سەرکردەیەکی کەجەکە: تورکیا لە مامەڵەکردن لە پرسی کورد جددی نییە
کەجەکە رایگەیاندووە، تورکیا تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی کردەیی بۆ پرۆسەی ئاشتی نەناوە و گومانییان هەیە ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنەوەی شەڕ بکات
مستەفا قەرەسوو، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)، لە چاوپێکەوتنێکیدا رایگەیاند، تورکیا لە مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی کورد "جدی نییە".
هەروەها قەرەسوو ئاشکرای کرد، لە 24ی ئایاری 2026ەوە هیچ دیدار و پەیوەندییەک لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان نەکراوە، ئاماژەی بەوەشکرد، ئۆجەلان رەشنووسێکی بۆ "یاسای چوارچێوە" پێشکەشی دەوڵەت کردووە، بەڵام تا ئێستا حکوومەت وەڵامی نەداوەتەوە و گۆشەگیرییەکەی توندتر کردووە.
هاوکات جەختیشی کردەوە، چارەسەرکردنی کێشەی کورد تەنیا بە "دانانی چەک" نابێت و ئەگەر دەوڵەت تەنیا وەک چەکدانان سەیری پرۆسەکە بکات، گەریلا و رێکخراوەکەیان قبوڵی ناکەن، قەرەسوو گوتیشی، لەکاتێکدا باس لە یاسای ئاشتی دەکرێت، هەندێک لە جووڵە ئەمنییەکانی دەوڵەتی تورکیا گومانی 'ئامادەکاری بۆ شەڕ' دروست دەکەن.
لە کۆتاییدا قەرەسوو ئاماژەی بەوەدا، ئەوان ستراتیژی خۆیان لە "شەڕی گەریلاوە" بۆ "سیاسەتی دیموکراتی" گۆڕیوە و ساڵی رابردوو بە سووتاندنی چەک لەلایەن 30 گەریلاوە ئیرادەی خۆیان بۆ ئاشتی نیشانداوە، بەڵام دەوڵەتی تورکیا تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی کردەیی بەرامبەر نەناوە.
رۆژی دووشەممە، 6ـی تەممووزی 2026، نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاند، هیوادارن پێش چوونی پەرلەمان بۆ پشووی هاوین، بابەتی یاسای پرۆسەی ئاشتی بە رێژەیەکی بەرچاو کۆتایی بێت بۆ ئەوەی تورکیا هەناسەیەکی ئارام هەڵبکێشێت.
سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەی بەوە کرد، پرۆسەکە نزیکەی 80%ـی کارەکانی تەواو بووە، جەختیشی کردەوە، ئەگەر خواستێک بۆ دانانی چەک لە ئارادا نەبووایە، هەرگیز هەنگاوی وا نەدەنرا، بەتایبەت دوای راگەیاندنی پەیامەکەی ئیمراڵی بۆ کۆتاییهێنان بە چەک و هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوەکە.
لە درێژەی قسەکانیدا سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا روونکردنەوەی دا لەسەر ئەو یاسایەی بڕیارە لەم چوارچێوەیەدا دەربچێت و گوتی، یاساکە تەنیا بۆ ماوەیەکی کاتی دەبێت و بە هیچ شێوەیەک تایبەتمەندیی لێخۆشبوونی گشتی وەرناگرێت.
روونیشی کردەوە، بڕیارەکە تەنیا ئەو کەسانە دەگرێتەوە چەک دادەنێن و دەگەڕێنەوە نێو ژیانی ئاسایی، بۆیە دەتوانن سوود لەو رێکخستنە یاساییە ببینن.
لە کۆتاییدا کورتوڵموش داوای لە هەموو لایەک کرد ئاگاداری زمان و لێدوانەکانیان بن، رێگەش نەدەن هیچ هەوڵێکی تێکدەرانە زیان بە پرۆسەکە بگەیەنێت.
هەوڵەکانی پرۆسەی ئاشتی
لە کۆتاییەکانی ساڵی 2024، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان کرد بچێتە پەرلەمانی تورکیا و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە رابگەیەنێت. ئەمەش بووە سەرەتای گەڕێکی نوێ لە دانوستانەکان و کردنەوەی دەرگایەک بۆ ئاشتی.
دواتر لە سەرەتای ساڵی 2025، ئۆجەلان لە زیندانەوە پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و تێیدا داوای چەکدانان و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریی کرد. وەک هەنگاوێکی هێمادار بۆ قبووڵکردنی پەیامەکەی ئۆجەلان، لە مانگی تەممووزی 2025 ژمارەیەک گەریلای پەکەکە لە ناوچەی شارباژێڕی سەر بە پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان سووتاند و وازیان لە شەڕ هێنا.
لە ئێستاشدا، پەرلەمانی تورکیا لە رێگەی لیژنەیەکی هاوبەشەوە کار لەسەر داڕشتنی یاسایەک دەکات بۆ رێکخستنی چۆنیەتیی چەکدانانی پەکەکە و گەڕانەوەی چەکدارەکان بۆ نێو ژیانی مەدەنی، هاوکات پرۆسەکە رووبەڕووی چەندین ئاستەنگی سیاسی و ئەمنی بووەتەوە لە ناوخۆی تورکیا و دەرەوەیدا.