دەروازەی زێت بۆ ماوەیەکی کاتی دادەخرێت

بەڕێوەبەرایەتیی دەروازەی نێودەوڵەتیی زێت ئاشکرای دەکات، بەهۆی نۆژەنکردنەوەی رێگەوبانەکان لە دیوی تورکیا، هاتوچۆی گەشتیاران بۆ ماوەی یەک رۆژ رادەگیرێت.

بەڕێوەبەرایەتیی دەروازەی نێودەوڵەتیی زێت لە راگەیەنراوێکدا ئاگاداری ئەو هاووڵاتی و گەشتیارانە دەکاتەوە کە دەیانەوێت گەشت بکەن، رۆژی دووشەممە 13ـی تەممووز بۆ ماوەی یەک رۆژ هاتوچۆ لە سنووری دەروازەکە رادەگیرێت و رۆژانی دواتر دەوام ئاسایی دەبێتەوە.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا داوا لە گەشتیاران دەکرێت وادەی گەشتەکانیان نەخەنە رۆژی دووشەممەی داهاتوو، 13ـی تەممووز، بۆ ئەوەی تووشی ئاستەنگی نەبن. 

هەروەها ئاماژە بەوە دراوە، ئەم داخرانە لەسەر داوای دەروازەی دەرەجیکی کۆماری تورکیا بووە، هۆکارەکەشی بۆ سەرقاڵبوونیان بە چاککردنی رێگەوبانەکانی دیوی خۆیان دەگەڕێتەوە.

دەروازەی نێودەوڵەتیی زێت یەکێکە لە دەروازە فەرمییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا. ئەم دەروازەیە دەکەوێتە سنووری قەزای مێرگەسۆر لە پارێزگای هەولێر و بە دەروازەی دەرەجیک لە دیوی باکووری کوردستان و وڵاتی تورکیا دەبەسترێتەوە. 

بە فەرمی لە مانگی ئایاری ساڵی 2023 بەڕووی گەشتیاراندا کرایەوە بۆ ئەوەی کارئاسانی بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان بکات و پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و بازرگانییەکانی هەردوو دیوی سنوورەکە بەهێزتر بکات.