پڕۆژە رێگاوبانەکانی سۆران مەترسییەکانی هاتوچۆی کەم کردووەتەوە

پەرەپێدانی ژێرخانی رێگاوبان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، وەرچەرخانێکی گەورەی لە کەرتی گەشتیاریدا دروست کردووە. دروستکردنی رێگاکانی دووساید و باشترکردنی کوالێتیی شەقامەکان، نەک تەنیا کات و ماندووبوونی گەشتیارانی کەم کردووەتەوە، بەڵکو بووەتە هۆی راکێشانی ژمارەیەکی بێپێشینەی گەشتیار لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بۆ ناوچە گەشتیارییەکانی وەک بێخاڵ، گەلی عەلی بەگ و رەواندز.

ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کە نزیکەی 80%ـی ناوچە گەشتیارییەکانی پارێزگای هەولێر لەخۆدەگرێت، ئێستا بە قۆناخێکی زێڕینی گەشەسەندنی گەشتیاریدا تێپەڕ دەبێت. حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمدا، پەرەپێدانی رێگاوبانەکانی ناوچەکەی کردووەتە لە پێشینەی کارەکانی، ئەمەش کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ئاسودەیی گەشتیاران دروست کردووە.

گەشتیاران باس لەوە دەکەن کە جاران هاتوچۆکردن بۆ ناوچە گەشتیارییەکانی سۆران بەهۆی تەسکی رێگاکانەوە ئەرکێکی قورس بووە، بەڵام ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە. گەشتیارێک کە لە کەرکووکەوە هاتووە دەڵێت: "جاران رێگاکە زۆر خراپ بوو، زیاتر لە 3 کاتژمێرمان پێ دەچوو تا دەگەیشتین، بەڵام ئێستا بەهۆی رێگای دووسایدەوە بە 2 کاتژمێر و نیو و بەوپەڕی ئاسودەییەوە دەگەینە ناوچە گەشتیارییەکان."

هاوکات گەشتیارانی بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراقیش جەخت لەوە دەکەنەوە کە گۆڕینی رێگاکان بۆ دووساید، مەترسییەکانی پێکدادانی کەم کردووەتەوە و جووڵەی گەشتیارانی خێراتر کردووە. تەنانەت گەشتیارانی دەرەوەی وڵاتیش سەرسامیی خۆیان بە ئاستی ئاوەدانیی ناوچەکە دەربڕیوە؛ گەشتیارێک کە دوای 20 ساڵ لە فینلاندەوە گەڕاوەتەوە، دەڵێت: "سروشتی کوردستان و ئەم ئاوەدانییەی دەیبینم، لە ئەوروپا بەدینایەت."

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی حەوت ساڵی رابردوودا، توانیویەتی زیاتر لە 20 کیلۆمەتر رێگای دووساید لە ناوچە هەرە هەستیار و گەشتیارییەکانی سۆران جێبەجێ بکات. ئەم پڕۆژانە بوونەتە هۆی ئەوەی کە تەنانەت لە رۆژانی پشووشدا، کە هەزاران گەشتیار ڕوو لە ناوچەکە دەکەن، جەنجاڵییەکی ئەوتۆ دروست نەبێت و کاسبکارانی ناوچەکەش سوودێکی زۆری دارایی لەم جووڵە گەشتیارییە وەربگرن.

دروستکردنی رێگای باشتر تەنیا خزمەت بە گەشتیاران نەکات، بەڵکو وەک شادەماری ئابووریی ئیدارەی سۆران تەماشا دەکرێت، کە تێیدا سروشتی ناوازە و ئاسانکاریی هاتوچۆ پێکەوە بوونەتە هۆی ئەوەی سۆران ببێتە جەمسەرێکی سەرەکیی گەشتیاری لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە.