ئاگر لە یانەیەکی شەوانەی تایلاند کەوتەوە؛ نزیکەی 90 کەس بوونەتە قوربانی

ئاگرکەوتنەوە لە یانەیەکی شەوانە دەیان قوربانی لێکەوتەوە

ئاگرێکی گەورە لە یانەیەکی شەوانەی تایلاند، گیانلەدەستدانی 27 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 60 کەسی لێکەوتەوە.

لە رووداوێکی ئاگرکەوتنەوەدا لە میوانخانە و یانەیەکی شەوانەی شاری بانکۆکی پایتەختی تایلاند، لانیکەم 27 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 60 کەسی دیکەش برینداربوون، بەرپرسانی تایلاندیش رایانگەیاندووە لێکۆڵینەوە لە هۆکاری سەرهەڵدانی ئاگرەکە دەکەن.

شوێنی رووداوەکە دەکەوێتە باکووری پایتەختەوە، ئاگرەکە لە کاتێکدا سەریهەڵداوە سەدان کەس بۆ بۆنەیەکی دیاریکراو لەوێ کۆببوونەوە. 

بەپێی راگەیەنراوی بەرپرسانی تایلاند، لە نێو 60 بریندارەکەدا، زیاتر لە 20 کەس بەهۆی هەڵمژینی دووکەڵەوە دۆخی تەندروستییان باش نییە.

تیمەکانی فریاگوزاری باس لەوە دەکەن، لە کاتی ئاگرەکەدا، ژمارەیەکی زۆری بەشداربووان ویستوویانە خۆیان بگەیەننە دەستشۆرەکان بۆ قوتاربوون، بەڵام پاشان تەرمەکانیان هەر لەوێدا بینراونەتەوە.

تایلاند پێشتریش چەندین رووداوی هاوشێوەی بەخۆیەوە بینیوە، دیارترینیان لە شەوی سەری ساڵی 2009 بوو لە یانەی شەوانەی "سانتیکا" لە بانکۆک، تێیدا 67 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 200 کەسیش برینداربوون.

 هەروەها لە ساڵی 2022 لە یانەی "ماونتین بی" لە پارێزگای چۆنبوری رووداوێکی دیکەی ئاگرکەوتنەوە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 25 کەس.

 بەهۆی ئەم مێژووە پڕ لە نەهامەتییەوە، پرسی پارێزراوی و بوونی دەرچەی فریاگوزاری لە شوێنە گشتییەکانی تایلانددا بووەتە جێگەی ناڕەزایەتی توندی هاووڵاتییان.