لە رۆژهەڵاتی تاران دەنگی چەند تەقینەوەیەک بیسترا
میدیای ئێران بڵاویکردووەتەوە، کەمێک لەمەوبەر خەڵکی هەردوو ناوچەی پاکدەشت و قیام دەست لە رۆژهەڵاتی تارانی گوێبیستی دەنگی تەقینەوە بوون.
ئەمڕۆ شەممە، 11ی تەممووزی 2026، ئاژانسی هەواڵی "فارس" لە زاری خەڵکی ناوچەکە بڵاویکردووەتەوە، کە دەنگی تەقینەوە بیستراوە، بەڵام هێشتا بە دروستی شوێنی تەقینەوەکە نەزانراوە.
لە لای خۆیەوە، سەرۆکی شارەوانیی پاکدەشت بە ئاژانسی فارسی راگەیاندووە، دەنگی ئەو تەقینەوانە، پەیوەندیی بە پرۆسەی پوچەڵکردنەوە و لەنێوبردنی تەقەمەنییەوە بووە.
سەرۆکی شارەوانیی پاکدەشت باسی لەوەش کردووە، دۆخەکە کۆنترۆڵە؛ جێی نیگەرانی نییە و هیچ مەترسییەکیش لە ئارادا نییە.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە دوای جەنگی 40 رۆژەی رابردوو؛ هێزە ئەمنییەکانی ئێران چەندان پرۆسەی تایبەتی بە لەنێوبردن و پۆچەڵکردنەوەی پاشماوە تەقەمنییەکانی جەنگەکەیان ئەنجام داوە.
بەشێکی زۆری ئەو تەقەمەنییانە، مووشەک و درۆنی ئیسرائیلی و ئەمریکی بوون کە لە میانی جەنگەکە، ئاراستەی چەند ئامانجێک کرابوون، بەڵام لەبەر چەند هۆکارێک نەتەقیونەتەوە؛ بەرپرسانی ئێرانیش لەبەر سەلامەتیی هاووڵاتییان، چەند رۆژ جارێک ئەو پاشماوانە لەنێو دەبات.
جەنگەکە کۆتایی مانگی شوباتی ئەمساڵ بە هێرشێکی بەرفراوانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر تارانی پایتەختی ئێران دەستیپێکرد و نزیکەی 40 رۆژ بەردەوام بوو. دواتر، بە نێوەندگیریی پاکستان، هەردوولا ئاگربەستیان راگەیاند.
سەرەڕای ئاگربەستەکە و واژۆکردنی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن، ناو بە ناو هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و هێرشەکانی سوپای پاسدارانیش بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی واشنتن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوامن.