%96ـی کێشەی کەمئاوی لە سنووری زاخۆ چارەسەرکراوە

کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەنگاوێکی ستراتیژیدا توانی کێشەی 20 ساڵەی کەمئاوی لە قەزای باتیفا چارەسەر بکات. بە خەرجکردنی زیاتر لە 20 ملیار دینار بۆ پڕۆژەکانی ئاو لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، ئێستا زۆربەی گەڕەک و گوندەکان لە جیاتی تانکەر، ئاوی پاکی خواردنەوەیان لە رێگەی تۆڕە نیشتمانییەکانەوە پێدەگات و ئاستی خزمەتگوزارییەکان گەیشتووەتە 96%.

بە گوژمەی 6 ملیار و 500 ملیۆن دینار، پڕۆژەیەکی گەورەی ئاوی خواردنەوە لە قەزای باتیفا جێبەجێ کرا، کە کۆتایی بە دەردەسەرییەکی 20 ساڵەی دانیشتووانی ناوچەکە هێنا. ئەم پڕۆژەیە کە لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا تەواو کراوە، رۆژانە توانای دابینکردنی زیاتر لە 20 هەزار مەتر سێجا ئاوی هەیە و ناوەندی قەزای باتیفا و سێ گوندی دەوروبەری لە قەیرانی بێئاوی رزگار کردووە.

دانیشتووانی ناوچەکە بە خۆشحاڵییەکی زۆرەوە پێشوازی لەم پڕۆژەیە دەکەن. هاووڵاتییەک لە لێدوانێکدا بۆ "کوردستان 24" دەڵێت: "پێشتر ژیانمان زۆر سەخت بوو، ناچار بووین بە پارەیەکی زۆر ئاو بە تانکەر بکڕین و زۆرجاریش ئاوەکە بۆ خواردنەوە شیاو نەبوو، بەڵام ئێستا سوپاس بۆ حکوومەت، کارەبای 24 کاتژمێری و ئاوی پاکمان هەیە و کێشەمان نەماوە."

لەسەر ئاستی گشتیی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا زیاتر لە 20 ملیار دیناری بۆ پەرەپێدانی کەرتی ئاو و لێدانی بیر تەرخان کردووە. بەمەش 96%ی کێشەی کەمئاوی لە ناوەندی شارەکەدا چارەسەر کراوە. هەروەها پڕۆژەی ئاوی زاخۆی نوێ بە توانای 5500 مەتر سێجا لە کاتژمێرێکدا، یەکێکی دیکەیە لە دەستکەوتە گرنگەکان.

لە چوارچێوەی ئەم ئاوەدانکردنەوەیەدا، پڕۆژەی ئاوی پێشابیر لە سنووری ناحیەی رزگاری بە گوژمەی ملیارێک و 200 ملیۆن دینار جێبەجێ کرا. ئەم پڕۆژەیە ئاوی پاک بۆ سێ کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون دابین دەکات کە پێکهاتە جیاوازەکانی موسڵمان، مەسیحی و ئێزدی تێدا دەژین، کە ئەمەش نیشانەی دادپەروەریی حکوومەتە لە گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ هەموو لایەک بەبێ جیاوازی.

ئەم وەبەرهێنانە گەورەیەی حکوومەت لە ژێرخانی ئاو، سەلمێنەری ئەوەیە کە پاراستنی ئاسایشی ئاو و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ هاووڵاتییان، لە کارە لە پێشینەکانی کابینەی نۆیەمە و هەوڵەکان بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری بە دوورترین ناوچەکانی هەرێم بەردەوامن.