باڵیۆزی ئیتاڵیا: هەرێمی کوردستان لانکەیەکی ئارام و سەقامگیرە

نیکۆلۆ فۆنتانا، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ باسی رۆژی کوردستان24، کە لەلایەن ژینۆ محەممەد پێشکەش دەکرێت، نەخشەی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان رۆما و هەولێر دەکێشێت و جەخت دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان توانیویەتی لە ناو جەرگەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەدا وەک لانکەیەکی ئارام و سەقامگیر بمێنێتەوە. فۆنتانا وێڕای ستایشکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی کابینەی نۆیەم و پڕۆژەی رووناکی، مزگێنی کردنەوەی یەکەمین پارکی شوێنەواریی هاوبەشی جیهانی لە دهۆک رادەگەیەنێت و ئاماژە بە پەرەسەندنی بێپێشینەی هەماهەنگییە ئابووری و سەربازییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەدات.

 

کوردستان24: دۆستایەتییەکی بەهێز لە نێوان گەلی کورد و ئیتاڵیا هەیە، دەکرێت بزانم مێژووی ئەو دۆستایەتییە بۆ چی دەگەرێتەوە.

نیکۆلۆ فۆنتانا: پێش هەموو شتێک ئیتاڵیا، عێراق و هەرێمی کوردستان میراتگری کۆنترین شارستانییەتەکانی جیهانن، پەیوەندییە قووڵەکانمان دەگەڕێتەوە بۆ چەند سەدەیەک لەمەوبەر کاتێک پەیوەندی نێوان گەلەکانمان دروست بوو، بەڵام لەو باوەڕەدام بەهای هاوبەشمان هەیە و رەگی پەیوەندی بەهێزی نێوانمانە.

 

کوردستان24: چ هاوبەشییەک لە بەهاکاندا هەیە

نیکۆلۆ فۆنتانا: یەکەم سەردانم بۆ کوردستان دوو ساڵ لەمەوبەر بوو دوای ئەوەی گەیشتمە بەغدا، دەستبەجێ ئەو میواندۆستییە گەرمەی گەلی کوردم بینی، ئەمەش بەبیرم دەهێنێتەوە ئێمە لە ئیتاڵیا چۆن پێشوازی لە بیانییەکان دەکەین، لێرە زۆر هەست بە پەیوەندی خێزانی دەکەی ئەمەش بۆ ئێمەی خەڵکی ئیتاڵیا زۆر گرنگە، ئەو بەها هاوبەشانە زۆر گرنگن و یارمەتیدەرن بۆ بەهێزکردنی دۆستایەتیمان.

 

کوردستان24: دەکرێت بڵێن لە کولتوور و فەرهەنگدا خاڵی هاوبەشمان زۆرە

نیکۆلۆ فۆنتانا: بە دڵنیاییەوە، لەو باوەڕەدام چەندین خاڵی هاوبەشمان هەیە و زۆر لێک نزیکین.

 

کوردستان24: ئەگەر خاڵی هاوبەشمان زۆرەم بە چی شتێکی کوردستان سەرسامی

نیکۆلۆ فۆنتانا: پێش هەموو شتێک نەک تەنیا ئەوەی پەیوەستە بە خەڵک، بەڵکو شاخەکانیشتان زۆر سەرسامم دەکات کە لای من زۆر خۆشەویستە، هەروەها گەلی کورد زۆر رژد و کردەیین، هەمیشە ئامادەن ناسنامەی خۆیان بپارێزن و برەوی پێبدەن، ئەمە شتێکە دەبێت زۆر شانازی پێوە بکەن.

 

کوردستان24: پەیوەندییەکانی نێوان رۆما و هەولێر لە چ ئاستێک دایە

نیکۆلۆ فۆنتانا: لە ماوەی چەندین ساڵ، پەیوەندییەکی زۆر ئەرێنی و بنیاتنەرمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە عێراقی فیدراڵ دروستکرد، ئێستا هاوبەشی سیاسی و پێکەوەکارکردنی کولتووریمان لە ئاستێکی زۆر باڵادان، هەندێک توانا هەن دەستمان پێیان نەگەیاندووە ئەویش کەرتی ئابوورییە، دەزانم لێرە لە هەرێمی کوردستان خواستێکی زۆر بۆ کاڵای بەرهەمهێنراوی ئیتاڵی هەیە، کۆمپانیا ئیتاڵییەکانیش خواستێکی زۆریان هەیە لە هەرێمی کوردستان کار بکەن، ئامانجمان وەک باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەی گشتی لە هەولێر ئەوەیە یارمەتیدەربین لەوەی برەو بە پێکەوەکارکردنی ئابووری بدەین و بوونی کۆمپانیا ئیتاڵییەکان لە هەرێمی کوردستان بەهێزتر بکەین.

 

کوردستان24: قەبارەی بازرگانی و هەماهەنگی ئابووری لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا لە چ ئاستێک دایە

نیکۆلۆ فۆنتانا: هەر وەک گوتم خۆی لە ئاستێکی باشدایە، بەڵام ئێمە پێویستمان بە زیاترە، ئێستا نزیکەی 40 کۆمپانیای ئیتاڵی لە کوردستان کار دەکەن، زۆر خۆشحاڵ دەبم لە چەند مانگ و ساڵی داهاتوو بتوانین ژمارەکە زیاتر بکەین. ئەگەر سەیری کەرتەکان بکەین، کۆمپانیا ئیتاڵییەکان لە چەندین کەرتی جیاوازدا کاران و ئێستا هەوڵدەدەین ژمارەی بازرگانە ئیتاڵییەکان لە کەرتی وزەی نوێ بووەوە، بازرگانی کشتوکاڵی، کەرتی تەندروستی و ژێرخان زیاتر بکەین.

 

کوردستان24: کەواتە بەلاتانەوە گرنگە، لە سێکتەرە جیاوازەکان لە هەرێمی کوردستان کار بکەن

نیکۆلۆ فۆنتانا: بە دڵنیاییەوە هەر لەبەر ئەمەشە توانیمان بۆنەکەی ساڵی رابردوو لە رۆما رێکبخەین، ئەمەش یەکەم بۆنەی بازرگانی ئیتاڵی و کوردییە، ئەویش سەرکەوتوو بوو چەندین لایەنی بازرگانی ئیتاڵیا تێیدا بەشداربوون، لەو بۆنەیە تۆوی نوێمان لە پێکەوەکارکردنی نێوانمان چاند.

 

کوردستان24: لە دیدی ئێوە، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوو، چ پێشکەوتنێک و بووژانەوەیەک لە هەرێمی کوردستان روویداوە

نیکۆلۆ فۆنتانا: ئێستاش یەکەم سەردانم بۆ هەولێر و هەموو کۆبوونەوەکانم لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم لەبیرە، هەر ئەو کات سەرسامی ئاستی پێشکەوتن بووم، بە تایبەتی لە هەولێر. هەست دەکەم هەر جارێک دێمە ئەو شارە شتێکی نوێ هەیە و کە قسە لەگەڵ خەڵکی کوردستان دەکەم، تەنانەت خزمەتگوزاریش باشترە، پێشڤەچوونی زۆر هەیە و ئیتاڵیا ئامادە بووە پشتیوانی لە هەرێمی کوردستان بکات بۆ گەیشتن بە پێشکەوتنێکی زیاتر.

 

کوردستان24: ئیتاڵیا لە راهێنانی هێزەکانی پێشمەرگە هاوکار بووە، ئایا تا ئێستا بەردەوامن و تاوەکوو کەی بەردەوام دەبن

نیکۆلۆ فۆنتانا: هەر وەک دەزانی هێزی سەربازی ئیتاڵیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە 2003ەوە چالاک بووە، لە ماوەی ئەو ساڵانە راهێنانمان بە هەزاران و هەزاران سەرباز لە هێزە ئەمنییەکانی عێراق و پێشمەرگە کرد، پەیوەندی بەهێز و دۆستانەمان لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە دروستکرد، بەم دواییانە ژەنەراڵ عیسا سەردانێکی زۆر سەرکەوتووی بۆ رۆما ئەنجامدا، چەند رۆژێک لەمەوبەر کۆبوونەوەیەکی کورتمان کرد. هەست دەکەم لێکتێگەشتن هەیە و رێزێکی زۆر لە هەردوولاوە هەیە، ئەمەش زۆر دڵخۆشم دەکات.

 

کوردستان24: لە ماوەی سەردانەکەت بۆ هەرێمی کوردستان، هەست بە سەقامگیری و ئەمنییەتی کردووە

نیکۆلۆ فۆنتانا: هەرێمی کوردستان زۆر سەقامگیرە و هەر شوێنێک تا ئێستا سەردانم کردبێت ئارامی لێدەبینم، بە دڵنیاییەوە ئەمەش بەهۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، هەروەها قسەم لەگەڵ بازرگان و هێزە ئیتاڵییەکان کردووە ئەوانیش دەڵێن ساڵ دوای ساڵ دۆخەکە باشتر بێت.

 

کوردستان24: دەکرێت بڵێن لە نێو ئەو جەنگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووەتەوە، هێشتا هەرێمی کوردستان لانکە ئارامەکەیە

نیکۆلۆ فۆنتانا: دەتوانم بڵێم هەموومان لەو ئاڵۆزییەی ناوچەکە نیگەرانین، بەڵام دڵخۆشم هەرێمی کوردستان خۆی لێی بەدوورگرت و حکوومەتی هەرێمی کوردستان توانی وابکات هەرێمەکە نەبێتە بەشێک لەو رووداوانەی لە چەند مانگی رابردوو روویاندا.

 

کوردستان24: رات چییە لەسەر پرۆژەی رووناکی کە لە ماوەیەکی نزیکدا کارەبای 24 کاتژمێری بۆ هەموو هەرێمی کوردستان دابین دەکات

نیکۆلۆ فۆنتانا: ئەوەی لە خەڵک بیستوومە پڕۆژەیەکی زۆر سەرنجڕاکێش و کاریگەرە، ئەمە بەڵگەیەکی دیکەی پابەندی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە خزمەتگوزارییەکان بۆ خەڵکەکەی باشتر بکات، ئەوەی گرنگە و بەهایەکی زۆری هەیە لام لەگەڵ ئەو پڕۆژەیەی رووناکییە ئاگاداری ژینگەش دەبین، دەتوانم بڵێم پڕۆژەیەکی ژینگە دۆستە.

 

کوردستان24: دەکرێت عێراق ئەزموون لە پرۆژەکانی هەرێمی کوردستان وەربگریت

نیکۆلۆ فۆنتانا: بەڵێ بە دڵنیاییەوە دەتوانن، ئەوەی گرنگە باشترین ئەزموونەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەکرێت لەلایەن هەردوولاوە هاوبەشیان پێبکرێت تا عێراقی فیدراڵ بەرەو پێشکەوتن و سەقامگیری زیاتر هەنگاوبنێت.

 

کوردستان24: با کەمێک لە پرسیاری سیاسی و جددی دوور بکەوینەوە، ئەم چەند رۆژەی لە هەولێر بوویت چیت کرد و سەردانی کوێت کرد

نیکۆلۆ فۆنتانا: هەر کاتێک بۆ هەولێر گەشت دەکەم، ئەویش دوو مانگ جارێکە، هەوڵدەدەم شتێکی نوێ ببینم، ئەمجارە بەداخەوە تەنیا رۆژێک دەمێنمەوە، بەڵام زۆرینەی جارەکان سەردانێکی قەڵای هەولێر دەکەم چونکە دەمەوێت سەیر بکەم چۆن لەگەڵ تێپەڕینی کات نۆژەن کراوە و باشتر بووە، هەروەها هەمیشە سەردانی بازاڕ دەکەم شتێک وەک سابون یان چەرەز بکڕم و بۆ خێزانەکەمی ببەمەوە.

 

کوردستان24: چ شتێک لێرە سەرنجی تۆ ڕادەکێشێت، بۆ ئەوەی بە دیاریی بۆ خێزانەکەتی ببەیتەوە

نیکۆلۆ فۆنتانا: زۆرینەی کات تەنیا شتی بچووک دەکڕم بەڵام لە رۆژی لە دایک بوونم بە دیاری فەرشێکی کوردی گرانبەهام وەرگرت، زۆر جوانە و بە دڵنیاییەوە کاتێک پشوو وەردەگرم دەبیەمەوە بۆ ئیتاڵیا.

 

کوردستان24: باسی قەلاتت کرد، شتێکی دیکەی هاوەشی نێوان هەرێم و ئیتالیا شوێنەوارە دێرینەکانە، ئێوە لەو بوارەوە دەتوانن چۆن هاوکار بن، بیرتان لەوە کردووەتەوە

نیکۆلۆ فۆنتانا: پێش هەموو شتێک دەبێت هەموو گەلی کورد شانازی بە کولتووریان بکەن، ئیتاڵیا پابەندە بە پاراستن و برەودان بەو میراتەتان، هەر بۆیە 11 ئەرکی شوێنەوارناسیمان لە هەرێمی کوردستان هەیە لەلایەن زانکۆکانی ئیتاڵیا و وەزارەتی دەرەوەمان پارەدار دەکرێن، هیواخوازم لە کۆتایی ئەیلوول بتوانین یەکەم پارکی شوێنەوارناسی ئیتاڵی و کوردی لە نزیک دهۆک بکەینەوە.

 

کوردستان24: ئەمە هەواڵێکی زۆر خۆشە، با بگەڕێنەوە سەر هەندێک پرسیاری سیاسیی، ئێوە چۆن دەڕواننە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، چی دەکەن بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکان هەبێت و کێشەکان کۆتایی پێبهێنێت.

نیکۆلۆ فۆنتانا: سەیرکە بە دڵنیاییەوە ئاگاداری ئەو بابەتانەم، ئەوەی ئیتاڵیا دەتوانێت بیکات ئەوەیە هەوڵبدات پشتیوانی لە گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا بکات، دەمەوێت ئاماژە بەوەبدام گفتوگۆی ئەرێنی و بنیاتنەر لە بەرژەوەندی گەلی کوردیش دەبێت."

 

کوردستان24: حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام پێداگری لەسەر گفتوگۆ کردووەتەوە، بەڵام بەردەوام جەخت لە جێبەجێکردنی دەستووریش دەکاتەوە، کە هەرێمی کوردستان پێی وایە ئەمە هەموو کێشەکان چارەسەر دەکات، تۆ هاوڕایت

نیکۆلۆ فۆنتانا: تەنیا دەتوانم بڵێم دەتوانین تێبگەین لەوەی جیاوازی سیاسی هەبێت و ئەمە بەشێکە لە یارییەکە، بەڵام لە کۆتاییدا و لە بەرژەوەندی خەڵکیش، کاتێک دەڵێم خەڵک مەبەستم خەڵکی ئێرە و عێراقە، ئەوەی گرنگە لێکتێگەیشتنی باشترە. ئیتاڵیا ئامادەیە لە هەموو شوێنێکی جیهان رۆڵی خۆی وەک پرد و هاوبەشێکی بنیاتنەر بگێڕێت، بە دڵنیاییەوە دەمانەوێت لێرەش ئەو کارە بکەین.

 

کوردستان24: خەڵکی هەرێمی کوردستان پێیان وایە، کورد دوای شەڕی داعش لەلایەن وڵاتانی نێودەوڵەتی فەرامۆش کراوە، بە تایبەت لە رووداوەکانی سووریا و کێشەکانی لەگەڵ حکوومەتی عێراق، ئێوە چۆن پشتڕاستی دەکەنەوە، ئەمە راست نییە

نیکۆلۆ فۆنتانا: دەمەوێت تەنیا سەرنجم لەسەر هەرێمی کوردستان بێت کە لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵ بێت نەک لە بواری دیکە، لەو بارەیەوە دەتوانم بڵێم لە ئیتاڵیا سەرنجێکی زۆر لەسەر ئەو ناوچەیە هەیە و پەیوەندییەکی زۆر باش لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەبێت، هاوسۆزییەکی زۆریش بۆ ئەو نەهامەتییەی گەلی کورد هەیە کە لە رابردوودا پێی تێپەڕی.

 

کوردستان24: سەبارەت بە جەنگی ناوچەکە، کە پڕوشکی ئاگرەکە بەر هەرێمی کوردستانیش کەوت، سەرەڕای ئەوە هەرێمی کوردستان لە سەر ئاستی گوتار و عەرزی واقیع خۆ لە جەنگەکە بە دوور گرت، ئایا هەرێمی توانی ئەو کارە بکات

نیکۆلۆ فۆنتانا: جێگەی داخ بوو هەرێمی کوردستان و هەولێر چەندین جار هێرشیان کرایەسەر لە کاتی جەنگەکەدا، هەروەها بنکەی سەربازیمان نزیک لە فڕۆکەخانە هێرشی کرایەسەر، تەنیا زیانی ماددی هەبوو بەڵام کاریگەری زۆر بوو، ستایشی هەڵسوکەوتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم کە توانی لە دۆخێکی زۆر گرژ و سەختدا توانی وابکات ئەو هەرێمە تێوەنەگلێت، لە سەروی ئەمەشەوە خۆی بەدوورگرت لەو هەرێمە هێرش بکرێتەسەر وڵاتانی دراوسێ.

 

کوردستان24: با جارێکی دیکە لە بابەتی سیاسی دوور بکەوینەوە، ئیتاڵیا بە خواردنی خۆش بە ناوبانگە، هەر وەکوو ئێمەش خواردنی خۆشمان هەیە، ئایە لەو چەند رۆژە سەردانی کامە خواردنگەت کرد

نیکۆلۆ فۆنتانا: لە راستیدا هەردوو جۆر دەخۆم، زۆر حەزم لە دۆڵمەی ئێوەیە، بەڵام لە هەولێر دڵخوازترین چێشتخانەی ئیتاڵی منی لێیە لە سەرتاسەری عێراق، ناوەکە پێتانی ناڵێم بەڵام خواردنی زۆر خۆشە، خواردنی کوردی زۆر خۆشە و بینیم تا رادەیەک وەک خواردنی ئیتاڵییە.

 

کوردستان24: ئەمەش خاڵێکی دیکەی هاوبەشمانە

نیکۆلۆ فۆنتانا: بەڵێ دروست وایە

 

کوردستان24: هەرچەندە هەڵبژاردەی ئێوە بەشداریی مۆندیالی نەکردووە، ئایە سەیری یارییەکان دەکەیت و هاندەری چ هەڵبژاردەیەکی

نیکۆلۆ فۆنتانا: بە دڵنیاییەوە من سەیری جامی جیهانی دەکەم و هاندەری تۆپی پێم، هەرچەندە بەشداری نەکردنی هەڵبژاردەی نیشتمانی ئیتاڵیا لای من شۆک بوو و ئەمە سێیەم جارە لەدوای یەک لە جامی جیهانی بەشداری ناکەین، ناڵێم کە پشتیوانی لە تیپێکی دیاریکراو دەکەم بەڵام چێژ لە سەیرکردنی یاری وەردەگرم و هاندەری ئەو تیپەم کە باشترین یاری دەکات.