میدیای ئێران: جارێکی دیکە بۆردوومانی بەندەر عەباس کرایەوە

میدیاکانی ئێران ئاشکرایان کرد، شاری بەندەر عەباس، جارێکی دیکە بۆردوومان کرایەوە، هاوکات دوورگەی ئەبو موساش کراوەتە ئامانج.

یەکشەممە، 12ـی تەممووزی 2026، میدیاکانی ئێران بڵاویان کردەوە، ناوچەکانی باشووری وڵاتەکە، بە تایبەت شاری بەندەر عەباس، جارێکی دیکە لە لایەن سوپای ئەمریکاوە بۆردوومان کرانەوە، هەروەها دوورگەی ئەبو موساشی کراوەتە ئامانج.

لە لایەکی دیکەوە، بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی بە ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"ـی راگەیاندووە، کە هێزەکانی سوپای ئەمریکا زنجیرەیەک هێرشی چڕیان بۆ سەر چەند خاڵێکی جیاواز لە دەوروبەری گەرووی ستراتیژیی هورمز ئەنجامداوە.

بە گوتەی ئەو بەرپرسە، ئامانجی سەرەکیی هێرشەکان، پەکخستنی سیستمە مووشەکییەکان و بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئێران بووە، لەگەڵ تێکشکاندنی ژمارەیەک لە بەلەمە خێرا و بچووکەکانی هێزە دەریاییەکانی سوپای پاسداران.