میدیاکانی ئێران: دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز لە چەند ناوچەیەکی وڵات بیسترا

میدیا نێوخۆییەکانی ئێران بڵاویانکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز لە چەند شار و ناوچەیەکی جیاوازی باشووری ئێران بیستراوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان، تەقینەوەکان هەریەکە لە شارەکانی بەندەر عەباس، شاری جەم لە پارێزگای بوشەهر، و هەردوو دوورگەی کیش و قشمیان گرتووەتەوە.

هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵانە لە میدیاکانی ئێرانەوە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) پشتڕاستی کردەوە، قۆناخێکی نوێی هێرشەکانیان بۆ سەر ناوخۆی ئێران دەستپێکردووە. بەرپرسێکی ئەمریکیش بە کەناڵی (CNN)ی راگەیاندووە، ئامانجی هێرشەکان ئەو بنکە سەربازییانە بووە کە سیستەمی چاودێری، درۆن و سەکۆی مووشەکییان تێدایە.

لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکی نوێدا دەربارەی ئەو هێرشانە رایگەیاند: "ئێمە ئەو توانایانەی ئێران دەکەینە ئامانجی هێرشەکانمان کە پەیوەندییان بە گەرووی هورمزەوە هەیە."

ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، هەرچەندە ئەو پێی وایە گەمارۆی ئابووری کاریگەرترە، بەڵام بژاردەی رێککەوتن هێشتا ماوە. ئەمە لەکاتێکدایەشەوی رابردوو ترەمپ هەڕەشەی توندی کردبوو، لە هێرشەکانی ئەمڕۆ و سبەینێدا، دامەزراوە ئەتۆمییە نوێیەکانی ئێران خاپوور دەکەن.