کونسوڵی تورکیا: هیوادارین كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی کوردستان زوو پێكبهێنرێت
کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان، ئاماژە بە بەهێزبوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و هەولێر دەکات و هیوادەخوازێت کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە زووترین کات پێکبهێنرێت بۆ ئەوەی بکەوێتە خزمەتی هاووڵاتییانەوە.
شەممە، 11ـی تەممووزی 2026، ئێرمان تۆپچو، کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24، ئاماژەی بەوە کرد، بەشداریی کۆمپانیاکان و کەرتی تایبەتی تورکیا لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی هەرێمی کوردستاندا جێگەی بایەخ و دڵخۆشییە.
هاوکات ئاستی پەیوەندییەکانی ئێستای نێوان هەردوولای بە "باش و بەهێز" وەسف کرد و روونی کردەوە، لە سەردەمی کابینەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانیدا، ئەم پەیوەندییانە بەرەوپێشچوونی زیاتریان بەخۆیانەوە بینیوە.
تۆپچو هیوای خواست ئەم رەوتە بەردەوام بێت و لە ئاییندەیەکی نزیکیشدا کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێنرێت بە ئامانجی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی زیاتر بە هاووڵاتییان.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، کونسوڵی تورکیا، باسی لە سەردانەکەی دوایی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ شاری ئیستانبوڵ کرد و رایگەیاند، کۆبوونەوەکانی سەرۆکوەزیران لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا و وەزیرانی دەرەوە، وزە و بەرگری، گفتوگۆی ئەرێنی و بەرهەمدار بوون کە تێیاندا تاوتوێی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان و ئاییندەی هاوکارییە هاوبەشەکان کراوە.
ئێرمان تۆپچو هیوای خواست کە لە ئاییندەشدا، چ لەسەر ئاستی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی و چ لەسەر ئاستی سەرۆکایەتیی حکوومەت بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لە پێناو بەرژەوەندیی هاوبەشی هەردوولادا زیاتر گەشە بکەن و بەردەوام بن.