عێراقچی: ئێمە بەڵێنی خۆمان جێبەجێ کردووە

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران

وەزیری دەرەوەی ئێران، لە نوێترین پەیامیدا رایگەیاند، وڵاتەکەی بە تەواوی پابەندی ئەو بەڵێنانە بووە کە لە یاداشتی لێکگەیشتن لەگەڵ ئەمریکا لەسەری رێککەوتبوون. 

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە هەژماری خۆی ئێکس ئاماژەی بەوە کردووە، بە پێچەوانەی بانگەشەکانی وەزیری خەزێنەی ئەمریکا، ئەوە واشنتنە یاداشتی لێکگەیشتنی پێشێل کردووە و جەختی کردەوە، تەنیا رێگە بۆ چارەسەری کێشەکان پابەندبوونی دوولایەنەیە بە رێککەوتنەکانەوە.

پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کۆتاییهاتنی ئاگربەستی راگەیاند، هەرچەندە ئاماژەی بەوەش کرد، ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی نوێ. هاوکات لەگەڵ ئەم پێشهاتانە، وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا سزای نوێی بەسەر 14 کەسایەتی و دامەزراوەی ئێرانیدا سەپاند، دیارترینیان عەلی ئەنسارییە. واشنتن ئەنساری بە دابینکاری سەرەکیی دارایی بۆ موجتەبا خامنەیی و سوپای پاسداران دادەنێت و تۆمەتباری دەکات بەوەی سامانی گشتی بۆ بەرژەوەندی نخبە حکوومییەکان و چالاکییە نایاساییەکان بەکارهێناوە.

ئەمریکا سزاکانی وەک وەڵامێک بۆ هێرشی سەر سێ کەشتی بازرگانی وەسف کردووە، کە دواتر بووە هۆی ئاڵوگۆڕی بۆردومان لە نێوان هێزەکانی ئەمریکا و بنکەکانی سەر بە ئێران لە ناوچەکەدا.

لە بەرامبەر ئەم فشارانەدا، بەرپرسانی تاران هەڵوێستی توندیان پیشان داوە. محەمەد باقر قاڵیباف، گەورە دانوستانکاری ئێران، رایگەیاندووە؛ وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ بەرگرییەکی گشتگیر و جەختی کردەوە، جەنگ هەرگیز بە خۆبەدەستەوەدانی ئێران کۆتایی نایەت. ئەم لێدوانانە ئاماژەن بۆ ئەوەی سەرەڕای پێشنیازەکانی ترەمپ بۆ گفتوگۆ، دۆخی ناوچەکە بەهۆی پێشێلکردنی رێککەوتنەکان و سەپاندنی سزای نوێ، بەرەو ئاڵۆزی زیاتر دەچێت.