خۆپیشاندەران رێگەی سەرەکی کەرکووک - لەیلانیان داخست

دانیشتووانی ناحیەی لەیلان بەهۆی تێکچوونی رێگەی سەرەکی و بێوەڵامی لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ چاککردنی شەقامەکە، رێگەی نێوان کەرکووک و لەیلانیان بە تەواوەتی داخست و هۆشداری دەدەن ئەگەر داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت، لە خۆپیشاندان بەردەوام دەبن.

بەهۆی خراپی رێگاکە و هەبوونی تاسە و چاڵێکی زۆر، رێگەی سەرەکی کەرکووک - لەیلان بە تەواوەتی بەڕووی شۆفێران و هاووڵاتییاندا داخرا. خەڵکی ناوچەکە ئاماژە بەوە دەدەن کە چەندین جار داوای چاککردنی شەقامەکەیان کردووە، بەڵام هیچ وەڵامێکیان وەرنەگرتووە.

هاووڵاتییانی سنوورەکە دەڵێن، پێشتر لەسەر ئەستۆی خۆیان رێگاکەیان چاککردووەتەوە، بەڵام بەهۆی زۆری هاتوچۆوە دووبارە تێکچووەتەوە و هاتوچۆ لێی ئەستەم بووە، ئەمەش بووەتە هۆی چەندین رووداوی هاتوچۆی دڵتەزێن لەو سنوورەدا.

هەفتەی رابردوو، دانیشتووانی ناوچەکە گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و مۆڵەتی یەک هەفتەیان دایە لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەڵام بە گوتەی خۆیان لەم ماوەیەدا هیچ بەرپرسێکی ئیداری وەڵامی نەدانەوە، بۆیە ئەمڕۆ بە ناچاری رێگاکەیان بە تەواوەتی داخست.

یەکێک لە خۆپیشاندەران بە کوردستان24ی راگەیاند: "هەفتەی رابردووش هەمان داواکاریمان هەبوو، بەڵام کەس بەدوای داواکارییەکانماندا ناچێت. لە رابردوودا خۆمان رێگاکەمان چاککردەوە، کەچی ئێستا پێمان دەڵێن ئەگەر دووبارە خۆتان چاکی بکەنەوە دەتانگرین؛ ئایا چاککردنی شەقام تاوانە؟"

هاوکات خۆپیشاندەرێکی دیکە تیشکی خستە سەر خراپی خزمەتگوزارییەکان و گوتی: "لەیلان تەنیا کێشەی رێگەی نییە، بەڵکو شارەوانیشی نییە. ئێمە خۆمان زبڵ و خاشاکی خۆمان فڕێ دەدەین، کاتێکیش ئۆتۆمبێلی شارەوانی دێت، داوای 2000 دینار دەکەن ئینجا زبڵەکە دەبەن، بەڕێوەبەری ناحیەکەش هیچ کارێکی بۆ نەکردووین."

خۆپیشاندەران جەختیان کردەوە، کە بەهۆی خراپی ئەم رێگایە چەندین کەس بوونەتە قوربانی و گیانیان لەدەستداوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش هیچ چارەسەرێک نەکراوە و دەڵێن: "گیانی خەڵک لای بەرپرسان هیچ بەهایەکی نییە."