زاخۆ.. بە گوژمەی 100 ملیار دینار وەبەرهێنان لە کارەبا کراوە

ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ گەورەترین پڕۆژەی گواستنەوە و دابەشکردنی کارەبا بەخۆوە دەبینێت. بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی هێڵی 132 کەی ڤی و وێستگەی کارەبای تەلکەبەری، سێ لەسەر چواری کێشەکانی کارەبا لە ناوەند و دەوروبەری زاخۆ چارەسەر کران. ئەم پڕۆژانە کە بە گوژمەی ملیۆنان دۆلار و سەدان ملیار دینار ئەنجام دراون، ئاستی دابینکردنی کارەبای نیشتمانییان بۆ هاووڵاتییان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز کردووەتەوە.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەنگاوێکی ستراتیژیدا بۆ یەکەمجار پڕۆژەی هێڵی 132 کەی ڤی بە گوژمەی 3 ملیۆن دۆلار بۆ ناوەندی شاری زاخۆ جێبەجێ کرد. ئەم پڕۆژەیە کە توانای گواستنەوەی 260 مێگاوات کارەبای هەیە لە یەک کاتدا، بووەتە هۆی چارەسەرکردنی کێشەی بارزۆری و پچڕانی کارەبا لە زۆربەی گەڕەکەکانی شارەکەدا.

وێستگەی کارەبای تەلکەبەری کە سێ ساڵە کارەکانی تێدا بەردەوامە، بە گوژمەی زیاتر لە 200 ملیۆن دینار نۆژەن کراوەتەوە و پەرەی پێدراوە. ئێستا ئیدارەی زاخۆ خاوەنی دوو وێستگەی 132 کەی ڤی و 12 وێستگەی 33 کەی ڤی یە، کە ڕۆژانە زیاتر لە 260 مێگاوات کارەبا بۆ ناوچەکە دابین دەکەن.

هەروەها پڕۆژەی ڕووناککردنەوەی شار بە درێژایی 75 کیلۆمەتر و دابینکردنی کارەبای بەردەوام بۆ 65 گوند و 100 شوێنی گشتی وەک قوتابخانە و مزگەوتەکان، بەشێکن لەم دەستکەوتانە.

هاووڵاتییانی زاخۆ ئاماژە بەوە دەکەن، دوای ئەوەی زاخۆ بووە ئیدارەی سەربەخۆ، کەرتی کارەبا گۆڕانکاریی ڕیشەیی بەخۆوە بینیوە. هاووڵاتییەک لە لێدوانێکدا بۆ "کوردستان 24" دەڵێت: "جاران لە کاتی گەرمای هاوین و سەرمای زستاندا، کارەبای نیشتمانی زۆر کەم بوو و زوو زوو دەپچڕا، بەڵام ئێستا دۆخەکە 80% بۆ 90% باشتر بووە و جێگیرە."

تەنیا لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 100 ملیار دیناری بۆ 65 پڕۆژەی جیاواز لە کەرتی کارەبای زاخۆ خەرج کردووە. ئەم وەبەرهێنانە گەورەیە نەک تەنیا کێشەی هاوبەشانی ناوماڵی چارەسەر کردووە، بەڵکو ژینگەیەکی لەباری بۆ گەشەپێدانی کەرتی پیشەسازی و بازرگانیش لە ناوچەکەدا ڕەخساندووە.

ئەم پەرەسەندنانە لە کەرتی وزەدا، نیشانەی سەرکەوتنی پلانی حکوومەتە بۆ بووژانەوەی ژێرخانی ئابووری و گەیاندنی باشترین خزمەتگوزاری بە هاووڵاتییان لە هەموو شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان.