سوپای پاسداران: هاتوچۆی کەشتییەکان بە مۆڵەتی ئێمەیە
هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران، گەیەندراوێکی لەبارەی دۆخی ئەمنی گەرووی هورمز و چۆنیەتی رێکخستنی هاتوچۆی دەریایی لەو ناوچەیەدا بڵاوکردەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 9ـی تەممووزی 2026، هێزی دەریایی سوپای پاسداران لە راگەیەندراوەکەدا، هێزەکانیان "وەڵامێکی کوشندەی دەستدرێژییەکانی سوپای ئەمریکایان داوەتەوە."
سەبارەت بە دۆخی ئێستای گەرووی هورمز، لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "هێزەکانی سوپای پاسداران لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا، توانیویانە بە تەواوی کۆنتڕۆڵ و ئاسایشی گەرووی هورمز بکەن و بە شێوەیەکی پلەبەندی گەرووەکە بکەنەوە."
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لە ئێستا رێژەی هاتوچۆی کەشتییەکان گەیشتووەتە نزیکەی %50ـی قۆناخی پێش دەستپێکردنی جەنگ، ئەم رێژەیەش لە بەرزبوونەوەدایە بۆ ئەو کەشتییانەی کە پابەندی رێکارە ئەمنییەکان دەبن و مۆڵەتی فەرمی لە هێزی دەریایی سوپای پاسداران وەردەگرن بۆ تێپەڕین لەو رێڕەوانەی کە کۆماری ئیسلامی دیاریی کردوون.
سوپای پاسداران لە کۆتایی راگەیەندراوەکەیدا هۆشداری توند دەداتە هێزە دەرەکییەکان و رایدەگەیەنێت "بێگانەکان هیچ پشکێکیان لەم خاکە و لە گەرووی هورمزدا نییە." هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، هەر جۆرە دەستوەردانێک یان سەرکێشییەکی سوپای ئەمریکا لە دیاریکردنی رێڕەوی هاتوچۆدا، نەک تەنها رووبەڕووی وەڵامێکی توند دەبێتەوە، بەڵکو پڕۆسەی هێواش و پلەبەندی کردنەوەی گەرووەکەش پەکدەخات، ئەمەش زیانێکی گەورە بە بەرژەوەندیی ئەو وڵاتانە دەگەیەنێت کە گەرووی هورمز بۆ بازرگانی بەکاردەهێنن.
ماوەی دوو رۆژە شەڕ و ئاڵۆزی لەنێوان هێزەکانی ئەمریکا و ئێران دەستی پێکردووەتەوە، کە ئەمڕۆ سێنتکۆم رایگەیاند، شەوی رابردوو 90 پێگەی ئێرانیان بۆردومان کردووە.