سوپای ئوردن چوار مووشەکی ئێرانی لە ئاسمانی وڵاتەکەی خستە خوارەوە
سوپای ئوردن رایگەیاند، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی وڵاتەکەی توانیویەتی چوار مووشەک لە ئێرانەوە ئاراستە کرابوون، لە نێو خاکی ئوردندا تێکبشکێنێت و بخاتە خوارەوە، بێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی یان ماددی لێ بکەوێتەوە.
فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئوردن لە بەیاننامەیەکدا، لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازیی بەرپرسەوە بڵاویکردەوە: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 14ـی تەممووزی 2026، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی رووبەڕووی چوار مووشەک بووەوە کە لە خاکی ئێرانەوە هاتبوونە نێو کایەی ئاسمانیی ئوردن و بە سەرکەوتوویی خستنیە خوارەوە."
سەرچاوەکە جەختی کردەوە، ئەو مووشەکانە هیچ زیانێکی مرۆیی یان دارایییان بەدواوە نەبووە.
سوپای ئوردن هەڵوێستی توندی خۆی لە بەرامبەر هێرشە مووشەکییەکانی ئێران راگەیاند و جەختی کردەوە، بۆ پاراستنی سەروەریی خاک و ئاسایشی هاووڵاتیانی، بە توندی رووبەڕووی هەر پێشێلکارییەک دەبنەوە.
لەکاتێکدا سوپای پاسدارانی ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات، ئامانجی هێرشەکانی بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکی بووە لە ناو خاکی ئوردن، حکوومەتی عەممان ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە و رایگەیاند: "هیچ بنکەیەکی سەربازیی بیانی لە ئوردن بوونی نییە." هەروەهاروونیان کردەوە، تەنیا ژمارەیەکی سنووردار لە هێزە نێودەوڵەتییەکان لە چوارچێوەی رێککەوتنی مەشق و راهێنان لە هەندێک بنکەی سوپای ئوردن جێگیرن.
لای خۆیەوە بەرپرسێکی سوپای ئوردن جەختی کردەوە، پرۆسەی بەرپەرچدانەوەی مووشەکەکان بە کارامەییەکی بەهێز ئەنجامدراوە. سوپا هۆشداری دا، هەر هەوڵێک بۆ دەستبردن بۆ سەروەریی نیشتمان یان بەزاندنی ئاسمانی وڵات، بەگوێرەی یاساکانی پێکدادان و بە توندترین شێوە وەڵام دەدرێتەوە و لە پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیدا هیچ کەمتەرخەمییەک ناکەن.
هەر ئەمڕۆ سێشەممە سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند؛ زنجیرەیەک هێرشی بە مووشەک و درۆن کردووەتە سەر چەند شوێنێکی دیاریکراو لە بەحرەین.
دوابەدوای ئەم هێرشانە لە مەنامەی زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدرا و حکوومەتی بەحرەین داوای لە هاووڵاتییانی کرد بچنە پەناگەکانەوە.
تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران لە زاری سوپای پاسدارانەوە بڵاویکردەوە، لەم هێرشانەدا چەند ئامانجێکی ستراتیژی پێکراون، لەوانە؛ کۆگاکانی پشتیوانی لۆجستی سەربازی، ناوەندێکی پەیوەندییە مانگی دەستکردەکانو هەروەها باڵەخانەی نیشتەجێبوونی هێزە ئەمریکییەکان لە بەحرەین.
ئەم هێرشانەی سوپای پاسداران دوای ئەوە دێن، درەنگانی شەوی رابردوو فەرماندەیی هێزەکانی ناوەندیی ئەمریکا "سێنتکۆم" رایگەیاند، بە فەرمانی راستەوخۆی فەرماندەی دۆناڵد ترەمپ، بۆ سێیەم شەوی لەسەریەک دەستیان بە ئەنجامدانی زنجیرەیەک هێرشی چڕ بۆ سەر ئامانجە سەربازییەکانی ئێران کردووە. ئەم هێرشانە وەک هەوڵێک بۆ پەکخستنی تواناکانی تاران و پاراستنی ئاسایشی دەریاوانی لە گەرووی هورمز وەسف دەکرێن.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی سێنتکۆم، ئامانجی سەرەکیی ئەم هێرشانە سەپاندنی تێچوویەکی قورسە بەسەر هێزە ئێرانییەکاندا و لاوازکردنی توانای ئەو وڵاتەیە بۆ ئەنجامدانی هەر جۆرە هێرشێک دژی کەشتییە بازرگانییەکان و هاووڵاتییانی مەدەنی.
سێنتکۆم جەخت دەکاتەوە، ئەم جووڵە سەربازییانە بۆ گەرەنتیی ئازادیی هاتوچۆی دەریاییە لە گەرووی ستراتیژیی هورمز، کە یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان بۆ گواستنەوەی وزە.