رۆیتەرز: شاندێکی باڵای قەتەر بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە گەیشتە تاران

شاندێکی دانوستانکاری قەتەر بە مەبەستی هێورکردنەوەی گرژییەکان و زەمینەسازی بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانە فراوانەکان گەیشتە تاران. سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرای کردووە، ئەم هەوڵە دیپلۆماسییە نوێیە بە هەماهەنگی راستەوخۆ لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ناوەڕۆکی گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران ئەمڕۆ هەینی 10ـی تەممووزی 2026، بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، شاندێکی دانوستانکاری قەتەر لە تارانن و زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران ئەنجام دەدەن. ئامانجی سەرەکیی ئەم سەردانە کەمکردنەوەی ئاستی گرژییەکانی ناوچەکە و دۆزینەوەی زەمینەیەکی گونجاو بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی دانوستانە گشتگیرەکان.

بەپێی گوتەی سەرچاوەکە، گفتوگۆکان جەخت لەسەر چۆنیەتی جێبەجێکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان واشنتن و تاران دەکەنەوە. هاوکات، شاندە قەتەرییەکە هەوڵ دەدات چارەسەر بۆ ئەو کێشە و ئاڵۆزییانە بدۆزێتەوە کە لە ماوەی رابردوودا بوونە هۆی پەرەسەندنی ململانێ سەربازییەکانی نێوان هەردوو وڵات، بەتایبەتی ئەو ناکۆکییانەی پەیوەستن بە ئاسایشی دەریاوانی و جووڵەی کەشتییەکان لە گەرووی ستراتیژیی هورمزدا.

ئەم دەسپێشخەرییەی دەوحە لە کاتێکدایە کە چەند رۆژێکە ناوچەکە لەژێر سایەی گرژییەکی توندی ئەمنی و سەربازیدایە و دوای واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن ئەمریکا و ئێران هێرشیان کردووەتە سەر یەکتر؛ هاوکات قەتەر وەک نێوەندگیرێکی سەرەکی هەوڵ دەدات رێگری لە تەقینەوەی زیاتری دۆخەکە بکات.