فەوزی هەریری: دەرگای سەرۆکایەتی هەرێم بۆ هەر دەستپێشخەرییەک کراوەیە
سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، سەرۆکایەتی هەرێم وەک چەتری کۆکەرەوەی لایەنەکان، دەرگای بۆ هەر دەستپێشخەرییەک کراوەیە کە ئامانجی چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان لایەنەکان بێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 15ـی تەممووزی 2026، فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان،بە کوردستان24ـی راگەیاند؛ هەریەکە لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەنگاوی جدییان بۆ دەستپێشخەری و ئاشتەوایی ناوە. جەختیشی کردەوە، پێویستە لایەنە سیاسییەکان بە وردی و بە راشکاوی باسی رێگەچارەکان بکەن بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناخە.
سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە سستی لایەنەکان کرد لە هاتنە پێشەوە بۆ گفتوگۆ و گوتی: "نازانم لایەنەکان بۆ نایەنە پێش؟ پێویستە بابەت و ناکۆکییەکان لە نێوان لایەنە سیاسییەکان بە وردی گەنگەشە بکرێن."
فەوزی هەریری دووپاتی کردەوە، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بە وردی چاودێری دۆخەکە دەکات و هاوکارێکی سەرەکی دەبێت بۆ یەکلاکردنەوەی سەرجەم کێشە نێوخۆییەکان، بە مەبەستی پاراستنی سەقامگیری و یەکڕیزی لایەنەکان لە هەرێمی کوردستان.