شەقامی 100 مەتری جەنجاڵی ناوشاری سلێمانی کەم کردووەتەوە

پڕۆژەی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی، کە بە شاڕێی بابان ناسراوە، وەرچەرخانێکی گەورە لە ژێرخانی هاتوچۆ و ئابووریی شارەکەدا دروست دەکات. ئەم پڕۆژە ستراتیژییەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە لە ساڵی 2020دا بەردی بناخەی لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دانرا، ئێستا بووەتە هۆی کەمکردنەوەی جەنجاڵی و بووژانەوەی کەرتی بازرگانی لە ناوچەکەدا.

لە 11ـی تەممووزی 2020دا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناخەی پڕۆژەی ڕێگاوبانی لە شاری سلێمانی دانا، کە ئەویش پڕۆژەی شاڕێی بابان بوو. سەرۆکی حکوومەت لەو کاتەدا جەختی لەوە کردەوە کە خەڵکی سلێمانی شایستەی پڕۆژەی گەورە و ستراتیژین، و ئەمڕۆ ئەو بەڵێنە بووەتە راستی و خزمەتێکی گەورە بە دانیشتووانی شارەکە دەکات.

گرنگیی شەقامی 100 مەتری تەنیا لە بواری هاتوچۆدا کورت نابێتەوە، بەڵکو وەک ڕێڕەوێکی گرنگی بازرگانی تەماشا دەکرێت. ئەم شەقامە رۆڵێکی کاریگەر دەگێڕێت لە خێراکردنی جووڵەی کاڵا و شتومەک و گواستنەوەی بازرگانی، ئەمەش جگە لەوەی دەبێتە هۆی فراوانکردنی سنوورەکانی شاری سلێمانی و ڕەخساندنی دەرفەتی نوێی وەبەرهێنان لە کەرتی ئاوەدانی و نیشتەجێبووندا.

شوفێران و هاوڵاتییانی شاری سلێمانی دەستخۆشی لە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە دەکەن. شوفێرێکی بارهەڵگر لە لێدوانێکدا بۆ "کوردستان 24" رایگەیاند: "پێشتر ناچار بووین بە ناو شار و شەقامی 60 مەتریدا بڕۆین، کە جەنجاڵییەکی زۆری هەبوو و کاتێکی زۆرمان لێ بەفیڕۆ دەچوو، بەڵام ئێستا بەهۆی شاڕێی بابانەوە بە کاتێکی کەمتر و بەبێ بوونی ترافیک لایت و قەرەباڵخی دەگەینە جێگەی مەبەست."

جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە بە کوالێتییەکی بەرز و بەپێی ستانداردە جیهانییەکان، نیشانەی بایەخی تایبەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بە پارێزگای سلێمانی و هەوڵێکە بۆ دابینکردنی ژینگەیەکی هاتوچۆی سەلامەت و مۆدێرن بۆ هاووڵاتییان. شاڕێی بابان ئێستا وەک یەکێک لە گرنگترین پڕۆژەکانی ژێرخانی رێگاوبان لە هەرێمی کوردستان هەژمار دەکرێت.