ئەنجوومەنی باڵای دادوەری: گەندەڵکاران پارەکان بگەڕێننەوە سزاکانیان سووک دەبێت

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق روونکردنەوەیەکی نوێ لەبارەی دۆسیەی "دزی سەدە" و گەندەڵی دارایی بڵاودەکاتەوە و رایدەگەیەنێت، ئامانجی ئەوان گەڕاندنەوەی پارەی دەوڵەتە و بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەن بەپێی یاسای لێبووردنی گشتی، سزای ئەو تۆمەتبارانە سوک بکەن کە پارەکان دەگەڕێننەوە.

رۆژی هەینی، 10ی تەممووزی 2026، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند، لە رێگەی دادگا تایبەتمەندەکانەوە کار بۆ دوو ئامانجی سەرەکی دەکەن؛ یەکەمیان لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران و دووەمیشیان گەڕاندنەوەی پارەی دەوڵەت. ئاماژەی بەوەش کردووە کە بەپێی دەستوور و یاسا، دەکرێت رێوشوێنە یاساییەکان یان سزاکان دژ بە تۆمەتباران سوک بکرێن ئەگەر پارە دزراوەکان رادەستی دەوڵەت بکەنەوە، ئەم شێوازەش لە دۆسیەی  (دزی سەدە) پەیڕەو کراوە.

لەبارەی دۆسیەی نوور زوهێر و "دزی سەدە":

ئەنجوومەنی باڵای دادوەری روونی کردووەتەوە، کۆمپانیا بیانییەکان 5%ی تێچووی پڕۆژەکانیان وەک بارمتە (ئەمانات) لای دەستەی باج دادەنێن، بەڵام چەند کۆمپانیایەک بە رێگەی نایاسایی ئەو پارەیەیان راکێشاوە. لەسەر ئەم بنەمایە، رێککەوتن لە نێوان سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەریی و سەرۆکوەزیرانی پێشوو کرا بۆ ئازادکردنی "نوور زوهێر" بە کەفالەت، بەو مەرجەی پارەکان بە قیست بگەڕێنێتەوە.

تا ئێستا بڕی 365 ملیار دینار لە کۆی 1,618,370,882,000 ترلیۆن دینار کە لای کۆمپانیاکانی نوور زوهێر بووە، گەڕێندراوەتەوە. ئەم بڕە پارەیەش بەشێکە لە کۆی گشتی 3,831,370,882,000 (3 تریلیۆن و 831 ملیار) دینار کە لە بانکی رافیدەین راکێشراوە. ئەنجوومەنەکە دەڵێت، دوای ئەوەی تۆمەتبارەکە سەفەری دەرەوەی کرد و گەڕاندنەوەی پارەکەی راگرت، سزای 10 ساڵ زیندانی غیابی بۆ دەرچوو و دۆسیەی وەرگرتنەوەی لە رێگەی ئینتەرپولەوە کارا کراوە.

یاسای لێبووردنی گشتی و تۆمەتبارانی دیکە:

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، پارێزەری نوور زوهێر داوای کردووە یاسای لێبووردن بیگرێتەوە بەرامبەر گەڕاندنەوەی تەواوی پارەکان، دادگاش چاوەڕێی رەزامەندی وەزارەتی دارایی دەکات. هاوکات 12 فەرمانبەری دەستەی باج بە شێوەی ئامادەیی سزای زیندانییان بۆ دەرچووە و ئێستا لە زیندانن، ئەوانیش دەکرێت لێبووردن بیانگرێتەوە ئەگەر قەرەبووی دارایی بدەن.

هەروەها سزای زیندانی بۆ بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی پێشوو و چەند راوێژکارێک دەرچووە و فەرمانی گرتنی نێودەوڵەتییان بۆ دەرکراوە. لەبارەی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشووش، ئەنجوومەنی دادوەری رایگەیاندووە کە لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا کراوە و بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست، دۆسیەکەی داخراوە.

دۆسیەی پاڵاوگەکانی باکوور و پلانێکی نوێ:

لە بەشێکی دیکەی روونکردنەوەکەدا هاتووە، سەبارەت بە دۆسیەی کۆمپانیای پاڵاوگەکانی باکوور و تۆمەتبار "عەدنان جومەیلی" و ژمارەیەک پەرلەمانتار، هەمان رێوشوێن دەگیرێتەبەر ئەگەر تاوانەکانیان پێش دەرچوونی یاسای لێبووردن بێت و پارەکان بگەڕێننەوە. ئەنجوومەنی دادوەری ئاشکرای کردووە کە لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کار دەکەن بۆ داڕشتنی "نەخشەڕێگەیەک" تاوەکو پارەی دەوڵەت بگەڕێندرێتەوە بەرامبەر سوککردنی رێوشوێنە یاساییەکان بۆ ئەو کەسانەی بە ویستی خۆیان پارەکان دەدەنەوە.