی شاری ناننینگ دوای هەرەسهێنانی چەند بەنداوێک بەهۆی گوشاری ئاوەوە، باری نائاساییان بۆ بەرزترین ئاست راگەیاندووە و تا ئێستا زیاتر لە 48 هەزار کەس لەو ناوچانە گواستراونەتەوە.
ئێستا تیمەکانی فریاگوزاری لە ناوچە جیاوازەکان بڵاوەیان پێکراوە و سەرقاڵی گەڕانن بەدوای رزگاربووان و گەیاندنی هاوکاریی بە لێقەوماوان.