سوپای ئێران: لە هێرشێکی ئەمریکادا 7 سەربازمان کوژران
سوپای ئێران،رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ناوچەکانی باشووری رۆژهەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران، حەوت ئەندامی سوپاکەیان کوژراون.
لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا، ئەمڕۆ چوارشەممە، 15ـی تەممووزی 2026، سوپای ئێران رایگەیاند: "بەیانی ئەمڕۆ، سوپای ئەمریکا بە 13 مووشەک هێرشی کردووەتە سەر سەربازگەیەک لە نزیک شاری ئێرانشەهرکە نزیکەی 1500 کیلۆمەتر لە تارانەوە دوورە."
هەر لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا، حەوت کارمەندی سەربازی سوپای ئێران گیانیان لەدەستداوە.
فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) کۆتاییهاتنی گەڕێکی نوێی هێرشەکانی بۆ سەر ئامانجە سەربازییەکانی ئێران راگەیاند، هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری دەداتە تاران و دەڵێت؛ ئەگەر نەیەنە سەر مێزی گفتوگۆ، هەفتەی داهاتوو وێستگەکانی کارەبا و پردەکانی ئەو وڵاتە خاپوور دەکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 15ی تەممووزی 2026، فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە بەیاننامەیەکدا لە پلاتفۆرمی "ئێکس" بڵاویکردەوە، گەڕێکی دیکەی هێرشەکان بۆ سەر ئێران جێبەجێ کران. سێنتکۆم ئاماژەی بەوە کردووە کە "دەیان ئامانجی سەربازی لە نزیک گەرووی هورمز و ناوچە کەناراوییەکانی ئێران کراونەتە ئامانج."
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، فڕۆکە جەنگییەکان، درۆن و کەشتییە جەنگییەکان، چەندین مووشەکی وردیان ئاراستەی پێگەکانی مووشەک و درۆنەکانی ئێران کردووە.
لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "فۆکس نیوز" رایگەیاند، ئەگەر تاران رێککەوتن واژۆ نەکات، هەفتەی داهاتوو مەودای هێرشەکان فراوانتر دەکەن. ترەمپ گوتی: "هەفتەی داهاتوو بۆ ئەوان زۆر خراپ دەبێت، چونکە وێستگەکانی کارەبا و پردەکان دەکرێنە ئامانج. هەموو وێستگەکانی کارەبا و پردەکانیان تێکدەدەین مەگەر بگەڕێنەوە بۆ سەر مێزی دانووستان."