نهێنی پشت بـوێـری مێسی بەرامبەر ناوبژیوانان چییە؟

کاردانەوەی لیۆنێل مێسی لە دژی ناوبژیوانی یارییەکەیان بەرامبەر سویسرا
کاردانەوەی لیۆنێل مێسی لە دژی ناوبژیوانی یارییەکەیان بەرامبەر سویسرا

لەم ساڵانەی دواییدا رەفتار و زمانی جەستەی لیۆنێل مێسی بووەتە بابەتێکی گەرمی میدیایەکان و لێکۆڵینەوە و شیکاری لەبارەیەوە دەکرێت. ئەمەش لە کاتێکدایە مێسی بەوە ناسراوە کەسایەتییەکی ئاسایی و ئارامی هەیە، بەڵام ماوەیەکە وازی لەو هێمنی و ئارامییەی هێناوە و بەشێوەیەکی نامۆ و شەڕانگێز دەردەکەوێت و بەبێ ترس بەرەنگاری ناوبژیوانان دەبێتەوە.

ئەو گرژی و بەرەنگاربوونەی مێسی بە ئاشکرا لە دژی ناوبژیوانان و بەرپرسانی تۆپی پێ، پرسیارێکی بنەڕەتی لەبارەی نهێنی پشت ئەم هێزە شەڕانگێزە دەوروژێنێت کە بۆچی مێسی بەبێ ترس سەرزەنشتی ناوبژیوانان دەکات. ئەوەی لە یاریی چارەکی کۆتایی مۆندیالی 2026 بەرامبەر سویسرا روویدا، نیشانەی پرسیاری دروست کرد، بەتایبەتی دوای ئەوەی مێسی بەوپەڕی خۆبەلزانییەوە بەرەنگاری ناوبژیوانی پۆرتوگالی پینهێرۆ بووەوە.

میراتی مارادۆنا
شارەزایان پێێانوایە ئەو گۆڕانکاری و هەڵچوونەی بەسەر لیۆنێل مێسی دا هاتووە هەمان میرات و کولتووری ماڕادۆنایە بۆ مێسی ماوەتەوە.
ساڵانێکی زۆر بوو خەڵکی ئەرجەنتین ڕەخنەیان لە مێسی دەگرت بەهۆی هەستکردن بە نەبوونی تایبەتمەندییەکانی سەرکردایەتی، زۆرجار بە مێسی کەتەلۆنیا ناویان دەبرد، بەڵام دوای بەدەستهێنانی مۆندیالی 2022، گۆڕانکارییەکی دەروونی نامۆ بەسەر مێسی دا هات، مێسی لەو کێشە دەروونیانە رزگاری بوو، ئێستا خۆی وەک بەرگریکاری سەرسەختی مافەکانی تیپەکەی دەبینی، ئەوەندە بەجۆش و خرۆشەوە بەرگری لە ناسنامەی تیپەکەی دەکات ئامادەیە لە هەر یارییەکدا سەرزەنشتی هەر ناوبژیوان و کەسێک بکات.

کاریگەری ئابووری
کاریگەری ئابووری، هۆکارێکی دیکەی گرینگە لە پشت زیادبوونی هەڵچوونی مێسیی لەم ساڵانەی دوایی، مێسی دەزانێت ناوی وەکو براندێکی گەورەیە،  ناسنامەی ئەستێرەبوونی مێسی لە پاڵەوانێتییەکان، داهاتی بۆ بەرپرسانی تۆپی پێ لە جیهان زیاد کردووە، مێسی باش دەزانێت پاڵەوانێتییەکان بەبێ ئەو بە زیانی ئابووری بۆ مۆندیال و پاڵەوانێتییەکان دەشکێتەوە، بۆیە مێسی بەبێ ترس رەخنە دەگڕێت و بەگژ ناوبژویوانان دا دەچێتەوە، مێسی دڵنیایە پاڕیزگاری لێدەکرێت و لە زۆر رەفتار چاوپۆشی لێدەکرێت.