رابەر حوسێن: بۆریی ئیفراز 3 لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێردا چاکدەکرێتەوە
بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر ئاشکرای کرد، شکانی ئەمجارەی بۆریی ئاوی ئیفراز3 جیاوازە لە ساڵانی رابردوو؛ چونکە نابێتە هۆی دروستبوونی کێشەی کەمئاوی لە سەنتەری شاری هەولێردا، ئەوەش بەهۆی کاراکردنی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو.
هەینی، 10ـی تەممووزی 2026، رابەر حوسێن، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، لە ناو پڕۆژەی ئیفراز3 بۆرییەکی ئاو تووشی شکان بووە، بەڵام دەستبەجێ تیمەکانی چاککردنەوە گەیشتوونەتە شوێنەکە و رێکاری پێویستیان بۆ چاککردنەوەی هێڵەکە گرتووەتەبەر.
ئاماژەی بەوەش دا، بەهۆی نزیکی تیمەکان لە شوێنی پڕۆژەکە و بوونی ئامێر و کەرەستەی پێویست، لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێری داهاتوودا بۆرییە شکاوەکە بە تەواوی چاک دەکرێتەوە.
رابەر حوسێن جەختی لەوە کردەوە، شکانی ئەمجارەی بۆرییەکە جیاوازە لە چاو ساڵانی رابردوو؛ بە شێوەیەک کە هیچ کاریگەرییەکی بێئاوی لە سەنتەری شاری هەولێردا دروست ناکات، ئەوەش بەهۆی بوونی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو. ئەم پڕۆژەیە رۆژانە 480 هەزار مەتری سێجا ئاو بۆ 407 هەزار هاوبەش دابین دەکات.
بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر روونیشی کردەوە، پڕۆژەی فریاگوزاری بە شێوازێک دیزاین کراوە کە لە کاتی پێویستدا هێڵەکانی دەتوانرێت بە شێوەی خۆکار و ئەلیکترۆنی ببەسترێنەوە بەو گەڕەکانەی ناو شاری هەولێر کە لەسەر هێڵی ئیفراز3 بوون.
هاوکات گوتیشی: ئەم گواستنەوە کارایە، وەک یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ شاری هەولێر ئەژمار دەکرێت، کە لە کاتی دروستبوونی هەر کێشەیەک لە پڕۆژەکانی دیکەی ئاودا، دەبێتە جێگرەوەی خێرا و رێگری لە کەمئاوی دەکات.