ترەمپ: لەگەڵ بەردەوامیی گفتوگۆکانداین بەڵام ئاگربەست لە ئارادا نییە
سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد، واشنتن بە شێوەیەکی روون بە تارانی راگەیاندووە کە ئاگربەستی نێوانیان کۆتایی هاتووە، هەرچەندە ئەمریکا پێشوازی لە داواکاریی ئێران دەکات بۆ بەردەوامبوون لە گفتوگۆ دیپلۆماسییەکان.
هەینی، 10ـی تەممووزی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس" نووسیویەتی:"کۆماری ئیسلامیی ئێران داوای لێکردووین بەردەوامی بە 'گفتوگۆکان' بدەین. ئێمە رەزامەندیمان لەسەر ئەوە نیشانداوە، بەڵام ئەمریکا بە روونی و بێ هیچ گومانێک پێی ڕاگەیاندوون کە ئاگربەستەکە کۆتایی هاتووە".
ئەم پەیامەی سەرۆکی ئەمریکا لە کاتێکدا دێت کە گرژییە سەربازییەکانی نێوان واشنتن و تاران لە چەند رۆژی ڕابردوودا گەیشتوونەتە ئاستێکی بەرز، بە جۆرێک کە هەردوولا هێرشی راستەوخۆیان کردووەتە سەر بنکە و بارەگاکانی یەکدی لە ناوچەکەدا.
چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، ئەم لێدوانەی ترەمپ ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەمریکا دەرگای دیپلۆماسی بە تەواوی دانەخستووە، بەڵام هاوکات دەیەوێت لە رێگەی فشارە سەربازییەکان و رەتکردنەوەی ئاگربەستەوە، لە پێگەیەکی بەهێزترەوە بچێتە ناو هەر دانوستانێکی داهاتوو لەگەڵ تاراندا.