لە نزیک کەناراوەکانی عومان هێرشی مووشەکی کرایە سەر کەشتییەکی نەوتهەڵگر

دەستەی ئۆپراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا (UKMTO) ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە کاتی تێپەڕبوونی بە نزیک کەناراوەکانی رۆژهەڵاتی عومان، رووبەڕووی هێرشی مووشەکی بووەتەوە.

دەستەکە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، راپۆرتێکیان پێگەیشتووە سەبارەت بە رووداوێک لە دووری 13 میلی دەریایی لە باشووری رۆژهەڵاتی شاری لیما لە سوڵتاننشینی عومان.

بەگوێرەی زانیارییەکانی دەستەکە، کەشتییە نەوتهەڵگرەکە رایگەیاندووە، لە کاتی تێپەڕبوونی بە رێڕەوی باشووردا هێرشێکی مووشەکی کراوەتە سەر. ئێستاش لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوەی ورد کردووە بۆ ئاشکراکردنی وردەکارییەکانی ڕووداوەکە و سەرچاوەی هێرشەکە.

هەر ئەمڕۆ لە راگەیەندراوێکی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران دا هاتووە؛ لە وەڵامی هێرش و هەنگاوەکانی سوپای ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە، ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەرفراوانی لە ژێر ناوی نەسری2 و لە چەند قۆناخێکی جیاوازدا جێبەجێ کردووە.

لە دەسپێکی ئەم ئۆپەراسیۆنەدا و لە گەرووی هورمز، هێزەکانی سوپای پاسداران دوو کەشتی نەوتهەڵگری گەورە کردە ئامانج و لە کاریان خستن، ئەوەش دوای ئەوەی ئەو تانکەرانە بە کوژاندنەوەی سیستەمی ناوبەری و بێ گوێدانە هۆشدارییەکان، هەوڵی تێپەڕبوونی نایاسایییان دابوو بەناو ناوچە مینڕێژکراوەکاندا. سوپای پاسداران لەمبارەیەوە رایگەیاند، هەر جۆرە هاوکارییەک لەگەڵ ئەمریکا تەنیا دەبێتە هۆی دروستبوونی قەیرانی وزە و پەشیمانی بۆ لایەنەکان.

لە قۆناخی دووەمی هێرشەکەدا و وەک وەڵامێک بۆ بۆردومانە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە کەناراوەکانی باشووری ئێران، سوپای پاسداران بە شەپۆلێکی مووشەک و درۆن بنکەی جوفێری لە وڵاتی بەحرەین کردە ئامانج. لەم هێرشەدا کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی، ناوەندیی پەیوەندییە مانگی دەستکردەکان و باڵەخانەی نیشتەجێبوونی هێزە ئەمریکییەکان لەو بنکەیەدا بە تەواوی خاپوور کران.

ئۆپەراسیۆنی نەسری 2 لە قۆناخی سێیەمدا ژێرخانی سەربازیی کەشتیگەلی پێنجەمی ئەمریکای کردە ئامانج، تێیدا راداری پاتریۆت، راداری کۆنتڕۆڵی ئاسمانی، سیستەمی بەرگریی C-RAM و ناوەندی کۆنتڕۆڵکردنی بەلەمە بێ سەرنشینەکان لە بەحرەین لەناو بران. هەروەها راگەیەندراوە؛ مووشەکەکانی سوپای پاسداران توانیویانە کۆگاکانی سووتەمەنی ئەو کەشتیگەلە بە ئامانج بگرن و ئاگرێکی گەورە لەو ناوەندە ستراتیژییەدا بکەنەوە.