راپۆرتێک: تورکیا سیستەمی S-400 بە وڵاتێکی کەنداو دەفرۆشێت

کێشەی سیستەمی بەرگریی S-400ـی رووسی کە ساڵانێکە پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و واشنتنی ئاڵۆز کردووە، بەرەو چارەسەرێکی یەکلاکەرەوە دەچێت. بەپێی زانیارییەکان، تورکیا بڕیاری داوە سیستەمەکە بە وڵاتێکی کەنداو بفرۆشێت، ئەمەش وەک کلیلێک بۆ هەڵگرتنی سزاکانی "کاتسا" و کردنەوەی دەرگای هاوکارییە سەربازییەکان لەگەڵ ئەمریکا تەماشا دەکرێت.

هەینی 10ـی تەممووزی 2026، رۆژنامەی حوریەت بڵاوی کردووەتەوە، تورکیا لەگەڵ وڵاتێکی کەنداو کە پێدەچێت قەتەر یان ئیمارات بێت گەیشتووەتە رێککەوتن بۆ فرۆشتنی سیستەمە رووسییەکە و بڕیارە ئەمڕۆ بە فەرمی رابگەیەنرێت. ئەم بڕیارەی ئەنقەرە دوای گڵۆپە سەوزەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دێت بۆ هەڵگرتنی سزاکانی "کاتسا" (CAATSA).

رۆژنامەکە ئاماژەشی داوە، هەڵگرتنی سزاکان، وەرگرتنی بزوێنەری فڕۆکەی کاین و کردنەوەی دەرگا بۆ کڕینی فڕۆکەی F-35 لە خۆ دەگرێت.

رۆژنامەی حوریەت باسی لەوەش کردووە، هۆکاری سەرەکیی خواستی وڵاتانی کەنداو بۆ کڕینی S-400، بۆ ئەو شۆکە دەگەڕێتەوە کە لە هێرشەکانی ئەم دواییەی ئێران و ئیسرائیل تووشی بوون، چونکە هەستیان کردووە سیستەمە ئەمریکییەکان ناتوانن بەتەواوی پارێزگارییان لێ بکەن.

ئەم هەنگاوەی ئەنقەرە بۆ فرۆشتنی S-400 نەک تەنیا کێشەیەکی گەورە لەگەڵ واشنتن چارەسەر دەکات، بەڵکو قازانجێکی دارایی باشیش بۆ گەنجینەی دەوڵەت دەگەڕێنێتەوە و پێگەی تورکیا وەک یاریزانێکی ستراتیژی لە نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوادا بەهێزتر دەکات.

هەروەها دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی رووسیا (کرێملن)، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی رۆیتەرز، پرسی فرۆشتنەوەی سیستەمی مووشەکیی S-400ـی رووسی لەلایەن تورکیاوە بە وڵاتێکی کەنداو بە "بابەتێکی ئێجگار هەستیار" وەسف کرد.

پێسکۆڤ جەختی کردەوە، مۆسکۆ لەسەر ئەم پرسە لە پەیوەندی چڕدایە لەگەڵ لایەنی تورکی و بەردەوام دەبن لە گفتوگۆکانیان، ئەمەش دوای ئەوەی رۆژنامەی "حوریەت"ی تورکی بڵاوی کردەوە کە ئەنقەرە بە مەبەستی رازیکردنی واشنتن بۆ هەڵگرتنی سزاکان، دەیەوێت ئەو سیستمە بە وڵاتێکی کەنداو بفرۆشێت.

ئەم وەرچەرخانە دیپلۆماسییەی تورکیا لە کاتێکدایە کە ئەنقەرە دەیەوێت لە رێگەی فرۆشتنی سیستەمە رووسییەکەوە، کۆتایی بە سزاکانی ساڵی 2020ی ئەمریکا بهێنێت و جارێکی دیکە بگەڕێتەوە ناو پڕۆژەی فڕۆکەی پێشکەوتووی F-35 و بزوێنەری فڕۆکەی "کاین" بەدەستبهێنێت.

تورکیا سیستەمی S-400ـی رووسی لە ساڵی 2017 بە بەهای 2.5 ملیار دۆلار کڕ، بووە هۆی تەقینەوەی قەیرانێکی قورس لە نێوان ئەنقەرە و واشنتندا. ئەمریکا پێی وابوو جێگیرکردنی سیستەمێکی رووسی لەناو وڵاتێکی ئەندامی ناتۆدا، ئاسایشی فڕۆکە پێشکەوتووەکانی F-35 دەخاتە مەترسییەوە و رێگا بە مۆسکۆ دەدات سیستەمی راداری ناتۆ بخوێنێتەوە.

بەهۆی ئەم کێشەیەوە، لە ساڵی 2019دا ئەمریکا بە فەرمی تورکیای لە پڕۆژەی دروستکردنی فڕۆکەی F-35 دوورخستەوە (سەرەڕای ئەوەی تورکیا 1.4 ملیار دۆلاری پێشوەختی دابوو)؛ دواتریش لە کانوونی یەکەمی 2020دا، واشنتن سزاکانی "کاتسا" (CAATSA)ی بەسەر پیشەسازیی بەرگریی تورکیادا سەپاند.