ئایدن مەعرووف: پێکهاتەکان بە شانازییەوە دەڕواننە کار و پڕۆژەکانی کابینەی نۆیەم

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان رایگەیاند، پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی هەرێمی کوردستان بە شانازییەوە دەڕواننە کار و پڕۆژەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەت. جەختیشی کردەوە، ئەم کابینەیە لە هەموو روویەکی خزمەتگوزاری، دیپلۆماسی و پێکەوەژیانەوە، وەرچەرخانێکی گەورەی لە دۆسیەی پێکهاتەکاندا دروست کردووە.

شەممە 11ـی تەممووزی 2026، ئایدن مەعرووف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ "کوردستان 24"،ئاماژەی بەوە کرد، پێکهاتە جیاوازەکانی کوردستاندا شانازی بە کارەکانی حکوومەتەوە دەکەن. گوتیشی: کابینەی نۆیەم لە هەموو سێکتەرەکاندا بە شێوەیەکی دادپەروەرانە خزمەتی بە نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان کردووە و کارەکانی جێگەی بایەخ و رێزی هەمووانن.

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان باسی لە بایەخی بڕیارە سیاسییەکانی سەرۆکوەزیران کرد و ریگەیاند، دیاریکردنی وەزیرێکی تایبەت بۆ بەدواداچوونی کاروباری پێکهاتەکان بۆ یەکەمجار لە مێژووی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، بڕیارێکی یەکجار گرنگ و بوێرانەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران بوو."

ئایدن مەعرووف دووپاتی کردەوە، ئەم هەنگاوە نیشانەی دیدگای فراوانی سەرۆکی حکوومەتە بۆ چەسپاندنی بنەماکانی پێکەوەژیان و پاراستنی مافی هەموو پێکهاتەکان، کە وای کردووە لەم کابینەیەدا هەموو لایەک وەک یەک تیم کار بۆ سەرخستنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و بەهێزکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان بکەن.