سوپای پاسداران لە ئۆپەراسیۆنی نەسری2 هێرشی کردە سەر چەند ئامانجێک

لە راگەیەندراوێکی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران دا هاتووە؛ لە وەڵامی هێرش و هەنگاوەکانی سوپای ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە، ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەرفراوانی لە ژێر ناوی نەسری2 و لە چەند قۆناخێکی جیاوازدا جێبەجێ کردووە.

لە دەسپێکی ئەم ئۆپەراسیۆنەدا و لە گەرووی هورمز، هێزەکانی سوپای پاسداران دوو کەشتی نەوتهەڵگری گەورە کردە ئامانج و لە کاریان خستن، ئەوەش دوای ئەوەی ئەو تانکەرانە بە کوژاندنەوەی سیستەمی ناوبەری و بێ گوێدانە هۆشدارییەکان، هەوڵی تێپەڕبوونی نایاسایییان دابوو بەناو ناوچە مینڕێژکراوەکاندا. سوپای پاسداران لەمبارەیەوە رایگەیاند، هەر جۆرە هاوکارییەک لەگەڵ ئەمریکا تەنیا دەبێتە هۆی دروستبوونی قەیرانی وزە و پەشیمانی بۆ لایەنەکان.

لە قۆناخی دووەمی هێرشەکەدا و وەک وەڵامێک بۆ بۆردومانە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە کەناراوەکانی باشووری ئێران، سوپای پاسداران بە شەپۆلێکی مووشەک و درۆن بنکەی جوفێری لە وڵاتی بەحرەین کردە ئامانج. لەم هێرشەدا کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی، ناوەندیی پەیوەندییە مانگی دەستکردەکان و باڵەخانەی نیشتەجێبوونی هێزە ئەمریکییەکان لەو بنکەیەدا بە تەواوی خاپوور کران.

ئۆپەراسیۆنی نەسری 2 لە قۆناخی سێیەمدا ژێرخانی سەربازیی کەشتیگەلی پێنجەمی ئەمریکای کردە ئامانج، تێیدا راداری پاتریۆت، راداری کۆنتڕۆڵی ئاسمانی، سیستەمی بەرگریی C-RAM و ناوەندی کۆنتڕۆڵکردنی بەلەمە بێ سەرنشینەکان لە بەحرەین لەناو بران. هەروەها راگەیەندراوە؛ مووشەکەکانی سوپای پاسداران توانیویانە کۆگاکانی سووتەمەنی ئەو کەشتیگەلە بە ئامانج بگرن و ئاگرێکی گەورە لەو ناوەندە ستراتیژییەدا بکەنەوە.