کەمال محەمەد: مانگی داهاتوو کێشەی پچڕانی کارەبا چارەسەر دەبێت

وەزیری کارەبا و وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، نوێترین پێشهاتەکانی کەرتی وزە و سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات. رایدەگەیەنێت کە پڕۆژەی ڕووناکی لە قۆناخی کۆتاییدایە و بووەتە هۆی کەمکردنەوەی 40%ی بەکارهێنانی کارەبا، هاوکات مزگێنی دابەزینی نرخی بەنزین و زیادبوونی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت دەدات.

هەینی 10ـی تەممووزی 2026، کەمال محەمەد، وەزیری کارەبا هەروەها سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کوردستان24 رایگەیاند، سەرڕای ئەو ئاڵنگارییانەی لە کابینەی نۆیەمدا رووبەڕووی حکوومەت بوونەوە، لەوانە قەیرانی کۆرۆنا و راگرتنی هەناردەی نەوت، بەڵام توانراوە ژێرخانێکی بەهێزی کارەبا بە بڕی 8250 مێگاوات دابین بکرێت. ئاماژەی بەوەش کرد کە تەنیا لەم کابینەیەدا 1974 مێگاوات کارەبا بۆ تۆڕی نیشتمانی زیاد کراوە.

وەزیری کارەبا ئاشکرای کرد، پڕۆژەی ڕووناکی گەیشتووەتە رێژەی 85%ی جێبەجێکردن و لە کۆی ملیۆنێک و 950 هەزار هاوبەش، ئێستا ملیۆنێک و 500 هەزار هاوبەش کارەبای 24 کاتژمێرییان هەیە. گوتیشی: "ئەم پڕۆژەیە بووەتە هۆی ئەوەی بەکارهێنانی کارەبا بە رێژەی 40% کەم بکاتە؛ بۆ نموونە ئەو ناوچانەی پێشتر 100 مێگاواتیان بەکار دەهێنا، ئێستا تەنیا 60 مێگاوات بەکار دەهێنن."

سەبارەت بە پێوەری زیرەک، وەزیر ئاماژەی بەوە کرد کە بە گوژمەی 253 ملیۆن دۆلار جێبەجێ کراوە و 85%ی هاووڵاتییان سوودی لێ دەبینن، کە ئەمەش کێشەیەکی 34 ساڵەی کەرتی کارەبای چارەسەر کردووە.

کەمال محەمەد هۆکاری هەندێک لە پچڕانەکانی کارەبای بۆ فشاری سەر کێڵگەی کۆرمۆر گەڕاندەوە و ڕایگەیاند، پڕۆژەی راکێشانی بۆری گازی کۆرمۆر بە گوژمەی 591 ملیۆن دۆلار جێبەجێ کراوە. هەروەها هێڵێکی نوێی گواستنەوە لە نێوان کۆرمۆر و چەمچەماڵ بە درێژایی 63 کیلۆمەتر لە 95%ی تەواو بووە و تا مانگی داهاتوو دەکەوێتە گەڕ، کە فشارەکانی سەر کۆمپرێسەرەکان ناهێڵێت و کێشەی پچڕان چارەسەر دەکات.

سەبارەت بە نرخی بەنزین، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت ئاماژەی بەوە کرد، هەرێمی کوردستان ڕۆژانە پێویستی بە 5 ملیۆن لیتر بەنزینە. رایگەیاند کە دوای کردنەوەی دەروازەکان و زیادبوونی هاوردە، نرخی بەنزین دابەزیوە بۆ خوار 1000 دینار و پێشبینی دەکرێت لە دوو هەفتەی داهاتوودا نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵ بگاتە 850 دینار.

لە بەشێکی دیکەدا، رایگەیاند، ئێستا رۆژانە 180 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنرێت، کە 50 هەزاری بۆ ناوخۆ و 130 هەزاری بۆ هەناردەیە. پێشبینی دەکرێت لە مانگی ئەیلوولدا ئاستی بەرهەمهێنان بگەڕێتەوە بۆ بڕی جاران، ئەوەش دوای گەڕانەوەی سێ کۆمپانیای بیانی بۆ هەرێمی کوردستان.

کەمال محەمەد ئاماژەی بە گەرەنتییەکانی حکوومەتی فیدراڵ کرد و گوتی: "سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڵێنی داوە کە هەر هێرشێک بکرێتە سەر کێڵگە نەوتییەکان بەرپرسیار دەبن و هێڵێکی بەرگریی توند بۆ پاراستنی کێڵگەکان جێگیر کراوە."