هیندستان باڵیۆزی ئێران بانگهێشت دەکات

وەزارەتی دەرەوەی هیندستان بە فەرمی جێگری باڵیۆزی ئێرانی لە نیودەلهی بانگهێشت کرد، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بەو هێرشەی کرایە سەر دوو کەشتیی نەوتهەڵگری ئیماراتی لە گەرووی هورمز، بووە هۆی کوژران و برینداربوونی چەند هاووڵاتییەکی هیندی.

تەلەفزیۆنی "ئێن دی تی ڤی" (NDTV)ی هیندی بڵاویکردەوە، وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکە محەمەد جاوید حوسێنی جێگری باڵیۆزی ئێرانی بانگهێشت کردووە، بە مەبەستی گەیاندنی ناڕەزایەتییەکی توند سەبارەت بە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئەو کەشتییە نەوتهەڵگرانەی لە رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکاندا هاتوچۆ دەکەن.

بەگوێرەی زانیارییەکان، لە ئەنجامی هێرشەکەدا هاووڵاتییەکی هیندی گیانی لەدەستداوە و هەشت کەسی دیکەش بریندار بوون، کە شەشیان رەگەزنامەی هیندییان هەیە.

لای خۆیەوە وەزارەتی بەرگری ئیمارات لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، دوو کەشتیی نەوتهەڵگری نیشتمانی بە ناوەکانی مۆمباسا و ئەلباهییە، لەلایەن ئێرانەوە بە دوو مووشەکی کروز کراونەتە ئامانج.

بەگوێرەی بەیاننامەی وەزارەتی بەرگری، هێرشەکە لە کاتی تێپەڕبوونی کەشتییەکاندا بووە لە رێڕەوی باشووری گەرووی هورمز، دەکەوێتە ناو سنووری ئاوە هەرێمییەکانی سوڵتاننشینی عومان.

دەوڵەتی ئیمارات بە توندی ئیدانەی ئەم هێرشانەی کرد و بە کردەوەیەکی دوژمنکارانە وەسفی کرد. ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم هێرشە هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی دەریاوانی.

هەواڵەکە ئاماژە بەوەش دەکات، دەستبەجێ دوای راگەیاندنی هێرشەکە، رێکاری دیپلۆماسی گیراوەتە بەر و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی فەرمی بانگهێشت کراون.