بەبێ گەڕانەوە بۆ کۆنگرێس ترەمپ ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی ئێران دەستپێکردەوە
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز ئاشکرای کردووە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بە شێوەیەکی فەرمی کۆنگرێسی وڵاتەکەی ئاگادار کردووەتەوە کە لە حەوتی تەممووزەوە کارە شەڕەنگێزییەکان دژی ئێران دەستیان پێکردووەتەوە.
ئەم هەنگاوەی ترەمپ وەک دەرفەتێکی یاسایی نوێ دەبینرێت کە رێگە بە ئیدارەکەی دەدات بۆ ماوەی 60 رۆژی دیکە بەبێ گەڕانەوە بۆ رەزامەندیی کۆنگرێس، هێزی سەربازی لە ناوچەکەدا بەکاربهێنێت. ترەمپ لە نامەکەیدا جەختی کردووەتەوە، ئەم فەرمانە سەربازییە لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتی ئەودایە بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی ئەمریکی و ئاسایشی نەتەوەیی و بەرژەوەندییەکانی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی.
بڕیارەکەی ترەمپ ئاماژە بەوە دەکات، ئێران یاداشتی لێکگەیشتنی مانگی حوزەیرانی پێشێل کردووە. بە وتەی سەرۆکی ئەمریکا، ئێران بە هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز بووەتە هۆی ئەوەی واشنتن دووبارە فەرمانی هێرشی نوێ بۆ سەر کۆماری ئیسلامی دەربکات.
لە لایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندووە، وڵاتەکەی گەمارۆ دەخاتە سەر بەندەرەکانی ئێران و هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی گەرووی هورمز بە کراوەیی بمێنێتەوە. ئەم دۆخە مشتومڕێکی یاسایی لە واشنتن دروست کردووە، چونکە بەگوێرەی دەستوور تەنیا کۆنگرێس مافی راگەیاندنی جەنگی هەیە، بەڵام سەرۆکەکانی ئەمریکا زۆرجار پەنا دەبەنە بەر یاسای دەسەڵاتە جەنگییەکان کە رێگەیان دەدات بۆ ماوەی 60 رۆژ بەبێ رەزامەندیی یاسادانەران ئۆپەراسیۆنی سەربازی کورتخایەن ئەنجام بدەن، بەو مەرجەی لە ماوەی 48 کاتژمێردا کۆنگرێس لە دەسپێکردنی شەڕەکە ئاگادار بکەنەوە.