یەکێتیی ئەوروپا: گرژییەکانی ئەمریکا و ئێران دانوستانەکان ئاڵۆزتر دەکەن

کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند، هێرشە نوێیەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، دانوستانەکانی کۆتاییهێنان بە جەنگ "ئاڵۆزتر دەکەن".

ئەمڕۆ چووارشەممە، 8ـی تەممووزی 2026، کایا کالاس لە پلاتفۆڕمی ئێکس، هێرشەکانی ئێرانی بۆ سەر بەحرەین و کوەیت بە "قبووڵنەکراو" وەسف کرد. ئاماژەی بەوەش کرد، رۆژی دووشەممەی داهاتوو وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا لەگەڵ هاوتاکانیان لە وڵاتانی کەنداو کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنی رێگاکانی پاراستنی ئازادیی گەشتکردنی دەریایی لە گەرووی هورمز و دەریای سووردا.

ئەم هەڵوێستەی یەکێتیی ئەوروپا چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە دێت کە مارک رووتە، ئەمینداری گشتیی هاوپەیامنی ناتۆ ستایشی سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای کرد بەرامبەر بە ئێران، رووتە راشیگەیاند، ئەمریکا تواناکانی ئێران لە بواری ئەتۆمی و مووشەکی بالیستیدا لاواز کردووە، ئەمەش بە گرنگ بۆ ئاسایشی ئیسرائیل، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمریکا و جیهان لەقەڵەم دا و رووی دەمی کردە ترەمپ و گوتی: "ئەوەی بەدەستانهێناوە بەڕاستی سەرکەوتنێکی گەورەیە."

هاوکات، دۆناڵد ترەمپ  لە پەراوێزی لووتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە بە رۆژنامەووسانی راگەیاند، "من نامەوێت لەگەڵ ئێران بگەمه هیچ رێککەوتنێک، لەگەڵ ئەم کەسانەدا، پێموایە رێککەوتنەکە کۆتایی هاتووە."

ئەمە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ چوارشەممە، فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، زنجیرەیەک هێرشی چڕیان کردووەتە سەر ناوخۆی ئێران. بە گوتەی ئەمریکا، لەو هێرشانەدا زیاتر لە 80 ئامانجی سەربازی پێکراون، لەوانە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی، بنکەکانی فەرماندەیی، رادارە کەنارییەکان و بەلەمە جەنگییەکانی سوپای پاسداران لە نزیک گەرووی هورمز. واشنتن دەڵێت؛ ئەم هەنگاوەی بۆ سزادانی تاران بووە، چونکە ئێران هێرشی کردووەتە سەر سێ کەشتی بازرگانی لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا.

لە وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکا، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، 85 پێگەی سەربازی ئەمریکای لە هەردوو وڵاتی بەحرێن و کوەیت کردووەتە ئامانج. ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم هێرشانە وەک وەڵامێک بووە بۆ پێشێلکردنی رێککەوتنی ئاگربەست لەلایەن ئەمریکاوە.